(14) ئەنجومەنى زانکۆ لەگەڵ پڕۆفیسۆرەکانى زانکۆ کۆبۆوە

بە مەبەستى بیروڕا ئاڵوگۆڕکردن لەنێوان دەستەى کارگێڕیی زانکۆ و ئەو مامۆستایانەى کەوا پلەى زانستیان بۆ پلەى (پرۆفیسۆر) بەرزبۆتەوە، ڕۆژى چوارشەممە، ڕێکەوتى ٢٩/ ١/ ٢٠٢٠ ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە، کاتژمێر 12ى نیوەڕۆ ، بە سەرۆکایەتى بەڕێز پ.د. وەلى مەحمود حەمەد سەرۆکى زانکۆى کۆیە، لە هۆڵى وۆرکشۆپەکانى فاکەڵتیى ئەندازیارى، لەگەڵ سەرجەم ئەم مامۆستایانەى زانکۆ کۆبۆوە، کەوا پلەى زانستییان گەیشۆتە بەرزترین پلەى زانستى (پڕۆفیسۆر).

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکى زانکۆ دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، ئاماژەى بەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە کرد، کەوا دەکەوێتە ئەستۆی ئەو مامۆستا بەڕێزانە، کەوا لە بەرزترین ئاستى زانستىدان، هەروەها ئاماژەى بەوە کرد، کە ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە، کە پێی وایە، ئەو مامۆستایەى گەیشتۆتە ئەو پلەیە، لەبەر ئەوەى لە بەرزترین پلەى زانستیدایە، ئەوا پێویست ناکات پابەند بێت بە پڕۆسەکانى دڵنیاییی جۆرى و زانستخوازیى بەردەوام، بەڵکو بە پێچەوانەوە زانکۆ بە هەوڵ و ماندووبوونى ئەو مامۆستایانە زیاتر دەچێتە پێش و سەرۆکایەتیى زانکۆ و ئەنجومەنى زانکۆ هەموو پشتیوانییەکى ماددى و مەعنەوى بۆ پرۆفیسۆرەکان فەراهەم دەکەن، بۆ ئەوەى بەشدارییەکى زیاتر لە چالاکییە زانستى و ئەکادیمییەکاندا بکەن و بەشدار بن لە بەرەوپێشبردنى زیاترى زانکۆکەمان.

لە بەشێکى تری کۆبوونەوەکەدا، پرۆفیسۆرەکانى زانکۆ سەرنج و ڕەخنە و پێشنیازەکانى خۆیان خستە بەرچاو ئەنجومەنى زانکۆ و بەڕێز سەرۆکى ئەنجومەنى زانکۆش بەڵێنیان دا بەپێی توانا هەوڵى جێبەجێکردنیان بدرێت.

کۆبوونەوەکە کاتژمێر 2ى دواى نیوەڕۆ کۆتاییهات.

ئامادەکردن: بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندن

وێنە: دڵشاد کاکەڕەش و عەبدوڵڵا عەبدال