پێشانگايەكى شێوەكارى بۆ خوێندكارێكى بەشى ماتماتيك كرايەوە
News #10, Issue 28, Apr 2017 | Núcey #10, Jhimarey 28, Mangí 4 Sallí 2017 | نوچەی10، ژمارەى 28 مانگی 4 ساڵی 2017
خاتوو ئاسوودە ئيبراهيم خوێندكارى بەشى ماتماتيك لە پێشانگايەكى شێوەكاريدا، كارەكانى نمايش كرد.
رۆژى چوارشەممە ٢٠١٧/٤/١٢ كاتژمێر ١٠ى بەيانى پێشانگاكە لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.تەها جەلال ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى كرايەوە. لە پێشانگاكەدا مامۆستايانى بەشەكە و هاوڕێيانى ئاسوودە ئامادەبوون.
ئاسوودە دەلێت " دیارە هەبوونی حەزو خولیای هونەری و ئامادەیی پاشخانێكی ئەدەبی و هونەری كە لە مناڵیەوە لەگەڵیدا هاتووم لەخانەوادەكەمەوە تێكەڵی بووم وایكردوە سەرەڕای ئەوەی كە من خوێندكاری بەشێكی زانستی وەك ماتماتیك بم نەتوانێت جوێم بكاتەوە لەو هونەرو پاشخانە ئەدەبی و هونەریە كەلەگەڵیدا هاتووم و گەورەبووم لەگەڵی، هەر ئەوەش بوو لەگەڵ خوێندنیشدا ئیمساڵ كاتە كەمە(خاڵیە-فەراغە) كانی خۆمم پاشكەوت دەكرد و سەرقاڵی درووستكردنی وێنە دەبووم. تادواجار بەشەكەی خۆم (بەشی ماتماتیك- فاكەڵتی زانستی و تەندروستی- زانكۆی كۆیە)رەزامەندی نواند وئەم پێشانگایەی بۆ كردمەوە، كەمن لێرەوە سوپاس و دەسخۆشی تەوام بۆیان هەیە"
لەبارەى پێشانگاكەش ئاسوودە دەلێت " دیارە وێنەكانی ئەو پێشانگایەش بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتبوون لە وێنەی ئەو كەسایەتیە سیاسی و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی و كەڵەنوسەرانەی شاری كۆیە، ئەمەش وەك وەفایەك بۆ ئەو خزمەتانەی ئەوكەسایەتیانە پێشكەش بەكوردەواریان كردوەو هەروەها دیاریەكی متەوازیعانەی منیش بۆئەو شارە ی سێ ساڵە من و هاورێیانمی لە ئامێز گرتوەوتیایدا درێژە بەخوێندن دەدەین. بەتێكرا وێنەكان لە (17) وێنەی كێشراو پێكهاتبوون و لە سەر كاغەزی (A3) خرابوونە ڕوو."
ئاسوودە لەبەرامبەر يارمەتيەكان سوپاس و پێزانينى هەيە " دەستخۆشیم بۆ هەموو ئەو كەس و هاورێیانە هەیە لە سەرۆكی بەشی زانكۆكەمانەوە تا هاورێ خوێندكارەكانم و لە هاندانێكی باوك و دایكمەوە تا ئەوانەش بە یەك دەست خۆشی و ئافەرینێك هاوكار بوون لەكردنەوەی ئەم پیشانگایەو سازدانی لەنێو فاكەڵتیەكەی خۆمدا، بۆ ئەوەی بەردەوام بم و حەزو خولیایی هونەریم گەشەبكات و نەپووكێتەوە."
وێنەكان : كاردۆ محەمەد
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