سمينارێك لە بارەى دڵنيايى جۆرى ئەنجام درا

News #9, Issue 26, Feb 2017 | Núcey #9, Jhimarey 26, Mangí 2 Sallí 2017 | نوچەی 9 ، ژمارەى 26 مانگی 2 ساڵی 2017

لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ، بە ئامادەبوونى ژمارەيەكى زۆرى مامۆستايانى زانكۆى كۆيە، بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى سمينارێكى بەڕێوەبرد.

ڕۆژى دووشەممە ١٣/٢/٢٠١٧ كاتژمێر ١١:٣٠ خولەكى پێش نيوەڕۆ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە، بە ئامادەبوونى بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و ياريدەدەرانى سەرۆكى زانكۆ و ڕاگرى فەكەڵتيەكان، بەڕێوەبەريەتى دڵنيايى جۆرى سمينارێكى بۆ مامۆستايانى زانكۆى كۆيە ڕێكخست، كە تێيدا ژمارەيەكى زۆر لە مامۆستايان ئامادەبوون.

لە سەرەتادا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ پيرۆزبايى ئاراستەى ئامادەبووان كرد بە بۆنەى بەدەستهێنانى پلەى يەكەمى نێو زانكۆكانى كوردستان لە ڕێزبەندى جيهانى وێبۆمێتريك، ئەمەى بە دەستكەوتێكى گرنگ زانى كە لە سايەى ماندووبوونى ئەندامانى زانكۆى كۆيەوە بەدەستهاتووە، بە جێبەجێكردنى ئەركەكانيان.

دواتر بە چڕى باسى لە گرفتەكانى بەردەم ڕانكى زانكۆ و ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكانى كوردستان كرد، كە پێويستە مامۆستايانى زانكۆى كۆيە ئاگادارى ئەم گرفتانە بن و ئەوانەى پەيوەندى پێيانەوە هەيە هەوڵبدەن بەرەوپێشەوەى ببەن بە هەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى .

دواتر گفتوگۆى كرد لەگەڵ مامۆستايانى ئامادەبوو و چەند بابەتێكيان بەيەكەوە باسكرد.

لە بەشى دووەمدا بەرێز پ.د.صەڵاح ئيسماعيل يەحيا بەڕێوەبەرى دڵنيايى جۆرى زانكۆ، سمينارێكى پێشكەشكرد بە ناونيشانى رێزبەندى زانكۆ تاچەند گرنگە؟، لە سمينارەكەيدا جەختى كردەوە لەسەر زەروريەتى ڕێزبەندى زانكۆكان كە دەرفەتێكى گرنگە بۆ پێشكەوتنى ئاستى زانستى زانكۆكان بە خۆگونجاندن لەگەڵ ستانداردى جيهانى كە بنەماكانى ڕێزبەندى زانكۆكان لەسەر ئەو ستانداردانە دانراون.

پاشان گفتوگۆكرا لەبارەى جێبەجێكردنى مەرجەكانى دڵنيايى جۆرى لە هەگبەى مامۆستايان و بۆ ئەم مەبەستە ئامادەيى بەڕێوەبەرايەتى دڵنيايى جۆرى پێشاندا بە هاوكاريكردنى هەموو ئەو مامۆستايانەى كە پێويستيان بە يارمەتى هەيە لەم بابەتەدا.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : كاردۆ محەمەد