ڕۆژى زانكۆى كۆمار

News #07, Issue 03, March 2015 | نوچەی 07، ژمارەی 3، مانگی 3 ساڵی 2015 | Núcey #07, Jhimarey 03, Mangí 3 Sallí 2015

سەرۆكى زانكۆى كۆيە

بەنوێنەرايەتى وەزيرى خوێندنى باڵا بەشدارى ڕۆژى زانكۆى كۆمارى كرد

بەمەبەستى بەشداريكردنى لە دووەمين ساڵڕۆژى دامەزراندنى زانكۆى کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە شارى سلێمانى ڕۆژى شەممە ٢٨/ ٣/ ٢٠١٥ بەرێز (د. وەلى مەحمود حەمەد) سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە نوێنەرايەتى وەزارى خوێندى باڵا و توێژينەوەى زانستى و بە ئامادەبوونى ژمارەيەكى زۆر لە نوێنەرى دەزگا حكومى و حزبى و مامۆستايان و خوێندكاران بەشدارى مەراسيمەكەى كرد و وتەيەكى پێشكەش كرد.

لە سەرەتاى وتەكەيدا وتى: خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بە نوێنەرایەتی برای خۆشەویستم کاک د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. کە ئەو خۆی لەبەرهەندێ ئیش و کاری ترو ئیلتزامی تر ئەم ئەرکەی بە ئێمە سپارد.

سەبارەت بە شارى سلێمانى و زانكۆى كۆماريش ئاماژەى بۆ ئەوە كرد کە شاری سلێمانی خۆی یەکەم شارە و پێشەنگی باقی شارەکانی ترە لە کردنەوە و دامەزراندنی زانکۆدا. بەڕاستی دامەزرێنەران و خاوەن بیرۆکەی کردنەوەی ئەم زانکۆیە شوێنێکی گونجاو و شیاو و پڕبەپێستیان هەڵبژاردووە بۆ کردنەوەی زانکۆکەیان، چونکە سلێمانی شارێکی زیندووە شارێکی زانست خوازە و پڕاو پڕە لە جموجۆڵی ڕۆشەنبیری و نوێخوازی واتە شوێنی ئەم زانکۆیەش لێرە دەبێتەوە لە پایتەختی ڕۆشەنبیری.

دەقى وتەكەى بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێز جەنابی سەرۆکی پەرلەمان

بەڕێز پارێزگاری سلێمانی

بەڕێزان دامەزرێنەران و سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی خۆشەویست .

میوانان و ئامادەبوانی مەراسیم.

خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بە نوێنەرایەتی برای خۆشەویستم کاک د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. کە ئەو خۆی لەبەرهەندێ ئیش و کاری ترو ئیلتزامی تر ئەم ئەرکەی بە ئێمە سپارد.

وەک هەموو لایەک دەزانین کەوا ٢ ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لەم شارە خۆشەویستەدا دانرا وا ئەمڕۆ مەراسیمی دووەم ساڵەی ڕۆژی زانکۆ بەیەکەوە دەگێڕین.

لێرەدا دەمەوێ ئەمە بڵێم کە شاری سلێمانی خۆی یەکەم شارە و پێشەنگی باقی شارەکانی ترە لە کردنەوە و دامەزراندنی زانکۆدا. بەڕاستی دامەزرێنەران و خاوەن بیرۆکەی کردنەوەی ئەم زانکۆیە شوێنێکی گونجاو و شیاو و پڕبەپێستیان هەڵبژاردووە بۆ کردنەوەی زانکۆکەیان، چونکە سلێمانی شارێکی زیندووە شارێکی زانست خوازە و پڕاو پڕە لە جموجۆڵی ڕۆشەنبیری و نوێخوازی واتە شوێنی ئەم زانکۆیەش لێرە دەبێتەوە لە پایتەختی ڕۆشەنبیری.

