خولێكى فێربوونى ديزاين كۆتايى هات

News #12, Issue 29, May 2017 | Núcey #12, Jhimarey 29, Mangí 5 Sallí 2017 | نوچەی 12، ژمارەى 29 مانگی 5 ساڵی 2017

بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستنى زانكۆمان خولێكى فێربوونى ديزاينى بۆ خوێندكارانى زانكۆ بەكۆتاهێنا.

رۆژانى ٢١ - ٢٥ى ئايارى ٢٠١٧ بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستنى زانكۆمان خولێكى فێربوونى ديزاينى فۆتۆشۆپى بۆ خوێندكارانى زانكۆمان كردەوە كە ٢٥ خوێندكار بەشداربوون تێيدا. خولەكە لە ژێر چاودێرى نووسينگەى بەڕێز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و بەسەرپەرشتى بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستن بەڕێوەچوو لە هۆڵى سميناراتى سكوڵى پەروەردەى وەرزش.

بيرۆكەى ئەم خولە!

بەڕێز ئەنجام وەفايى خوێندكارى قۆناغى چوارەمى بەشى پەروەردەى وەرزش، وەك ئەمەكداريەك بەرامبەر زانكۆ و بڵاوكردنەوەى شارەزاييەكانى ئەم خولەى كردەوە. ئەنجام دەڵێت " بیرۆکەی ئەم خوولە لەوەوە سەرچاوەی گرت ڕۆژانە کۆمەڵێک خەڵک پرسیاریان دەکرد سەبارەت بە پڕۆگرامەکە و چۆنیەتی فێربوونی بۆیە منیش بە گرینگم زانی خوولێک بکەمەوە تا بەشداربووان ئاشنای پڕۆگرامەکە بن و بتوانن کار و بیرۆکەکانیان لە رێگای ئەم پڕۆگرامەوە جێ بەجێ بکەن"

لەبارەى كاردانەوەى بەشداربووانى خولەكە، ئەنجام دەلێت " ئاستی بەشداربووان چەند ئاستێکی لە خۆگرتبوو بەشێکیان لە ئاستی سەرەتایی دابوون و شارەزایی پرۆگرامەکە نەبوون وە بەشێکی تریان شارەزایەکی کەمیان هەبوو دەربارەی پرۆگرامەکە و لە ئاستێکی پرۆفیشناڵ دا نەبوون بەڵام ئەوەی جێگای دڵ خۆشی بوو بەشداربووان وەڵام دانەوەی خێرایان هەبوو بۆ بابەت و زانیاریەکان کە لە خوولەکەدا پێشکەش کاران"

خولى لەم شێوەيە گرنگە

لەبارەى گرنگى خولى لەم شێوەيە، بەڕێز وەفايى دەلێت "خوولێکی لەم شێوەیە لە سێ رەهەندەوە گرینگە یەکەمیان : بەشداربووان دەتوانن لە پرۆسەی خوێندن سوود لەم پڕۆگرامە وەرگرن و کارەکانی خۆیانی پێ رایی بکەن، دووەمیان: لە لایەنی ئابووریەوە بەشداربووان دەتوانن لە چاپخانەکان کار بکەن و ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان، سێ یەمیان: بەشداربووان دەتوانن کارەکانیان لە رێگای سۆشیاڵ میدیاوە بڵاوە بکەنەوە خەڵکانێک سوودمەند بن لە بابەتەکانیان"

لەبارەى بابەتەكانى خولەكەوە مامۆستا ئەنجام ئاماژە بەوە دەدات كە لە خوولەکەدا کۆمەڵێک بابەت باسکران سەرەتا چۆنیەتی بەشەکانی پڕۆگرامەکە بە فێزخوازان ناسێندرا، پاشان باس کردنی کۆمەڵێک بابەت وەکو ( ئیدیت کردنی وێنە،لۆگۆ،كارتی بازرگانی، پۆستەر،فلێکس،بەرگی کتێب). كە بابەتى زيندوون و گرنگە ديزاينەرى فۆتۆشۆپ زانيارى لە بارەيانەوە هەبێـت.

سوپاس و پێزانين!

ئەنجام لە كۆتاييدا سوپاسى ئەو لايەنانەدەكات كە هاوكاريان كردەوە لە خولەكەيدا "- لە کۆتایی دا پێم خۆشە ئاماژە بەوە بکەم، سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە و سکوڵی پەروەردەی وەرزش بکەم کە کار ئاسانی تەواویان کرد بۆ کردنەوەی خوولەکە وە هەروەها هیوادارم لە داهاتوو دا کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش بێنەوە پێشەوە کار و پڕۆژەکانیان بخەنە روو بەمەبەستی ئەوەی کۆمەڵێک خەڵکی تر سوودمەندبن لە تواناکانیان"

ئەنجام و بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستن بانگهێشتى بەشداربووەكانيان كرد بۆ ئەوەى وێنەيەكى بەكۆمەڵ بگرن وەك يادگارى لەكاتى وەرگرتنەوەى بروانامەكانيان، بەڵام بەهۆى پابەندبوون بە تاقيكردنەوەكان ژمارەيەكى كەميان ئامادەبوون.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنە : كاردۆ محەمەد