كۆبوونەوەيەك لە بارەى دڵنيايى جۆريەوە ئەنجامدرا
News #03, Issue 24, Dec 2016 | Núcey #03, Jhimarey 24, Mangí 12 Sallí 2016 | نوچەی 3، ژمارەى 24 مانگی 12 ساڵی 2016
بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى زانكۆمان، بەناونيشانى دڵنيايى جۆرى و زانستخوازى بەردەوام لە ساڵى خوێندنى ٢٠١٦ - ٢٠١٧ گرفت و بارودۆخ كۆبوونەوەيەكى رێكخست لەگەڵ بەرپرسانى دڵنيايى جۆرى.
رۆژى سێ شەممە ٢٠١٦/١٢/٢٠ كاتژمێر ١١ى پێش نيوەرۆ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ، بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى كۆبوونەوەيەكى ڕێكخست لەگەڵ هەريەك لە ڕاگر و ئەنجومەنى فەكەڵتيەكان بەرپرسى دڵنيايى جۆرى فەكەڵتيەكان، وێڕاى ئامادەبوونى هەريەك لە بەڕێزان پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و جێگرانى سەرۆكى زانكۆ.
لە دەستپێكدا بەرێز سەرۆكى زانكۆ لە وتەيەكى كورتدا ئاماژەى بە گرنگى دڵنيايى جۆرى كردەوە لە پێشخستنى زانكۆمان و هەنگاونان بۆ ئاستى جيهانى لەو بابەتەدا " لە دوايين كۆبوونەوەى ليژنەى ڕانكى نيشتمانى زانكۆكانى كوردستان، بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى داواكارى لە مامۆستايان هەيە كە پابەندى دڵنيايى جۆرى بن، ئەو داواكاريانە داواكارى گرنگن. خۆتان دەزانن زانكۆى كۆيە ئێستا بەشدارە لە ڕانكى جيهانى و ناوى لە پێشەوەيە لە زانكۆكانى كوردستان و عێراق" هەروەها وتى " لەم ساڵدا گۆرانكارى ڕوويداوە لە ڕانكى كوردستاندا و دڵنايى جۆرى تۆكمەتر كراوە بە مەبەستى گەيشتن بە ئاستى جيهانى، بۆيە پێويستە لەو چوارچێوەيەدا تواناكانمان بەكاربهێنين"
بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە وتى " دلنيايى جۆرى لە بەرژەوەندى خوێندنى باڵايە لە كوردستان بۆيە پێويستە هەمووان تێيدا هاوكاربين و يارمەتيدەر بين لە پێشخستن و گەشە سەندنى"
دواتر بەڕێز پ.د.سەڵاح ئيسماعيل يەحيا بەڕێوەبەرى دڵنيايى جۆرى زانكۆ سمينارێكى پێشكەش كرد بۆ ئامادەبووان دەربارەى كاركردنى دڵنيايى جۆرى لە زانكۆى كۆيە و لەو چوارچێوەيەدا تيشكى خستە سەر دوو پرسى گرنگ كە ڕووبەرووى زانكۆى كۆيە دەبنەوە لە ساڵى نوێى خوێندندا "يەكەم - ئەو پرسانەى كە پەيوەستن بە دڵنيايى جۆرى، دووەم - ئەو پرسانەى كە پەيوەستن بە پرۆگرامەكانى خوێندن"
لە سمينارەكەيدا بەڕێز د.سەڵاح بەوردى تيشكى خستە سەر كاركردنى دڵنيايى جۆرى لە زانكۆى كۆيە.
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
وێنەكان : كاردۆ محەمەد