ڕاستە ئەم زانکۆیە زانکۆیەکی ئەهلی و تایبەتە و دامەزرێنەرانی مافی قازانج کردن و دەستکەوتیان هەیە. بەڵام لە ڕویەکی ترەوە وەک دەزگایەکی گرنگ و بەرهەمهێنی زانست و مەعریفە سەیردەکرێت و دەبێت واش بێت.

لە ئێستادا لە کوردستان چەندین زانکۆی حکومی هەیە ئەوەندەش (یان تۆزێک کەمتر زانکۆی ئەهلی و تایبەت هەیە). لەوانەیە ئەم پرسیارە بکرێت ئایا هەموویان پێویستن یاخود چی بکرێت بۆئەوەی کێ برکێی نێوان زانکۆکان ڕاست و دروست بێت و بنەمایەکی زانستی هەبێت. بۆیە داواکارین بۆ لەمەودوا زانکۆ تایبەتەکان و زانکۆ حکومیەکانیش دەبێ گەشە و بەرنامەیان لەسەر ئەم بنەمایانە دابڕێژن (زنکۆکان کاریان تەنها بەخشینی بڕوانامە و گۆڕینی باری دەروونی خەڵک نەبێت با ئاسوودەبوون بە هەبوونی بڕوانامەیەکی بەرز و بێ ناوەرۆک و توانست و پێویستی)، بەڵکو زانکۆکان دەبێ لەمەودوا کارو بەرنامەیان بەو ئاراستەیە بێت چۆن تاکی زیندوو و خاوەن مەعریفە و توانستی زانستی گونجاو لەگەڵ پێداویستیەکانی سەردەم بەرهەم بهێنن. پێمان باشە لەمەودوا گرنگی زیاتر بدرێت بە (چۆنایەتی) نەک تەنها (چەندایەتی) و دەبێ زانکۆکان لەمەودوا کاریان گۆڕانکاری گەورەبێت لە کۆمەڵگا نەوەک دەرەوەی زانکۆ و دیاردە ناڕاست و نامۆکان کاریگەریان هەبێ لەسەر زانکۆکان. بەرنامەیەکی نیشتمانی لە وەزارەتەوە دەستپێکراوە ئەویش بە دانانی ڕێزبەندی و Rank بۆ زانکۆکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ زانکۆ تایبەتیەکانیش ئەم پڕۆسەیە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و بەردەوامیش دەبێت. هیوادارم زانکۆی کۆمار شوێنی بەرزو شیاو لەم ڕێزبەندیە وەربگرێت. هیوای سەرکەوتن و گەشەی زیاترتان بۆ دەخوازم و هەر بەڕاستی کارێکی پیرۆز دەکەن ئەگەر بەوئاراستەیە کاربکەن (لەچەند بوارێکی تایبەت و پێویستی سەردەم لە زانست و تەکنەلۆجیا بەشەکان و کۆلێجەکانتان بکەنەوە بە دروستی دەرچوانتان بە بازاڕی کارەوە ببەستنەوە).

دڵنیاش بن لەچەند ساڵی داهاتوو دەرچوانی زانکۆکانی کوردستان ئەگەر بەتوانا و لێهاتوو نەبن لە دۆزینەوەی کار و کێبرکێی بەدەست هێنانی کار و خزمەت کردن ئەوە بە سلبی دەگەڕێتەوە سەر ئاستی توانستی زانکۆکان تایبەتەکان و حکومیەکان بەگشتی. بەڵام لەسەر زانکۆ تایبەتەکان کاریگەرتر دەبێت.

لە کۆتاییدا هیوای ئایندەیەکی گەش دەخوازم بۆ کوردستان و بۆ زانکۆکەتان.

زۆر سوپاس

پ.ی.د.وەلی مەحمود حەمەد

سەرۆکی زانکۆی کۆیە

بە نوێنەرایەتی وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی

٢٨/٣/٢٠١٥

(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى Press Room و زانينى هەواڵى زياترى زانكۆى كۆيە)