(15) مامۆستایەکی زانکۆی کۆیە خەڵاتی ئاڵتونی لە شانۆدا بەدەستھێنا

د.کەیفی ئەحمەد مامۆستا لە بەشی زمانی کوردی فاکەڵتیی پەروەردەو ھاوڕێیانی لە گروپی شانۆ بۆ شانۆی شەقام – کۆیە بەشداری لە «چوارەمین خولی دیداری نێودەوڵەتیی شانۆی قەطار»ی کرد.

گروپەکە بە داوەتنامەیەکی فەرمی لەلایەن "وەزارەتی ڕۆشنبیریی وڵاتی تونس"ـەوە بەشداری لە «چوارەمین خولی دیداری نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی قەطار»ی کرد؛ شایانی باسە لە دیدارەکەدا حەوت وڵات بە «١٣» نمایشی شانۆییی شەقام بەشدار بوون.

گروپی شانۆ بۆ شانۆی شەقام- کۆیە بە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی كۆیە بەشدارییان کرد؛ گروپەکە بە "شانۆییی نامەکانی دەریا" لە بیرۆکە و دەرهێنانی "هونەر تاهیر"، نواندنی "د. کەیفی ئەحمەد و فەرەیدون حەمەدەمین" و بە یاوەری ژەنیار "ڕەوەز مەولوود" توانییان خەڵاتی یەکەمی ئاڵتونی وەک باشترین بەرهەم بەدەست بهێنن، کە خەڵاتی بەرزترین پلەی فیستیڤاڵەکە بوو.

بەناوی ڕاگەیاندنی زانکۆوە پیرۆزبایی لەو ھونەرمەندە ئازیزانە دەکەین، بە تایبەتی ھاوڕێ و ھاوکارمان د.کەیفی ئەحمەد، مامۆستا لە بەشی زمانی کوردی فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆمان.

ئا: بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی زانکۆ