فێستيڤاڵ

News #20, Issue 04, April 2015 | نوچەی 20، ژمارەی 4، مانگی 4 ساڵی 2015 | Núcey #20, Jhimarey 04, Mangí 4 Sallí 2015

فێستيڤاڵى هەموومان پێشمەرگەين و دژى تيرۆرستانين ئێوارەش بەردەوام بوو

دواى ئەوەى ڕۆژى ٢٦/ ٤ بەچاودێرى بەرێز ( پ. ى. د. وەلى مەحمود حەمەد) سەرۆكى زانكۆى كۆيە، لە ژێر ناونيشانى (هەموومان پێشمەرگەين و دژى تيرۆرستانين) بەشى پەروەردەى ئاينى و بەشى باخچەى ساوايان-ى فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان يەكەمين فێستيڤاڵى هاوبەشيان ئەنجامدا, ئێوارەش چالاكيەكە بەردەوام بوو كاژێر ٤ى ئێوارەش لە گۆرەپانى فاكەڵتى پەروەردە خوێندكارانى بەشەكانى پەروەردەى ئايينى و باخچەى ساوايان بە رێپێوان و بەدەم وتنەوەى سرودە نيشتمانيەكانەوە وەك پاڵپشتى بۆ هێزەكانى پێشمەرگە بە پێ تاوەكو ناو بازار رۆيشتن و لە پاركى شەهيدانى قورەبەرازە بە ئامادەبوونى بەرێزان سەرۆكى زانكۆ و ياريدەدەرانى سەرۆكى زانكۆ و ژمارەيەكى زۆرى هاونيشتمانى چالاكيەكەيان بەرێوەبرد, لە سەرەتادا لە لايەن بەرێز سەرۆكى زانكۆوە وتارێك پێشكەش كرا و پاشان لە لايەن بەرێز چاپوك سەيد عومەر قائمقامى كۆيە وتەيەك پێشكەش كراو لەلايەن خوێندكارانيشەوە چەند پارچە شعر و پەخشانێك پێشكەشكران, هەم ناوەرۆكى وتەكان و هەم شعر و پەخشانەكانيش نيشاندانى پاڵپشتى بوو بۆ هێزەكانى پێشمەرگە و يەكپارچەيى خاكى دوژمنان و ريسواكردنى دوژمنان و تيرۆرستان. بفەرموون بە خوێندنەوەى دەقى وتەكەى بەرێز سەرۆكى زانكۆ كە لە گردبوونەوەكەدا پێشكەشى كرد.

دەقى وتارى بەڕێز (پ. ى. د. وەلى مەحمود حەمەد) سەرۆكى زانكۆى كۆيە لە مەراسيمەكەدا

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست

مامۆستایان و خوێندکارانی هه‌ردوو به‌شی په‌روه‌رده‌ری ئایینی و باخچه‌ی ساوایانی فاکه‌لتی په‌روه‌رده‌ به‌ناوی خۆم و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانکۆی کۆیه‌وه‌ به‌خێر هاتنی گه‌رمتان لێ ده‌که‌م.

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ده‌ست خۆشیتان لێ بکه‌م بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م مه‌راسیمه‌ و ئه‌و هه‌سته‌تان و هه‌ر لێره‌وه‌ش ده‌مه‌وێ ده‌ست خۆشی له‌ ته‌و‌اوی چالاکییه‌کانی ئه‌مرۆ و چه‌ند رۆژی رابردووش له‌ هه‌ڤاله‌کانی ترتان بکه‌م له‌سه‌ر ئه‌و چالاکی و سیمینار و جموجۆلانه‌ی که‌ زانکۆکه‌تان ئه‌نجامیدا.

