سەرۆكى زانكۆى كۆيە پێشوازيكرد لە سەرۆكى دەزگاى ژيان بۆ مافەكانى مرۆڤ
News #02, Issue 18, June 2016 | Núcey #02, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 2، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016
بە مەبەستى ئەنجامدانى پرۆژەيەكى هاوبەش، سەرۆكى دەزگاى ژيان بۆ مافەكانى مرۆڤ سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد و لە لايەن بەڕێز سەرۆكى زانكۆوە پێشوازى لێكرا.
ڕۆژى يەك شەممە ٢٠١٦/٦/٦ بە ئامادەبوونى بەڕێزان پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، پ.ى.د.تەها جەلال ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى، پ.ى.د.ئازاد عەلى ئيسماعيل لە بەشى كلينيكەڵ سايكۆلۆژى و حازم عەلى بەڕێوەبەرى ڕاگەياندن، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ پێشوازيكرد لە بەڕێز سەڵاح ئەحمەد سەرۆكى دەزگاى ژيان بۆ مافەكانى مرۆڤ، كە بە مەبەستى ئەنجامدانى پرۆژەيەكى هاوبەش سەردانى زانكۆى كۆيەى كردووە.
ئامانجى سەردان
لە ديدارەكەدا بەڕێز سەلاح ڕەزا پێشينەيەكى لە كارەكانى ڕێكخراو تايبەت بە مافەكانى مرۆڤ و چارەسەرى قوربانيانى ئەشكەنجە بۆ ئامادەبووان باسكرد و وتى لە ئێستادا (١٠) سەنتەرى تايبەت بە چارەسەرى قوربانيانى ئەشكەنجەمان هەيە لە هەرێمى كوردستان كە خزمەتگوزاريەكانيان پێشكەش هاوڵاتيان دەكەن.
لە ميانەى قسەكانيدا بەڕێز سەرۆكى دەزگاى ژيان وتى " ٩٠% كارمەندەكانى دەزگاكەم لە چارەسەرى پزيشكى دەروونى، لە دەرچووانى بەشى كلينيكەڵ سايكۆلۆژى زانكۆى كۆيەن " لە وەسفيشياندا وتى " ئەو كارمەندانەمان لێهاتوو و كارامەن لە كارەكانياندا و شارەزاييان هەيە، وێڕاى حەزێكى زۆر بۆ كاركردن"
جگە لە بەڕێوەبردنى دەزگاى ژيان، بەرێز سەڵاح ئەحمەد سەرۆكى بنكەى قوربانيانى ئەشكەنجەيە لە بەرلينى وڵاتى ئەڵمانيا.
پاشان بەرێز سەرۆكى زانكۆ پەرۆشى زانكۆى كۆيەى پێشاندا بۆ بە ئەنجامگەياندنى پرۆژەيەكى هاوبەش لە نێوان دەزگاى ژيان و زانكۆى كۆيە، لە ڕوانگەى جێبەجێكردنى ئەركێكى مێژوويى بۆ پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى لە بوارى چارەسەرى قوربانيانى ئەشكەنجە.
لە ديدارەكەدا بە وردى جەختكرايەوە لە چۆنيەتى ئەنجامدانى پرۆژەكە و هەر يەك لە نوێنەرانى زانكۆى كۆيە و سەرۆكى دەزگاى ژيان لە پەيوەندى بەردەوامدا دەبن بۆ بە ئەنجامگەياندنى پرۆژەكە.
دەزگاى ژيان
دەزگاى ژیان بۆ مافەکانى مرۆڤ ئامانجى یارمەتیدانى ئەو کەسانەیە کە مافێک یان زیاتر لە مافێکیان پێشێلکراوە، هەروەها کار دەکات بۆ بەهێزکردنى بەها دیموکراسییەکان و بەرگریکردن لە ئازادییە بنەڕەتییەکانى تاک لە هەرێمى کوردستانى عێراق-دا.
دەزگاى ژیان هەوڵدەدات کۆمەڵگایەک بێتەکایەوە کە تیایدا شکۆى مرۆڤ پارێزراو بێت، منداڵان و پێگەیشتوان مافى ژیان و ئازادی خۆیان وەربگرن و بەئاسوودەیى بژین، هاوڵاتیانیش بەگشتى لە تیرۆر و تۆقاندن و ئەشکەنجە بەدوور بن.
بۆ زانيارى پتر دەربارەى دەزگاى ژيان، لێرە كليك بكە.
وێنەكان : كاردۆ محەمەد