وۆركشۆپێك لە ڕۆژى جيهانى شێرپەنجە بەڕێوەچوو

News #02 , Issue 50 Jan 2019 | Núcey #02 , Jhimarey 50, Mangí 01 Sallí 2019 | نوچەی 02، ژمارەى 50 - مانگی 02 ساڵی 2019




ڕۆژى ٢٠١٩/٢/٤ كەڕۆژى جيهانى شێرپەنجە دەكات ، فاكەڵتى زانست وتەندروستى  وۆرك شۆپێكى ئەنجامدا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشى شێرپەنجە.

لێژنەى چالاكييەكانى فاكەڵتى زانست و تەندروستى سەرپەرشتى بەڕێوەچوونى وۆرك شۆپەكەى دەكرد.

بەڕێز پ.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەشكرد لە وۆركشۆپەكەدا، ئەمەى خوارەوە وتەكەيە:

بە ناوى خواى گەورە و ميهرەبان

ئامادەبوانى بەڕێز

ميوانان و مامۆستايان و خوێندكارانى خۆشەويست

 

بەناوى خۆم و ئەنجومەنى زانكۆى كۆيە لە ناخەوە وە بەگەرمى بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ ئەم وۆرك شۆپە (لە ڕۆژى جيهانى ڕوو بەڕوو بوونەوەى شێرپەنجە Word canter day) فاكەڵتى زانست و تەندروستى زانكۆمان بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێكخراوى ڕێباز فاوەندەيشن ئەنجامى دەدات.


دوێنێ هەر لەم هۆڵە زانكۆمان بەهاوبەشى دوو دەزگاى ترى جيهانى ئەكاديمياى وەرزش لە بەڕيتانيا و زانكۆى پيرۆجاى إيتاڵى دەستى كرد بە ئەنجامدانى وۆرك شۆپى (وەرزش شێوازى ژيانێكى تەندروست)، واتە ئەم هەفتەيە زانكۆمان بەتەواوى هەڵساوە بە پڕۆسەى وشيارى تەندروستى و چۆنيەتى ڕوو بەڕو  بوونەوەى نەخۆش، وە سەرەتانيش يەكێكە لەو نەخۆشيە مەترسيدارانەى كە لەم چەند ساڵەى دوايى هەم لە دونيا و هەم لە كوردستانى خۆشمان لە تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوە دايە زۆر پێويستە هەم پێشى پێ بگيرێت هەم وشيارى مرۆڤەكانيش پێويستە بۆ ئەوەى چاكتر بەر بەرەكانى لەگەڵدا بكرێت. 

من ساڵانێك لەمەوبەر خوليايەكى سەير و ناوازەم لەلا دروست بوو بوو كەوا هۆكارەكانى ئەم نەخۆشيە چى يە ئەوا بەرۆكى مرۆڤايەتى گرتووەو چارەسەرەكانيش وەك پێويست ناتوانن بن بڕى بكەن، بۆيە دەستم كردبوو بە خوێندنەوەى ئەو پەرتوك و بڵاوكراوانەى كە لەسەر بابەتى سەرەتان و جۆرەكانى و ڕێگاكانى چارەسەرى دەدوان، ئەوە بوو لە كاتى سەردانى كردنى پزيشكێكى پسپۆڕى ئەم بابەتە زۆر بەووردى پرسيارم لێ دەكرد (وەختێك پزيشكەكە ووتى تۆ پسپۆڕى چيت ووتم كيمياء ووتى لە قسەكانت واديارە دەتەوێ ببى بە پزيشكى چارەسەرى نەخۆشيەكانى شێرپەنجە، پێم باشە لێ ى گەڕێ ى ئەو بابەتە بۆ خەڵكى خۆى و ئەهلى پيشەكە لێ گەڕێ). منيش هەرچەندە وەڵامەكەم پێ ڕەق بوو بەڵام قبوڵيشم كرد وە ئەمڕۆ دەڵێم ووشيارى پێويستە بەڵام دەبێ لێ بگەڕێين پزيشكان و پسپۆڕەكان چارەسەرەكان بكەن.

