مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە بە پرۆگرامێك ئاسانكارى دەكات بۆ گۆڕينى دەقە كۆنەكان بۆ يونيكۆد

News #23, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #23, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ٢٣، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015

مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە لە بەشى ئەندازيارى پرۆگرامسازى، بۆ ئاسانكارى بەكارهێنانى زمانى كوردى بە شێوەى يونيكۆد و گۆڕينى دەقە كۆنەكانى نا يونيكۆد بۆ شێوازى نووسينى يونيكۆد، زيادكراوێك بۆ پرۆگرامى بەناوبانگى نوسين (وۆرد) زياد دەكات؛ ئەم پرۆگرامە کاری تەنها بۆ گۆڕينى دەقە كۆنەكانە بۆ سیستمی یونیکۆد بۆ دووبارە بەگەڕ خستنەوەی هەموو ئارکایڤەکان ، چونكە ئێستا دەبێت هەموو دامودەزگاکان بۆ نووسين تەنيا شێوازى يونيكۆد بەكاربهێنن، ئەمەش زانكۆى كۆيە و حكومەتى هەرێمى كوردستان پشتگيرى دەكات.

هەڤاڵ عەبدولكەريم ئەحمەد مامۆستايە لە فەكەڵتى ئەندازيارى زانكۆمان بەشى ئەندازيارى پرۆگرامسازى، هەڤاڵ بەهۆى هەستكردنى گرنگيى نووسين بە شێوازى يونيكۆد لە ڕووى تەكنۆلۆژيەوە، دواى ئەوەى زانكۆى كۆيە بە فەرمى بەكارهێنانى شێوازى يونيكۆدى ڕاگەياند بۆ نووسين، وە دواى دەركردنى فەرمانێكى حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ نووسين بە شێوازى يونيكۆد لە دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان؛ بيرۆكەى دروستكردنى پرۆگرامێكى لەلا گەڵاڵەبوو بۆ گۆڕينى دەقە كۆنەكانى نا يونيكۆد بۆ يونيكۆد بە مەبەستى پاراستنيان و دەوڵەمەندكردنى كۆگاى نووسينى يونيكۆد، هەڤاڵ دەڵێت "ژمارەيەك نەرمەكار (Software) هەبوون بۆ كردارى گۆڕينى نوسينى نا يونيكۆد بۆ يونيكۆد لەوانە (Kurditgroup, Razhakan،Kurdish Key & Font Conver, Kurdish Academy ، ...هتد) بەڵام ئەمانە لە دەرەوەى پرۆگرامى وۆرد بوون و بەكارهێنەر دەبووايە دەقەكەى ببردايە ناو ئەم پرۆگرامانە و دواتر بيهێناياتەوە ناو وۆرد، ئيتر لەمەوە بيرۆكەى ئەوەم بۆ هات كە چارەسەرى ئەم كێشەيە بكەم و دۆخێكى ئاسانتر بۆ بەكارهێنەر دروست بكەم بۆ گۆڕينى دەقە كۆنەكان."

زانكۆى كۆيە يەكەم زانكۆ بوو كە شێوازى يونيكۆدى بەكارهێنا

لە ساڵى ٢٠١٢ەوە زانكۆى كۆيە ئەم تەختە كليلە (يونيكۆد)بەكاردەهێنێت و بە فەرمى پاڵپشتى دەكات. لە ڕوانگەى گرنگى نووسين بە شێوازى يونيكۆد لە ڕووى تێكنۆلۆژيەوە، بە فەرمانى زانكۆيى كاركردنى بە شێوازى نووسينى يونيكۆد لەسەرجەم بەشەكانى زانكۆ ڕاگەياند و بە هەماهەنگى لە نێوان نوسينگەى بەڕێز جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و بەڕێوەبەرايەتى IT، تەختەكليلێكى لەسەر هەمان شێوازى تەختە كليلە كۆنەكە دروستكرد بە مەبەستى ئاسانكارى زياتر لە بەكارهێنان. كليك لێرە بكە بۆ داگرتنى ئەم تەختە كليلە. ديدى زانكۆى كۆيە بۆ ئەم بابەتە، ديدێكى گەشبينانەيە بۆ ئاييندە لەمەڕ زمانى يەكگرتووى كوردى. لەبەر ئەوە نووسين لە زانكۆى كۆيە بە شێوازى نا يونيكۆد ڕێگەپێدراو نييە پاڵپشت بە فەرمانى زانكۆيى.

