دەرچوێكى زانكۆى كۆيە پەرتوكێك بڵاو دەكاتەوە

News #06, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #06, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ٦، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015

نەوشيروان داود عەلى پەرتوكێكى گەشەپێدانى مرۆيى بڵاو دەكاتەوە، نەوشيروان توانى پلەى يەكەم لە ڕيزبەندى دەرچووانى بەشى جوگرافيا لە دەيەمين خولى دەرچووانى زانكۆمان بۆخۆى مسۆگەر بكات، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ نوچەنامەى زانكۆ بەسەرهاتى سەركەوتنى دەگێڕێتەوە.

چيرۆكى سەركەوتن

سەبارەت بە سەرگوزشتەى چاپكردنى كتێبەكەى بە ناونيشانى (لە پێناو ئامانجەكەتدا) ، نەوشيروان دەڵێت " بەدڵنیاییەوە هەموو کردارێکی خۆویستانەی مرۆڤ سەرگوزەشتە و چیرۆکیکی لە پشتەوەیە،لە مێژبوو حەزی نوسینم هەبوو لەبواری گەشە پێدانی مرۆیيدا بەتایبەت دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کتێبم لەو بوارەدا خوێندبووەوە، بەڵام بەردەوام چاوەڕێی کاتی گونجاوم دەکرد، لە قۆناغی سێیەمی زانکۆبووم لەبابەتی (ڕێنمایی پەروەردە) سیمینارێکم ئامادەکرد لەسەر(ئامانج) کە چەندین سەرچاوەم بەکار هێنابوو،بە مامۆستای بابەتەکەم ووت کە شتێکی وام کردوە و کاتم پێ بدە لەیەکێ لە وانەکانتدا، بەڵام بەڕێزیان هیچ کاتیان پێ نەدام و بەدەم ڕۆشتنەوە ووتی "جا ئەوە چ پەیوەندی بەبابەتی ئێمەوەیە" ئەو وەڵامە زۆر ئازاری دام و دڵگران بووم پێی، بۆیە بڕیارمدا بۆ مامۆستای بسەلمینم ئەو بابەتە پەیوەندی بەهەموو ژیانمانەوە هەیە نەک تەنها وانەیەك، هەر ئەو ڕۆژە دوای گەڕانەوەم بۆبەشی ناوخۆیی بەخۆمم ووت" ئێستا بۆدەست پێکردن زوو نیە، بەڵام ڕەنگە کاتێکی تر درەنگ بێت" ئەمە بۆمن بووە خاڵێكى گرنگى وەرچەرخان و هانيدام بۆ ئامادەكردنى كتێبێك لەسەر ئامانج.

داخۆ ئامانجەكان گرنگن؟

سەبارەت بە گرنگى ئامانجەكانى ژيان ، نەوشيروان دەڵێت" بەدڵنیاییەوە ئامانجەکان هێندە گرنگن کە جەختیان لێ بکەینەوە چونکە ژیانی مرۆڤ و کەسایەتیان پەیوەستە بە ئامانجەکەیانەوە، زۆرکەس گلەیی لە ژیانی خۆیان دەکەن و گلەیی لەبەختی خۆیان دەکەن، بەڵام کاتێك لە نزیکەوە ئەو کەسە دەناسین و هەڵسەنگاندنی بۆدەکەین دەبینین هیچ ئامانجێکی نیە بۆیە ژیانی بەم جۆرەیە، زانایەک دەڵێت"پێم بڵێ ئامانجت چیە، تا پێت بڵێم خاوەنی چ جۆرە کەسایەتیەکیت" کەواتە ئامانج کەسایەتی مرۆڤەکان دیاری دەکات و ئامانجی گەورە مرۆڤی گەورە دروست دەکات بۆیە جەختکردنەوە لەسەری ئامانج زۆر گرنگە." لێرەدا نەوشيروان باسى ژيانى خۆى و ئامانجەكانى و بەدەست هێنانيان دەكات" لە ژیانی خۆمدا سوپاس بۆخودا توانیومە زۆربەی ئامانجەکانم بەدەست بهینم، دەفتەرێکی بچوکم هەیە کە لەشەوی سەری ساڵی هەموو ساڵێکدا ئامانجەکانمی تێدا دەنوسم، ئامانجی(کورت،مامناوەند،درێژ)ی تێدا دەنوسم،دوای ئەوەی ساڵێك تێپەڕی سەیرم کرد سوپاس بۆ خودا بەهەموو ئامانجە(ماوە کورت و مام ناوەندیەکانم) گەیشتبووم، ئامانجە(درێژخایەنەکانیش )پێویستی بە كاتى زياترە بەیارمەتی خودای گەورە لە ئایندەدا بەوانیش دەگەم"

نەوشيروان لەبەر ئەوەى بە پلەى يەكەم لە ئاستى بەشەكەى خۆى خوێندنى تەواوكردووە و سەركەوتوو بووە، ئەمە زياتر هانى داوە بۆ بەردەوام بوون و دەڵێت" دەرچونم بە پلەی یەکەم یەکێك بوو لە ئامانجەکانم کە دەرگای دەکردەوە بەڕووی ئامانجەکانی ترمدا وە متمانەی زیاتری پێبەخشیم تا زیاتر جەخت بکەمەوە لەسەر ئامانجەکانی ترم، وە بەزمانی ڕۆح پێی ووتم : شتێک نیە بەناوی مەحاڵەوە کەوایە بەردەوام بە" لە پێناوى سەركەوتنى هاوڕێكانيدا، نەوشيروان ڕێنمايى هەيە بۆيان و پێيان دەڵێت" با پلان و ئامانجێکتان هەبێت لەهەموو هەنگاوێکی ژیانتان تا هەست بە چێژی ژیان بکەن و خۆشى سەركەوتن تام بكەن و بەدەست هێنانى ئامانجەكان ببينن، ژيان بريتى يە لە هەوڵ و تێكۆشان بۆ بە دەست هێنانى ئامانجەكان بە هەوڵ و بەردەوامى و هيوا و ئيرادەيەكى بەهێز، سەركەوتن لە ئاسمان نييە و دەتوانين دەستتان پێى بگات، هيوام سەركەوتن و بەختەوەريتانە"

