سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ سكوڵى پزيشكى كۆبۆوە

News #15, Issue 18, June 2016 | Núcey #15, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 15، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016

بە مەبەستى گفتوگۆكردن لەبارەى پلانەكان و هەنگاوەكانى داهاتووى سكوڵى پزيشكى، سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ سكوڵەكە كۆبۆوە.

ڕۆژى چوار شەممە ٢٠١٦/٦/٢٩ كاتژمێر ١١ى پێش نيوەڕۆ بە ئامادەبوونى بەڕێز د.جەزا عەبدوڵا سەرۆكى سكوڵى پزيشكى، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەنى سكوڵەكە كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەى هەنگاوەكانى داهاتووى سكوڵەكە، وێڕاى گفتوگۆكردن دەربارەى كێشە و گرفت و پێويستييەكانى سكوڵى پزيشكى.

سکوڵی پزیشکی

دامەزراندنی سکوڵى پزیشکی لە زانكۆمان، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیجی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و خزمەتکردنی هاونیشتمانییان، بە ئافراندنی ژیانێکی تەندروست بۆیان و دەرفەت پێدانی زیاتر بەو خوێندکارانەی پۆلی دوازدەی بنەڕەتی، کە شیاوی و توانای خوێندنی پزیشکیان هەیە كرايەوە .

ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی سکوڵەکە، پێگەیاندنی پزیشکی بەتوانا، لە ڕووی زانیاری پزیشکی و شارەزایی پراکتیکی و تاکی پیشەگەر و خاوەن ڕەوشتی مرۆڤانەيە . هاوکات ئامانجی دروستکردنی تاکێکی ڕاهێنراوە، کە بەردەوام لە خەمی خۆ نوێکردنەوەی خۆی و زانستەکەیدا بێت و هەموو هەنگاوەکانی بە پێشکەوتنی زانستەکەی ببەستێتەوە، بە توێژینەوەی زانستی و ڕاستییە زانستییە بەدەستهاتووەکان، نەک لادان لە پرەنسیپەکانی زانستی پزیشکی، و ئەتەکێتی پیشەیی.

وەک شانازیەکیش، بۆ دەڤەرەکە، لەسەر ئاستی قەزاکانی کوردستان شاری کۆیە، بوو بە یەکەم قەزا، کە بەشی پزیشکی تیادا بکرێتەوە.

ماوەی خوێندن، لەم سکولەدا شەش ساڵە و دوو ساڵی یەکەم قورسایی دەخرێتە سەر زانستە پزیشکییە بنەڕەتییەکان و ساڵەکانی دواتر لەگەڵ بەردەوامی وانە تیۆرییەکان، گرنگی زیاتر بە وانە پراکتیکییەکان دەدرێت، بە سود وەرگرتن لە نەخۆشخانەی فێرکاری کۆیە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی دەوروبەری.

ئەو هۆکارەی کە تایبەتمەندێتی نمونەیی بە سکوڵی پزیشکی زانکۆی کۆیە بەخشیوە، خۆی دەبینێتەوە لەو فەلسەفە ڕوونەی کە لە زانستی بنچینەیی و ئەزموونی ڕەوشتیدا بەرجەستەکراوە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵێك پسپۆڕ و پزیشک، کە ڕووبه‌ڕووی كارێكی سه‌خت ده‌بنه‌وه‌ له به‌كارهێنانی‌ توانا كه‌سییه‌كانیاندا،له‌ چارەسەرکردنی کەسانی نەخۆش، دابینكردنی خزمه‌تگوزاری لەبواری چاودێری تەندروستی بۆ كۆمه‌ڵگا و پشتگیری كردن و یارمه‌تیدانی كه‌سانی په‌راوێزكراو و بێ ده‌سه‌ڵات.

لە ئێستادا سكوڵى پزيشكى قۆناغى يەك و دووى هەيە و لەمساڵيشدا پۆلێكى تر لە خوێندكاران وەردەگرێت. بۆ زانيارى زياتر لێرە كليك بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : حاجى دلشاد