بەڕێزان:-

مرۆڤايەتى زۆرجار بە نەخۆشى و دەردى ترى جۆراو جۆر ناڵاندويەتى وە زيانى زۆريشى لێداوە بۆ نمونە (گەڕى ، تاعوون ، سيل.... هتد). لە كۆتاييشدا چارەسەركراون و چارەسەرى دۆزراوەتەوە بەڵام جگە لەشەو نخونى هەماهەنگى و هاوكارى زۆرى ويستووە بگرە كارى خۆبەخشيشى وويستوە وە لە زۆر وڵات و ميللەتانى دونيا بەخشەرى زۆرى بۆ پەيدابووە كە بەپارە و ماڵ و داهات خزمەتى توێژينەوە و توێژەرانيان كردووە. ئێمە لە زانكۆى كۆيە لەلايەك سكوڵى پزيشكى گشتيمان هەيە وە لايەكى تر لە فاكەڵتى زانست و تەندروستى بەشەكانى كيمياء و فيزيا و بايۆلۆجى و ميديكەڵ مايكرۆ بايۆلۆجى لەگەڵ (سەنتەرى توێژينەوەى زانستى و تەندروستى) كە من دڵنيام دەتوانن تيمى باش و هەماهەنگى لەگەڵ يەك پێك بهێنن بۆ توێژينەوەى

 

زۆرباش لەسەر بارى تەندروستى و نەخۆشيەكانى كە زيانى بەڕەوتى ژيانى مرۆڤايەتى دەگەيەنێ و خزمەتێكى گەورە بكەن و ڕێژەى مردن كەمتر بكەنەوە. وە ئەنجومەنى زانكۆمان پاداشتى باشى داناوە بۆ ئەو توێژەرانەى توێژينەوەكانيان لە گۆڤارە نێو دەوڵەتيەكان بڵاو دەكەنەوە كە ئاستيان بەرزە. لەگەڵ ئەوەش هەر پڕۆپۆزەڵێك بەتيم پێش كەش بە سەرۆكايەتى بكرێت تێچووى خەرجى توێژينەوەكە لە ئەستۆ دەگرێت وە هاوكارى تەواويان دەكەين. لە كۆتاييدا دەست خۆشى لە بەڕێزان كاك (د. سرمد) و بەڕێز (د. ثامر) و (ڕێباز فاوەندەيشن) دەكەم بۆ بەشدارى و پێش كەش كردنى بابەتەكانيان وە سوپاسى ليژنەى ئامادەكار و هاوكارانيان دەكەم كە هەڵساون بەم وۆرك شۆپە وە دەست خۆشيان لێ دەكەم. لێرەوە دەمەوێ سوپاسى خۆم ئاڕاستەى بەڕێز دكتورە بنار بكەم كە زۆر ماندوو بووە بەم كارە هيوادارم بەردەوام بێت وە چەندين بنارى ترمان لە زانكۆ هەبێ.

 

بەڕێز د.بنار جەودەت مامۆستا لە فاكەڵتى زانست و تەندروستى بەشى كيميا دەڵێت " ساڵانە لەڕۆژى جيهانى شێرپەنجە چالاكى و بۆنەى جياواز ڕێكدەخرێت بەمەبەستى هۆشيار كردنەوەو پێدانى زانيارى بە هاوڵاتيان بۆ خۆپاراستن لە جۆرەكانى شێرپەنجە." هەروەها ووتى "لە وۆرك شۆپەكەدا كۆمەڵێك ميوانمان بانگهێشت كردبوو و يەكێك لەوانە ڕێكخراوى ڕێباز فاوندەيشن بوو كە ڕێكخراوێكى خێرخوازييەو كۆمەكى تووشبووانى شێرپەنجە دەكات و سەرەتا بەئەنجامدانى پشكنين و شيكارى بۆ نەخۆشەكان و دواى چاك بوونەوەشيان كۆمەكى مەعنەويان دەكات"

بەڕێز د. ثامر لە ڕێكخراوى تەندروستى جيهان لقى عێراق لە پرێزنتەيشنێك شوێنى عيراقى لە نەخشەى جيهانى شێرپەنجە نيشاندا و باسى لەو ئاستانگانە كرد كە ڕووبەڕووى تووشبووانى شێر پەنجە دەبنەوە لەگەڵ دۆخى نەخۆشخانەكان بۆ بەهاناوە هاتنى تووشبووان و رۆڵى ڕێكخراوى تەندروستى جيهان بۆ هاوكارى كردنيان.