ناوەڕۆكى كتێبەكە

سەبارەت بە پێكهاتە و ناوەڕۆكى كتێبەكەى، نەوشيروان داود عەلى دەڵێت" ناوەڕۆکی کتێبەکەم بەشێوەیەکی وورد باس لە (ئامانج،پاڵنەرەکانی ئامانج،جۆرەکانی ئامانج،پێویستیەکانی ئامانج،هۆکارەکانی گەیشتن بە ئامانج،پایەکانی ئامانج،هۆکارەکانی نەگەیشتن بە ئامانجەکان) دەكات، ئەمە جگە لەوەی باسی ژیانی هەندێ لەگەورە پیاوانی مێژوومان کردوە لە کورتەیەکدا و ژمارەیەکی زۆر چیرۆکی جۆر بەجۆرمان تێدا نوسیوە کە وا لە خوێنەر بکات متمانەی زیاتری بەخۆی بێت؛ هەروەها ووتەی هەندێک لە زانایانمان تێدا نوسیوە کە لە چەند سەرچاوەیەکی جۆراو جۆرەوە وەرمان گرتووە، بە گشتى كتێبەكە جەخت دەكاتەوە لە توانايى كەسەكان بۆ بەدەست هێنانى ئامانجەكانيان و ئامرازە بەردەستەكان بۆ بەدى هێنانى خەونەكانيان، ئێمە ڕوونمان كردۆتەوە كە چەندە پاڵنەرەكانى سەركەوتن بەهێز بن، هێندە ڕێگەكان نزيكتر دەبنەوە و گەيشتنە ئامانج ئاسانتر دەبێت، هەروەها وتومانە مرۆڤە گەورەكان بە ئامانجەكانيان دەناسرێنەوە بۆيە مادام يەكجار دەرفەتى ژيانتان هەيە ، با ئـامانجى گەورەتان هەبێت و لەو پێناوەدا ژيانتان بكەنە قوربانى، جێيەك لە مێژوودا بۆخۆتان ديارى بكەن و بەردێك لە بيناى رۆشنبيرى و پێشكەوتن و شارستانيەتى كۆمەڵگەدا دابنێن"

هەروەها دەڵێت پەيامێكى نەنوسراوم هەيە لە چاپكردنى كتێبەكەم" پەيامەكەشم ئەوەيە متمانە ببەخشمە خوێنەران و تاکی کورد ڕۆشنبیر بێت و بزانێت چی دەوێت و چۆن هەوڵی بۆبدات، چونکە ئامانجی بێ پلان و هەوڵدان لە خەونێکی ئەرخەوانی زیاتر هیچی تر نیە" هەر بۆيە نەوشيروان دەڵێت" خەونی من ئەوەیە لە ئایندەدا ببمە نوسەرێکی ناسراوی گەلەکەمان و جیهانیش، چونکە نامەوێ بێدەنگ بمرم، بۆئەم مەبەستەش هەمیشە لەخۆم دەپرسم دەتەوێ دوای مردنت ڕۆژنامەکان چیت لەسەر بنوسن و چۆن باست بکەن؟!"

ئێستا كتێبەكەى نەوشيروان بە ناونيشانى (لە پێناو ئامانجەكەتدا) بە قەبارەيەكى مامناوەندى و لە ١٣٦لاپەرەدا لە كتێبخانەكان دەست دەكەوێت.

زانيارى تايبەت:

ناو:نەوشیروان داود علی

پسپۆڕی: بەکالۆریۆس لە زانستی جوگرافیا

تەمەن: ٢٣ ساڵ

بەشى جوگرافيا بەشێكى گرنگى فەكەڵتى پەروەردەيە پسپۆرى تايبەت بە زانستى جوگرافيا بەرهەم دەهێنێت بۆ كەرتى پەروەردە لە هەرێمى كوردستان، ژمارەى وانەبێژانى ٢٣ وانەبێژە، هەروەها ژمارەى خوێندكارانى ٢٠٣ خوێندكارە، بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

دەربارەى فەكەڵتى پەروەردە:

فا‌که‌ڵتی په‌روه‌رده‌ له‌ زانکۆی کۆیه‌ ناوه‌ندێکی نایابه‌ بۆ خوێندنی پێشکه‌وتوو له‌بواری په‌روه‌رده‌دا. له‌ساڵی 2003 دا به‌ناوی کۆلێژی په‌روه‌رده‌ کرایه‌وه‌ و دواتر کرا به‌فاکه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ که‌ له‌ 7 به‌ش پێکدێت: به‌شه‌کانی (زمانی عه‌ره‌بی، زمانی کوردی، مێژوو، جوگرافیا، خوێندنی ئایینی، باخچه‌ی ساوایان و په‌روه‌رده‌ی وه‌رزش)ئه‌م فه‌که‌ڵتیه‌ ئامانجی دابینکردنی خوێندنێکی ئاست به‌رز و نمونه‌ییه‌ بۆ ئاماده‌کردنی ده‌رچوانی تاکو ببن به‌ پێشه‌نگ و داهێنه‌ر له‌ بواره‌کانی په‌روه‌رده‌دا. بۆ زانيارى زياتر دەربارەى ئەم فەكەڵتيە كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