سمينارى بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان پێشكەشكرا

News #13, Issue 14, Jan 2016 | Núcey #13, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١٣، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016

بەڕێز دكتۆر ئومێد ڕادوەيسى پسپۆرى بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان لە زانكۆى سنە بۆ ستافى ئەكاديمى زانكۆى كۆيە سمينارێكى پێشكەشكرد دەربارەى بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان بە ئامادەبوونى بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و جێگرەكانى و ڕاگرى فەكەڵتيەكان و مامۆستايان و فەرمانبەرانى زانكۆمان.

رۆژى چوارشەممە ١٧ / ٢ / ٢٠١٦ كاتژمێر ٩ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە، بەرێز دكتۆر ئومێد ڕادوەيسى پسپۆرى شارەزا لە بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان لە زانكۆى سنەى رۆژهەڵاتى كوردستان سمينارێكى پێشكەش سەركردەكان و مامۆستايانى زانكۆى كۆيە كرد.

باسى چى بوو؟!

بەڕێز ڕادوەيسى بە پرسيارێك سمينارەكەى دەست پێكرد و وتى " دەبێت چى بكەين تاوەكو مرۆڤى دروست، دروست بكەين؟" بەشێكى سەرەكى سمينارەكەى تەرخان كرد بۆ وەڵامدانەوەى ئەمر پرسيارە، بە تيشك خستنە سەر جياوازيەكانى بەكارهێنانى سەرچاوە مرۆييەكان لە كۆمەڵگە جياوازەكاندا، لە نێوان ئەو كۆمەڵگايانەى بەشێوەيەكى تەندروستانە سەرچاوە مرۆييەكانيان بەڕێوەبردووە.

هەروەها جەختى كردەوە لەسەر قۆناغەكانى گەشەكردنى بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان و بە وردى هەريەك لەو قۆناغانەى شيكردەوە، دواتر باسى گرنگترين تيۆريەكانى بوارى بەكارهێنان و بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكانى كرد لەوانە تيۆرى تايلۆر و تيۆرى بەناوبانگى ماسلۆ تايبەت بە پێداويستيەكانى مرۆڤ، لە كۆتايشدا چەند چيرۆك و بەسەرهاتێكى دەربارەى بەكارهێنانى سەرچاوە مرۆييەكان بەشێوەيەكى تەندروست بۆ ئامادەبووان گێڕايەوە.

سەبارەت بە سمينارەكەى، بەڕێز ڕادوەيسى دەڵێت " ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵ بووم كە بۆ يەكەمجار بوو لە كوردستانى خۆشەويست سمينار بكەم بە زمانى كوردى كە ماوەى ( ٢٠ ) بيست ساڵ بوو ئاواتم بۆ دەخواست . وە زۆر ئاسوودە بووم لە ئامادەبوان و كەشى بەڕێوەچونى سيمينارەكە و شوێنى پێشكەش كردنەكە، ئەوەى زۆر گرنگ و جوان بوو بەلامەوە جگە لە بەشدارى ئەم هەموو مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزە ئامادە بوونى بەڕێز سەرۆكى زانكۆ ( دكتۆر وەلى محمود ) بوو لە سەرەتاوە تا تەواو بوونى ، كە ئەوە نيشانەى ئەوەيە بەڕێزيان باوەڕى بەم بابەتە هەيە " ئەمە بووەتە هاندەرێك بۆ بەڕێز ڕادوەيسى كە بەردەوام بێت لە پێشكەشكردنى سمينار " هەوڵدەدەم سمينار پێشكەش بكەمەوە و خەڵكى پسپۆر و لێهاتوو هان بدەم كە بێن بابەتەكانيان پێشكەش بكەن"

ئومێد ڕادوەيسى، بروانامەى دكتۆراى هەيە لە بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان، مامۆستايە لە زانكۆى سنەى رۆژهەڵاتى كوردستان، خاوەنى دوو پەرتووكە بە ناونيشانى (بەسەرهاتى بەڕێوەبەرايەتى و بەڕێوەبردنى سەرچاوەكانى مرۆڤايەتى).