هەروەها بنكەى كورديش ئەكاديمى لەساڵى ٢٠٠١ەوە كار لەسەر ئەم پرۆسەيە دەكات. هاوكات لە ڕۆژى ١٥ / ١٢ / ٢٠١٤ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پشتیوانیی ئەو تەختەکلیلانە دەکات کە یونیکۆدن. هەتا ئەم كاتە ژمارەيەكى زۆر نووسين هەبوون كە بە شێوازى كۆن (نا يونيكۆد) نووسرابوون، بۆ پاراستنى ئەم نووسراوانە و دەوڵەمەندكردنى كۆگاى نووسين بە شێوازى يونيكۆد لە زمانى كوردى؛ ئەم پرۆگرامەى هەڤاڵ يارمەتيدەرە بۆ گۆڕينى ئەم دەقە كۆنانە بۆ شێوازى يونيكۆد.

يونيكۆد چى يە؟

یونیكۆد كۆمه‌ڵه‌ پیت وھێمایه‌كی ستانده‌ردی به‌كۆدكردنه‌ كه‌ له‌لایه‌ن (The Unicode@ Consortium ) داهێنراوه‌ و ئاگاداری ده‌كرێت. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ پیت و هێمایانه‌ی یونیكۆد توانای له‌خۆگرتنی زیاتر له‌ ملیۆنێك هێما و پیتی هه‌یه‌ و ‌مه‌به‌ستیش له‌ داهێنانی ئه‌م سیستمه‌ی یونیكۆد هێنانه‌ كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ پیت و هێمایه‌كه‌، كه‌ بتوانێ خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو سیستمه‌كانی نووسیندا بگونجێنێ. جكه‌ له‌مه‌ش، ‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ و هێمایانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌ جیهاندا به‌كارده‌هێنرێن له‌ خۆ ده‌گرێت. له‌ ئێستادا سیستمه‌ ستانده‌رده‌كه‌ی یونیكۆد زیاتر له‌ 96000 پیت له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ زۆربه‌ی سیستمه‌كانی نووسیندا به‌كارده‌هێنرێن. به‌ هۆی سوود و به‌كارهێنانه‌ پراكتیكیه‌كه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ پیت و هێما جیهانیه‌، یونیكۆد سه‌ركه‌وتنێكی زۆری به‌ده‌ست هێناوه‌ و بۆته‌ سیستمێكی باو و به‌ربڵاو. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

پرۆگرامەكە چى يە؟

ToUnicode زیادکراوەیەکە بۆ گۆڕینی دەقی کوردی نایونیکۆد بۆ دەقی یونیکۆد. دوای دابەزاندنی دەبێتە بەشێک لە پڕۆگرامی وۆردی مایکڕۆسۆفت ئۆفیس و ڕاستەوخۆ ئامادە دەبێت بۆ کاری گۆڕین. بەکارهێنەر دەتوانێت بە دەستنیشانکردنی بڕگەیەک یان زیاتر لە دەقی نووسراو بە فۆنتەکانی (Ali_K_Samik، Ali_K_Sahifa، ...هتد) و دواتر کرتەکردن لەسەر دوگمەی گۆڕین (Convert) تەواوی دەقەکە بکاتە یونیکۆد لەشوێنی خۆی. ToUnicode لە ماڵپەڕێکی سەرچاوەکراوە بارکراوە. هەموو کەسێک دەتوانێت بە خۆڕایی دایگرێت. بۆ دامەزراندن دەبێت کۆمپیوتەرەکە پەیوەست بێت بە هێڵی ئینتەرنێتەوە چونکە پێویستی بە دوو ئامرازی تر دەبێت تا کار بکات ئەم هەنگاوەش خۆکارانە لەکاتی دامەزراندن ئەنجام دەدرێت.

كليك لێرە بكە بۆ داگرتنى.

يان كليك لێرە بكە بۆ داگرتنى.

توێژينەوەيەكيشى لەگۆڤارى ئارۆ بڵاوكراوەتەوە

دەربارەى بەرهەمەكانى ديكەى، مامۆستا هەڤاڵ دەڵێت "Beam Strength Predictor پڕۆگرامێکی تر بوو کە ئەم ساڵ دروستم کرد، ئەمە بەرهەمی توێژینەوەیەک بوو لەگەڵ بەڕێزان د. بەهمەن عمر و م. پێشەوا جمال ئەنجامماندا. ئامانج لە توێژینەوەکە دروستکردنی مۆدێلێک بوو بۆ پێشبینیکردنی هێزی پایەی کۆنکریتی بەهێزکراو بە ڕیشاڵی پۆلیمەری وەک (کاڕبۆن، ئاڕامید، باساڵت، گڵاس). توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئارۆی زانکۆی کۆیە بڵاوکرایەوە.

