فێستيڤاڵى ساڵانەی ميديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى

News #08, Issue 04, April 2015 | Núcey #08, Jhimarey 04, Mangí 4 Sallí 2015 | نوچەی ٨، ژمارەی 4، مانگی 4 ساڵی 2015

يەكەمين فێستيڤاڵى ساڵانەى بەشى مێديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى بەڕێوەچوو

رۆژى دووشەممە ٧/٤/٢٠١٥ كاتژمێر ٩ى بەيانى يەكەمين فێستيڤاڵى ساڵانەى بەشى ميديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى بە ناونيشانى رۆڵى مايكرۆبايۆلۆجى لە تەندروستيدا بەڕێوەچوو.

بە ئامادەبوونى بەرێزان دكتۆر وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و د.ديلان مەجيد رۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و ڕاگرى فاكەڵتييەكانى زانكۆ و مامۆستايان و ميوانانى شارى كۆيە و خوێندكاران, يەكەمين فێستيڤاڵى ساڵانەى بەشى ميديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى فاكەڵتى زانست و تەندروستى زانكۆى كۆيە بەرێوەچوو.

فێستيڤاڵەكە بە نمايشێكى شانۆيى لە لايەن خوێندكارانى بەشەكە دەستى پێكرد، كە ناوەرۆكەكەى ئاماژەی بە بەرخۆدانى هێزەكانى پێشمەرگە و پاراستنى خاكى كوردستان دەكرد بەرامبەر تيرۆرستان و ئەوانەى هەڕەشەى داگيركردنى خاكى كوردستان دەكەن.

پاشان ئامادەبووان بەشەكانى ترى فێستيڤاڵەكەيان بەسەركردەوە کە پێكهاتبوو لە نمايشكردنى هەوڵەكانى خوێندكارانى بەشەكە بۆ پێشاندانى توانا زانستييەكانيان بۆ ئامادەبووان لە ڕێى نمایشکردنی چەندەها پۆستەری زانستی و هەروەها زانیاری جیاجیا لەسەر شيكردنەوەى هەوکردن بە بەكتريا و كەڕوەكان و ڤايرۆسەكان، وێڕاى بەشى شیکردنەوەی خوێن و ژمارەيەك تاقيكردنەوەى تر کە لەزۆنی Test Zone دا لە لايەن خوێندكارانەوە بۆ ئامادەبووان ئەنجام دەدرا.

دكتۆر شوان كەمال ڕەشید ڕاگرى فاكەڵتى زانست و تەندروستى سەبارەت بە ئەنجامدانى ئەم فێستيڤاڵە بە (Press Room)ی ڕاگەياند "ئەمە يەكەمين فێستيڤاڵى بەشى ميديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى يە بەمەبەستى ناساندنى ئەم بەشەیە كە لە ژمارەيەكى كەم لە زانكۆكانى كوردستان و جيهان هاوتای هەيە, هەروەها بۆ ناساندنى تواناى دەرچوانى ئەو بەشە بۆ خزمەتكردن لە بوارى تەندروستى و کارکردن لە بوارە زانستييە جياجياكان و توێژينەوەدا" وتيشى كە ئەم فێستيڤاڵە پێشنيازى خوێندكارەکان خۆيانە و هەرخۆشيان ئامادەيان كردوە بە تواناكانى خۆيان لە ژێر سەرپەرشتیاری هەندێک لە مامۆستاکانی بەشەکەیان كە چەندان چالاكيى زانستى لە خۆگرتوە لەڕێى ئامادەکردنی چەندین پۆستەر دەربارەى زانستی نەخۆشيەكان و دۆزينەوە و شیکار نەخۆشىەکان و چارەسەكردنى. هەروەها دروستكردنى چەندەها مۆدێلى زيندەوەرە ووردبینەکان كە دەبنەهۆى نەخۆشى وهەوکردنی جياجياى ڤايرۆسى و بەكتريا و كەڕوەكان. هەروەها د.شوان كەمال ئاماژەى بە چالاكييەكانى ديكەى فێستيڤاڵەكە كرد کە بريتى يە لە ئەنجام دانی وۆرکشۆپێک نە ئامادەبوونی نوێنەرانی بەشە هاوشێوەکان لە زانکۆکانی دهۆک و هەولێری پزیشکی. لەو وۆرکشۆپە سمينار و گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی خوێندن و سیلیبەسی وانەکان ئەنجام درا بەمەبەستی چەسپاندنى بەرنامەی خوێندن لەو بەشەدا كە گونجاو و هاوتا بێت لەگەڵ بەشە هاوشێوەكانی لە زانكۆكانى ديكەى كوردستان و هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندن. بەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکە تایبەت بوو بە چەسپاندنى ناونيشانى دامەزراندن و دیاری کردنی شوێنی کار بۆ دەرچوانى ئەم بەشە کە لە پاشەرۆژدا دابمەزرێن لەو فەرمانگانەى كە گونجاون لەگەڵ توانا و ناونيشانەكانيان".

وريا ڕەووف خوێندكارى بەشداربوو لە فێستيڤاڵەكە خۆشحاڵى خۆى بەم چالاكيەى بەشەكەيان نيشاندا و وتى: "ئەم فێستيڤاڵە بۆ نيشاندانى تواناى خوێندكارانى بەشەكەمانە و ئێمە بەهەموو شێوەيەك هەوڵى خۆمان دەدەين بۆ ئەوەى بەباشترين شێوە خزمەت بكەين لە رێى بوارەكەى خۆمانەوە كە زياتر كاركردنە لە تاقيگە شیکارییەکان".

بۆ ئەم فێستيڤاڵە ئەندامانی ليژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوە لە پەرلەمانى كوردستان و نوێنەری هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی تەندروستی داوەت كرابوون بەڵام لەبەر هەر هۆکارێک بێت ئامادەنەبوون. ڕاگرى فاكەڵتى زانست و تەندروستى دەڵێ "بەهيوابووين کە ئەندامانى ليژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى كوردستان و نوێنەری هەردوو وەزارەتەکە ئامادەبوونايە بۆ ئەوەى لە نزيكەوە لە تواناى زانستى ئەو بەشە و خوێندكارەكانى ئاگاداربوونايە بۆ پشتگيرى دەرچووانى ئەو بەشە لە كاتى دامەزراندنیان, لە كۆتاييشدا سوپاسى كۆمەڵەى خوێندكارانى كوردستان و بەشداربووان و خوێندكارانى ماندوويى چالاكييەكە كرد لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەو بەشە و مامۆستاکانی بۆ هاوكارييان و هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنى فێستيڤاڵەكە". بەشى ميديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى سەر بە فاكەڵتى زانست و تەندروستی زانكۆى كۆيەيە, ئەمساڵ يەكەمين خولى دەرچوونى دەبێت و بەشێكى ناوازەيە لە زانكۆكانى كوردستان.

(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى Press Room و زانينى هەواڵى زياترى زانكۆى كۆيە)