سمينارێكى زۆر بەسوود بوو!

بەڕێز دكتۆر مەسعود كە بەشداربوو لە سمينارەكەدا دەڵێت" سمينارەكە زۆر بەسوود بوو بۆ هەموو لايەك بەتايبەت بۆ مامۆستايان چونكە پێويستيمان بە دروستكردنى تاكێكى تەندروستە لە ڕێگەى بەكارهێنانى سەرچاوە مرۆييەكانەوە، دكتۆر ئومێد توانى سەركەوتووانە پەيامى سمينارەكەى بگەيەنێت ، داواكارم ئەم جۆرە سمينارانە زياتر دووبارە ببێـتەوە و بەردەوام بێت چونكە بەتايبەت لەم كاتە قەيراناويەدا پێويستمان بەم جۆرە سمينارانە هەيە ، هەر بۆيە سوپاسى تايبەتى سەرۆكايەتى زانكۆ دەكەم بۆ ئامادەكردنى ئەم سمينارە "

مەسعود سەليم حەمەدەمين، بروانامەى دكتۆراى هەيە لە ئەدەبى عەرەبى، خاوەنى٥ توێژينەوەيە و دەساڵە مامۆستايە، وانەكانى ئەدەبى نوێ و ڕەخنەى نوێ بە خوێندكارانى بەشى عەرەبى دەڵێتەوە.

هەروەها بەڕێز دكتۆر هێمن دەڵێت " بەگشتى سمينارەكە زۆر گرنگ بوو، جۆرێك لە ئومێد و هيواى بەخشيە ستافى زانكۆ وە كۆمەڵێك بيردۆز و تێڕوانينى بەبير ئامادەبوان هێنايەوە . سەبارەت بە پێگەى مرۆڤ و ڕۆڵى مرۆڤ لە سەرجەم پێشهاتەكان . وە هەروەها ئاسۆيەكى بەخشى بۆ هەولدانى گشتى و ماندووبوونى گشتى سەبارەت بە بەدەست هێنانى پێناسەيەكى هەمە لايەنە بۆ مرۆڤ، وە سودێكى ترى ئەوەبوو كە باوەڕبوونێك لاى مرۆڤ دروست بكات كە هيچ شتێك لە ژياندا ئەستەم نيە بەدەستى بێنێت ئەوەى گرنگە يەكەم هەنگاوى دەست پێكردنە"

هەموو ئەم سوودانەى سمينارەكەيە كە بەڕێز د.هێمن دەيەوێت بەشداربێت لە سمينارى هاوشێوە " بەدڵنييايەوە بەشدارى دەكەم لەم جۆرە سيمينارانە چونكە بەشداريكردن وات لێدەكات شتى نوێ فێربيت بۆ پرسە نوێيەكان "

هێمن عەزيز، بروانامەى دكتۆراى هەيە لە ديراساتى ئيسلامى، دوو پەرتوكى چاپكراوى هەيە و ماوەى ١٢ ساڵە مامۆستاى زانكۆيە.

لە كۆتايى سمينارەكەدا لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە، رێزلێنان پێشكەشى دكتۆر ئومێد كرا بەرامبەر پێشكەشكردنى سمينارەكەى.

بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان:

بەڕێوەبردنى سەرچاوە مرۆييەكان كارێكي ڕێكخراوەييە بۆ زيادكرن و رێكخستنى كار و ئەدا و كارامەييەكانى تاك بەشێوەيەكى دروست ، وە بەدەست هێنانى ئامانجە ستراتيجيەكان بە شێوەيەكى سەركەوتووانە. بۆ زانيارى زياتر لێرە كليك بكە.

ئامادەكردنى : محەمەد مەغديد، ژوورى هەواڵ

وێنەكان : دڵشاد كاكەڕەش