ناونیشانی چالاکی ئه‌مرۆتان که‌ (هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ین و دژى تيرۆرستانين) پر به‌ پێستی بارودۆخه‌که‌یه‌ و ئه‌م شوێنه‌ش پارکی شه‌هیدانی سه‌نگه‌ره‌ بۆیه‌ لامان شوێنێکی پیرۆزه‌ و مێژوو پێمان ده‌ڵێ هه‌موو میلله‌ته‌کانی دونیا کاتێک رووبه‌رووی کێشه‌ و گرفت و شه‌ر و په‌لاماردان بوونه‌ته‌وه‌ گرینگی و تۆکمه‌یی سه‌نگه‌ره‌کانی ناوخۆ هیچ که‌متر نه‌بووه‌ له‌ گرنگی سه‌نگه‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌مرۆ لێرەوە به‌ قاره‌مانانی ناو سه‌نگه‌ر و پارێزگاری کوردستان که‌ هه‌ر له‌ جه‌له‌ولاوه‌ تاوه‌کوو کۆبانێ ده‌ڵێین ده‌ست و مه‌چه‌کتان ده‌گوشین سه‌ربه‌رزین پێتان ئێمه‌ش قه‌له‌مه‌کانمان توندتر ده‌گرین و زانکۆکان ئاوه‌دان و هۆله‌کانی زانست له‌ رۆحی ئێوه‌ نزیکن. سه‌ری رێز بۆ گه‌وره‌یی ئه‌و دڵۆپه‌ خوێنانه‌ داده‌نوێنین که‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی رووبه‌روو بوونه‌وه‌ خاکیان دێراوه‌.

جه‌ماوه‌ری کۆیه‌ی خۆشه‌ویست و دلێر

ئه‌وه‌ خوێندکارانی به‌شی په‌روه‌رده‌ی ئایینی زانکۆکه‌تان هاتوون پیشانی بده‌ن و ئه‌و راستییه‌ دووپات بکه‌نه‌وه‌ نا بۆ توندوتیژی ئایینی به‌ڵێ بۆ ئاشتی و به‌یه‌که‌وه‌ ژیان. هاتوون ئه‌وان که‌ به‌ شێوه‌ی زانستی و په‌روه‌رده‌یی ئایین ده‌خوێنن پێتان بلێن که‌ داعش و هاوبیر و هاوشێوەكانيان دوورن له‌ به‌هاکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام. و تووندره‌وه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایین و دینن و به‌لکو مه‌رامی تریان هه‌یه‌ که‌ له‌ژێر په‌رده‌ی ئایینه‌وه‌ په‌لامارمان ده‌ده‌ن.

خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کۆیه‌ ئه‌مرۆ له‌م شاره‌ خۆراگره‌ دووپاتی ئه‌وه‌تان بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ میلله‌تی کورد هه‌رگیز په‌لاماری که‌سی نه‌داوه،‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌ خه‌لکی تره‌ که‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر ناوی جیا جیای داگیرکاری کوشت و بڕو توندوتیژانه‌ په‌لاماریان داوین.

هاتووین ئێستا بڵێین و دووپاتی بکه‌ینه‌وه‌ که‌ پاڵپشتی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان و پشتگیری له‌ یه‌کتر قبوول کردن ده‌که‌ین، داواکارین له‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت به‌شدارن به‌ڵێ بۆ ده‌ستورێک که‌ له‌گه‌ل ئه‌م قۆناغه‌ بگونجێت به‌ڵێ بۆ به‌یه‌ک گه‌یشتن و لێک تێگه‌یشتن له‌سه‌ر مافه ‌ڕه‌واو بابه‌ته‌ چاره‌نووسسازه‌کان به‌ڵێ بۆ وەلانانی ململانێ و نا بۆ ململانێی ناراست و پێسێلکاری دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ. ئه‌م مه‌راسیمه‌ و ئه‌م ئاماده‌بوونه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاوێته‌بوونی زانکۆکان و ده‌ره‌وه‌ی زانکۆیه‌ واته‌ کۆمه‌لگه‌ به‌ گشتی، بۆیه‌ به‌ دوژمنانی خاک و وڵات و کیانمان ده‌ڵێین خه‌یاڵتان خاوه‌و سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆ میلله‌ته‌که‌مانه‌و ڕووره‌شی و تێکشکانیش بۆ ئێوه‌یه.

به‌رقه‌راربێ یه‌کڕیزی میلله‌ته‌که‌مان

سه‌رکه‌وێ خه‌باتی دیموکراسی و

پێـشکه‌وێ زانـکۆی کۆیه

بژی پێشمه‌رگه‌

د. ولی محمود حمد

سه‌رۆکی زانکۆی کۆیه

٢٦/ ٤/ ٢٠١٥

(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى Press Room و زانينى هەواڵى زياترى زانكۆى كۆيە)