چالاكى بۆ پشتيوانى پێشمەرگە

News #02, Issue 02, February 2015 | نوچەی 02، ژمارەی 2، مانگی 2 ساڵی 2015 | Núcey #02, Jhimarey 02, Mangí 2 Sallí 2015

بە مەبەستى پشتيوانيكردن لە هێزى پێشمەرگەى كوردستان لە زانكۆى كۆيە مەراسيمێك ئەنجامدرا

رۆژى چوارشەممە ٣/٢/٢٠١٥ كاتژمێر ١١ پێشنيوەرۆ لە گۆڕەپانى فاكەڵتى زانست و تەندروستى و بە ئامادەبوونى بەرێزان دكتۆر وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە و دكتۆر ديلان مەجيد رۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و دكتۆر رۆستەم سەلام عەزيز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێرى و دارايى و راگرى فاكەڵتيەكانى زانكۆى كۆيە و فەرمانبەر و مامۆستا و خوێندکارانى زانكۆ, مەراسيمى پشتگيرى لە هێزى پێشمەرگەى كوردستان بەرێوەچوو.

لە سەرەتادا نوێنەرى خوێندکاران لە وتەیەکدا وتى: کۆبونەوەمان لێرە بۆ ڕێزگرتنە لە خەباتى پێشمەرگە و پێشاندانى هاوسۆزیە بۆ کەس و کارى شەهیدان و قوربانیانى دەستى تیرۆرستان، دەبێت هاوسەنگەر و پشتیوانى پێشمەرگە بین بە چەکى زانست و پاراستنى وڵاتەکەمان بە پێشمەرگەى زانست داواکارم لە هەموولایەک بۆ یارمەتیدانى کەسوکارى شەهیدان و پێشمەرگەو قوربانیانى دەستى تیرۆر هەرچییەک پێتان دەکرێ بیکەن بۆیان.

دواتر (د. شوان كەمال) ڕاگرى فاكەڵتى زانست و تەندروستى لە وتەيەكدا وتى" وەک وەفایەک بۆ پێشمەرگەکانى کوردستان و کەسوکاریان ئەم مەراسيمەمان رێكخستووە, دەمانەوێت بڵێين خوێنى شەهیدان هەرگیز بەفیڕۆ ناڕوات و سەرکەوتن پیرۆز بێت لە هەموو پێشمەرگەیەک و قوربانیانى دەستى تیرۆر کە بەخوێنى ئەوان ئارامى و ئاسایش بۆ وڵاتەکەمان ڕەخساوە و ئەوان لەسەنگەرەکان شەڕ و بەرگریان کرد لە کوردستان و ئێمەش لە سەنگەرەکانى زانست و زانیارى پێکەوە وەک تیمێک کار بۆ سربەرزى و سەربەستى کوردستان دەکەین".

دواتر بەرێز دكتۆر وەلى مەحمود سەرۆكى زانكۆ وتى " بەدرێژایى مێژوو میللەتێکى زوڵملێکراوین و هەموو جۆرە تاوانێکى مرۆڤایەتى دەرهەق بە ئێمە کراوە هەر لە کوشتن و بڕین و کۆمەڵکوژىو ئەنفال و کیمیاباران, وەکو زانکۆى کۆیە سەرى ڕێز بۆ شەهیدان و خوێنى پیرۆزى ئەوان دادەنەوێنین و بەڵێنیان پێدەدەین کە ئێمەو نەوەى نوێ کە لە زانکۆکەمان دەخوێنن بە چەمکى زانست, کوردستان بگەیەنينە خاڵى سەرکەوتن"

هەروەها وتى "ئەرکى ئێمە ئەرکێکى قورس و گرانە چونکە خوێنى ئەوان دەرفەتى مانەوەى بە ئێمە داوە هەرلەبەر ئەوەشە کە دەبێت زۆر زیاتر لە جاران کار بکەین و هەوڵ بدەین خوێنى وان بەفیڕۆ نەڕوات"

پاشان د. دیلان مەجيد رۆستەم وتى: ئەمڕۆ لەم شارەوە سەرى ڕێز بۆ شەهیدانى کوردستان دادەنەوێنین کە بەخوێنى خۆیان ئاسایش و هێمنییان بۆ ئێمە ڕەخساندوە و دەبێت دەبێت ئێمەش شایەتى ئەو ئازادى و ژیانە بین و کار بکەین بۆ شاد کردنى روحى ئەوان."

پاشان دكتۆر د. هێمن عەزيز لێپرسراوى كۆميتەى زانكۆ و پەيمانگاكانى يەكێتى نيشتمانى كوردستان وتى" سەربەرزى بۆ شەهیدانى ڕێگاى ڕزگارى کوردستان، بە کەسوکارى شەهیدان دەڵێین ئێوە کەس و کارى ئێمەن و کوڕەکانتان کە خوێنى بە کوردستان بەخشیوە کوڕى نیشتمانەو هەموومان سەرمان پێيان بەرزە"

وە ئاماژەى بە يەكگرتويى ناوخۆيى كرد و وتى: وەدەبێت سەنگەرەکانى ناوخۆمان بەهێز بکەین و هەموولایەک دژى ئەو دوژمنە ناوخۆییانە بوەستینەوە کە ڕێگرن لە گەیشتنى کوردستان بە ئامانجە پیرۆزەکان."

لە كۆتاييشدا چەند چالاکییەکى جۆرا و جۆر پێشکەش کران کە ناوەڕۆکەکانیان پیشاندانى هاوسۆزى و پشتگيريكردن بوو بۆ هێزەكانى پێشمەرگە.

(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى Press Room و زانينى هەواڵى زياترى زانكۆى كۆيە)