لەبارەى ژمارە و ڕێژەى توشبووانى شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمى كوردستان، د.ثامر ئاشكراى كرد ڕێژەى توشبووان بەرزە و بەتايبەت لە جۆرى شێرپەنجەى مەمك.

بەشێكى ترى وۆرك شۆپەكە لەلايەن د. سەرمەد سەرۆكى سكولى پزيشكى لەزانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو و ئەويش باسى لە هەزوكردن و شێرپەنجە و كاريگەرى جينات كرد لەسەر درووست بوونى شێرپەنجە لەگەڵ هۆكا و جۆرە جياوازەكانى.

ئامادەبووان لە پزيشكان و مامۆستايان و خوێندكارانى پزيشكى و بايۆلۆژى و مايكرۆبايۆلۆژى و كيميا بوون و گرنگييەكەشى بۆ خوێندكارانى بەشە پزيشكييەكان لەوەدابوو كە لە نەخۆشخانەكان راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ توشبووان دەكەن و دەيانبينن.

سەبارەت بە هەوڵى درووستكردنى پردى پەيوەندى لەگەڵ هاوڵاتييان بەمەبەستى هۆشيار كردنەوەيان و گەياندنى پەيامەكەيان، د. بنار دەڵێت" لەگەڵ ڕێبز فاوندەيشن بەرنامەى كەمپينێكمان داناوە بۆ مانگى (١٠) ى ئەمساڵ لەسەرشێرپەنجەو كەمپينێكى ترمان داناوە بۆ چالاكى ماراسۆن لەڕۆژى تەندروستى جيهانى ، لەهەردوو كەمپينەكەدا ڕاستەوخۆ پەيوەندى لەگەڵ هاوڵاتيان دەبەستين و ڕێباز فاوندەيشن شيكارى و (CT) بە خۆڕايى دەكات بۆدەستنيشانكردنى شێرپەنجەى مەمك و ناوى خانمان تۆمار دەكرێت لەڕێگاى چەندين خوێندكارى خۆبەخش و دواتر لە هەولێرەوە ڕێباز فاوندەيشن پەيوەندييان پێوەدەكات و هەر ڕۆژەى كەسێك كارەكانى بۆ دەكرێت و توشبووانيش ڕاستەوخۆ هاوكارى و كۆمەكيان دەكرێت"

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى باسى لەوەش كرد چۆن دەتوانێ هاوكارى زانكۆى كۆيە بكات بۆ هەر بۆنەيەكە تايبەت بە بوارى تەندروستى لە ڕووى ستراتيژى ودارايى ، ئەمەش يەكەم جارە ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى هەماهەنگى لەم جۆرە بكات لەگەڵ زانكۆيەك.

كانياو وشيار عبدالكريم خوێندكارى قۆناغى دووەمى مايكرۆبايۆلۆژييە لە زانكۆى كۆيە ئامادەى وۆرك شۆپەكە بوو دەلێـت" بۆ ئێمەى خوێندكاران و هەر خۆشم كەتيم ليدەر بووم لەگەڵ گروپەكەم زۆرمان پێ باشبوو و سوودى زۆرمان لێي بينى ، چونكە ئەزمونێكى تازە بوو و خەڵكى ترمان ناسى و كارى نوێمان كرد. ئەمە جگە لەو زانياريانەى لە پرێزنتەيشنەكان بەدەستمان هێنا كە داتاو زانيارى وورديان تێدابوو."

ئامادەبووان بە گشتى و خوێندكاران بەتايبەتى بەردەوام بوونى ئەم جۆرە چالاكييە ئەكاديمى و سيمينار و وۆرك شۆپانەيان زۆر بە باش و پێويست زانى بەتايبەت لەبوارەكانى پەيوەست بە ژيان و تەندروستى تاكەكانى كۆمەڵ."

ئا: محەمەد مەغديد، سامان نەسرەدين
وێنەكان: كامەران ئەبووبەكر

Comments