كليك لێرە بكە بۆ دابەزاندنى پرۆگرامى Beam Strength Predictor

كليك لێرە بكە بۆ خوێندنەوەى توێژينەوەكە

هەروەها دۆزەرەوەی کۆلێژ و پەیمانگەشم دروست كرد، ئەمەيان پڕۆگرامێکی سەرهێڵ (Online) بوو بە دوو وەشانی وردەکاری و کورتکراوە بەرهەمم هێنا. ئەم پڕۆگرامە بۆ ئاسانکاری بوو بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی تا لە ڕێگەیەوە بزانن کە هەر کۆنمرەیەک لە ساڵی ڕابردوو لە چەند شوێن/بەش هەلی وەرگرتنی هەبووە. تا ئەم ساتە ماڵپەڕەکە زیاتر لە (٣٤٠٠٠) جار سەردانی کراوە."

كليك لێرە بكە بۆ بينينى پرۆگرامەكە.

لەگەڵ ئەوانەش بەردەوام بووم لە وەرگێڕانی زمانی کوردی بۆ کۆمەڵێک نەرمەکاڵای وەک پڕۆگرامی ژێرنووسکردن AHD Subtitles Maker، پڕۆگرامی بووتکردن LinuxLive USB Creator، پڕۆگرامی داگرتن EagleGet، پڕۆگرامی پاراستنی تۆڕ SoftPerfect WiFi Guard، سەرنووسەری TinyMCE، ئامرازی Plupload. هەروەها بەشداریم کردووە لە وەرگێڕانی نەرمەکاڵاکانی فەیسبووک، توویتەر و چەندانی تر.

پڕۆگرامى ژێرنووسكردنى AHD Subtitles Maker

پڕۆگرامی بووتکردن LinuxLive USB Creator

پڕۆگرامی داگرتن EagleGet

پڕۆگرامی پاراستنی تۆڕ SoftPerfect WiFi Guard

سەرنووسەری TinyMCE

ئامرازی Plupload

لەگەڵ هەموو ئەم چالاكيانەشدا م.هەڤال بيرۆكەى گەڵاڵەكراوى ديكەى هەيە، بەڵام پرۆژەكانى تا وەرزى هاوين هەڵدەگرێت و ئەوكات جێ بە جێيان دەكات " لە ڕاستیدا بیرۆکەی تر هەیە بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە کاری زانکۆ لە وەرزی خوێندن، کەمتر کات دەبێت بۆ گەشەپێدانیان. هەوڵ دەدەم زیاتر لە وەرزی هاوین ئەم جۆرە کارانە ئەنجام بدەم."

زانياريیە تايبەتەكان:

ناوى سيانى: هەڤاڵ عەبدولكەريم ئەحمەد

نازناوى زانستى: مامۆستای یاریدەدەر

ژمارەى توێژينەوەكان: ٣

ناوى بەشەكە: ئەندازیاری پڕۆگرامسازی + بەرپرسی یەکەی ئای تی فاکەڵتی ئەندازیاری

ناوى ئەو وانانەى دەيانڵێتەوە: Software Requirements Engineering and Analysis + Programming with Java – Practical + Academic Computing

تەمەن: ٣٠ ساڵ

بۆ زانيارى زياتر دەربارەى م.هەڤال كليك لێرە بكە.

دەربارەى فەكەڵتى ئەندازيارى:

فەكەڵتى ئەندازيارى يەكێكە لە فاكەڵتيە سەرەكيەكانی زانكۆى كۆيە، پێگەيەكى بەرزى هەيە لە پەيكەرى ئەكاديمى زانكۆدا و خاوەنى بەشى ناوازە و تايبەتمەندە، لە سەرەتاى دروستبوونى زانكۆى كۆيەوە بوونى هەيە. ئەم فەكەڵتيە حەوت بەشى لە خۆگرتووە: ئەندازيارى تەلارسازى، شارستانى، جيۆتەكنيك، نەوت، كيمياوى، پرۆگرامسازى، دروستكردن. بۆ زانيارى زياتر دەربارەى ئەم فەكەڵتى يە كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەيەك لە كارى پرۆگرامەكە