عبدالحسين شعبان لەبارەى ديدارى هاوبەشى زانكۆى كۆيە و زانكۆى بەغدا دەدوێت

News #13, Issue 52 Apr 2019 | Núcey #13, Jhimarey 52, Mangí 04 Sallí 2019 | نوچەی 13، ژمارەى 52 - مانگی 04 ساڵی 2019





د. عبدالحسين شعبان جێگرى سەرۆكى زانكۆى (اللاعنف و حقوق الانسان) لە لوبنان يەكێك بوو لە ميوانانى ديدارى زانستى هاوبەشى زانكۆى كۆيە و زانكۆى بەغداد كە ڕۆژانى ٢٨ و ٢٩ى نيسانى ٢٠١٩ لە زانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو بە ناونيشانى (ڕۆشنبيرى و دۆزى بەيەكەوە ژيانى هاوبەش لە چوارچێوەى ديالۆگى عەرەبى كوردى لە عيراقدا و بە پێويستمانى زانى چەند پرسيارێكى ڕووبەڕوو بكەينەوە بۆ زياتر ئاشنابوون بە بيرو بۆچوونيان و ئەجێنداى كارو توێژينەوەكانيان لە ديدارەكەدا. 

ژورى هەواڵ/ سڵاوتان لێبێت و بەخێربێن بۆ زانكۆى كۆيە ، دەمانەوێت بپرسين تێڕوانين و بيرو بۆچوونتان چييە بۆ ئەم جۆرە ديدار و ديالۆگانە؟ 

عبدالحسين شعبان/ سەرەتا سوپاسى ئێوەو سەرۆكى زانكۆى كۆيە پ.د. وەلى محمود و وەزيرى خوێندنى باڵا د. يوسف گۆران دەكەم بۆ ئەم بانگهێشتەو پێشتريش وەزيرى خوێندنى باڵاى هەرێمى كوردستان داواى لێكردم بۆئەوەى لەزانكۆى سلێمانى وانە بڵێمەوە بە سوپاسەوە. 

ديدارو گفتو گۆى عەرەبى كوردى زۆر گرنگەو منيش يەكەم كەس بووم داواى ديالۆگى (عەرەبى – كوردى)م كرد و يەكەم كەسيش بووم ڕێكمخست لەساڵى ١٩٩٢ لەلەندەن لە چوارچێوەى ڕێكخراوى عەرەبى بۆ مافى مرۆڤ كە ئەوسا من سەرۆكايەتيم دەكرد و هەر هەمان بابەتەكانى ئەوسا كە ماوەى (٢٧) ساڵە بوونيان هەيەو تا ئێستاش كێشەيان لەسەرە، وەك: بيرۆكەى هاونيشتمانى بوون، خودموختارى، فيدراليەت، مافى چارەى خۆنووسين، دەوڵەت، ئاسۆكانى دامەزراندنى ئەم دەوڵەتە و پەيوەندى لەگەڵ وڵاتانى دراوسآ و ناوچەكە و..هتد.) 

بە بۆچوونى من ئەوەى ئێمە پێويستمان پێيەتى لێكۆڵينەوەو بەدواداچوونى ئەو كێشانەيە وەك ئەوەى كە هەيە و پێويستە هەريەكەمان هەڵەكانى خۆمان ديارى بكەين و دووبارەيان نەكەينەوەو بير لەوە بكەينەوە ئايا توندوتيژى هۆكارێكى سەركەوتوو بووە بۆ يەكلايى كردنەوى كێشە هەڵواسراوەكان يان نا؟ 

لە مێژووى عيراقدا بە شانشينى و كۆمارى و ڕژێمى پێشوو و ئەوانى ئێستاش هەرهەموويان شكستيان خواردووە لە چارەسەركردنى كێشەى كورد بە شێوەيەكى ئاشتى و ديموكراتيانە ، چونكە پەنايان بۆ توندو تيژى و سەركوتكردن بردووەو بە هەمان شێوەش لايەنە كورديەكان نەيانتوانيوە لەڕێى توندوتيژييەوە بگەن بە ئامانجەكانيان و هەر بۆيەش هەموويان پێويستيان بە دانيشتنە لەسەر مێزى گفتوگۆى ڕاستەقينە لەهەموو بوارەكاندا. 

دەستور لە دواى ڕوخانى ڕژێمى پێشووى عيراقەوە داڕێژرا و تا ئێستاش نەتوانراوە لەڕێى دەستورى عيراقەوە كێێشەكانى هەرێم و ناوەند يەكلايى بكرێنەوە چونكە دەستوريش زۆر كەم و كوڕى و گرێ كۆڵەى تێدايە كە پێويستى بە پێداچوونەوەو دووبارە هەمواركردنەوەو داڕشتنەوە هەيە بە عەقڵێكى سارد و دڵێكى گەرمەوە.يەكەم ديالۆگى عەرەبى – كوردى ساڵى ١٩٩٢ بوو، دووەميان ساڵى ١٩٩٨ ئەنجامدراو گرفت و كێشەكانيش هەروەك خۆيان مانەوە. 

يەكەم ديدار لە ١٩٩٢ موژدە بەخشى بيرۆكەى ديالۆگ بوو و تێيدا قسەكرا لەبارەى فيدراليەت و ئەگەرى دروست بوونى دەوڵەتێكى كوردى لەسەر بنەماى تێكگەيشتن لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ ، بەڵام ململانێى نێوان هەردوو حزبى كوردى ئەم ديالۆگەى پەكخست تاساڵى ١٩٩٨ و دواى كۆتايى هاتنى شەڕى ناوخۆ لەنێوان هەردوولا. 

لە قۆناغى دواتردا توانيمان خولێكى ترى گفتوگۆى كوردى-عەرەبى لە قاهيرە ڕێكبخەين ، بەڵام ئەويش ناكام بوو و تێشيدا چەند كەسايەتييەكى گرنگى ميسر و ژمارەيەكى كەمى كەسايەتى ترى عەرەبى ئامادەبوون كە هەندێكيان عيراقى بوون و كوردانى سوريا و ئێران و توركياش تێيدا ئامادەنەبوون. 

لەدواى ڕووخانى ڕژێمى سەدام و لەدواى (٢٠٠٣) و دەستور و فەراهەمكردنى مافەكانى كورد و بەدەستهێنانى فيدراليەت، لێشاوێك لە ديالۆگى عەرەبى – كوردى دەستى پێكرد كە هەندێكيان بازرگانى ، هەندێكى تريان فيستڤاڵى و پروپاگەندەى سياسى بوون بۆ ئەم تيم و ئەو لايەن و ئەم دەستەو گروپ. 

لەنەجەف ديالۆگێكى تر ڕوويدا لە بوارى ڕۆشنبيرى و چەند ديدار و دانيشتنێكى تريش لەسەر ئاستى جياواز بوونيان هەبوو و زۆريان ئەنجامێكى ئەوتۆيان نەبوو و هەر بۆيەش من بانگهێشتى ئەوە دەكەم ئەم ديالۆگانە بە دامو دەزگا بكرێت لە شێوەى پەيمانگايەكى عەرەبى – كوردى بۆ توێژينەوە لە بوارەكانى (ئەدەب ، هونەر ، ڕۆشنبيرى، كەلەپور ، زمان و سياسەت) و لەوەش زياتر پەيمانگايەك بۆ توێژينەوەى ڕۆژهەڵاتى، واتە كوردودراوسێكانى هەريەكە لە عەرەب، تورك و فارس. 

ئێمە ئەم بابەتەمان پێشنياز كردو شازادە حەسەن پێى ڕازى بوو و داواى ديالۆگى عەرەبى- كوردى كرد لە عەممان ، بۆئەوەى هەردوولا لەم تەنگژەيە دەرچن كە تێى كەوتوونبەتايبەتيش لە دواى ئەزمونى ريفراندۆم. 

من ئەوساو ئێستا و لە داهاتووشدا هەرلەگەڵ مافى گەلى كوردم لە مافى چارەى خۆنووسين و دامەزراندنى كيانێكى كوردى. بەڵانم ئەمانەش پێويستيان بە لەيەكترى تێگەيشتنە لەگەڵ عەرەب و بەتايبەتيش لە عيراق، نەك تەنها لەگەڵ ئەوانەى كە ئێستا حوكمڕانن لە ناوەند، بەڵكو بەتليبەت لەگەڵ ئەوانەى لە عيراقدا بڕوايان بە ديموكراسيەت هەيە لە بوارى سيستمى حومڕانيدا هەروەك پێويستى بەپاڵپشتى ئاراستەو لايەنە كراوەكەى كورديش هەيە، چونكە لەناو كورديشدا دوو ئاراستە بوونيان هەيە كە يەكێكيان دابڕاوو داخراوە و ئەوەى تريشيان كراوە و ميانڕەوترێكە. 

بابەتى چارەسەرى كێشە كەڵەكەبووەكانى نێوان كورد و عەرەب و درووست بوونى تێگەيشتن، تەنها بەوە ناكرێت پياوێكى ئايينى لە وتارێكدا بڵێت من لەگەڵ مافى كوردم وئێمەش چەپڵەى بۆ لێبدەين و لەكاتێكدا هەموو گەلانى ناوچەكە دەوڵتيان هەيە تەنها كورد نەبێت ، بێبەشە لە كيانێكى سياسى كە يەكى بخات. 

ژورى هەواڵ/ پێت وايە دەزگايەكى توێژينەوەى ئەكاديمى بتوانێت كاربكاتە سەر عەقليەتى سياسى دەسەڵاتدارو حوكمڕان لەهەريەكە لە عێراق و ئێران و توركيا و سوريا؟ 

عبدالحسين شعبان / بەڵێ تاڕاددەيەك ، چونكە ئەم دەزگايە فاكتەرى فشار و هێزى پێشنيار درووست دەكات بەتايبەتيش كە تائێستا هيچ لايەن و دەزگايەكى لەوجۆرە بوونى نەبووە تا ڕێنوێنى بداتە دەسەڵاتداران بەوەى چۆن مامەڵە لەگەڵ كورد و مافەكانى بكەن بە شێوازێكى ديموكراسى و مرۆييانە. 

لە كۆتاييدا دەڵێم من عەرەبم و شانازى بە عەرەب بوونى خۆمەوە دەكەم. بەڵام عەرەب بوونم ناكام و ناتەواو دەبێت ئەگەر دان نەنێم بە مافەكانى گەل و نەتەوەى كورد بەوەى بڕيار لەسەر چارەنووسى خۆى بدات بە ڕێگايەكى ئاشتى و ديموكراتيانە. 



چاوپێكەوتن و وەرگێڕان 
شاڵاو نەسرەدين
Comments