وەفدێكى ناوەندى رۆشنبيرى مستەفا زەڵمى سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد

News #16, Issue 50 Jan 2019 | Núcey #16, Jhimarey 50, Mangí 01 Sallí 2019 | نوچەی 16، ژمارەى 50 - مانگی 02 ساڵی 2019



ئەگەر لەكۆتاييەكانى سەدەى رابردودا ، زانين و گەران بەدواى زانيارى وايكردبێت مەلا محمدى جەليزادەو مستەفا زەلمى يەكترى بناسن و لەيەكترى نزيك بن . ئەوا لەمرۆشدا هەر زانست و ئاڵوگۆڕى بيرى زانستى پەيوەنديە مێژووييە جوانەكان زيندوو دەكاتەوەو كۆيەو هەورامان لەچوارچێوەى دوو ناوەندى ڕۆشنبيرى پركەلك و سوودى گشتى ، دەستى هاوكارى و هەماهەنگى دەخەنە ناو دەستى يەكترى .

ڕۆژى پێنجشەمە ٧ / ٢/ ٢٠١٩ وەفدێكى ناوەندى ڕۆشنبيرى ( مستەفا زەڵمى ) ، كە پێك هاتبوو لە بەرێزان ياساناس مسعود مستەفا ابراهيم كوڕى مستەفا زەڵمى و مامۆستا عەلى شەريف ، سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد و سەردانەكەيان لە دوو وێستگەدا خۆى بينيەوە .

وێستگەى يەكەم : سەردانى سەنتەرى مەلاى گەورە بۆ توێژينەوەيان كرد و لەلايەن بەرێز دكتۆر هشيار زەكى ، سەرۆكى سەنتەرى ناوبراو پێشوازيان لێكرا ، سەرجەم بەرهەمە چاپكراوەكانى مستەفا زەلميان وەك ديارى پێشكەش بە سەنتەرى توێژينەوەى مەلاى گەورەى كۆيە كرد .

لەمبارەيەوە بەرێز مسعود مستەفا ئامانجى سەردانەكەى بۆ زانكۆى كۆيە ئاماژەپێداو وتى " دوو هۆكارى سەرەكى واى كردووە كە ئەم سەردانە بۆ زانكۆى كۆيە بكەين .

يەكەم/ ماوەيەكە سەرگەرمى كردنەوەى ناوەندێكى ڕۆشنبيرين لە زێدى كۆچكردوو مستەفا زەڵمى لە شارى خورماڵى سەربە پارێزگاى هەڵەبجە لە سنوورى هەورامان . خۆشبەختانە رەزامەندى حكومەتمان بەدەست هێناوەو زۆربەى كارەكانمان تەواو كردووە و لە قۆناغەكانى كۆتايين .

بۆئەوەى زۆرترين زانيارى كۆكەينەوە ، هاتين سوود لە ئەزموونى سەنتەرى توێژينەوەى مەلاى گەورەى كۆيە ببينين ، بۆ ئەوەى ڕێنماييمان بكەن لە چۆنيەتى كردنەوەو كاركردن لە ناوەندى روناكبيرى مستەفا زەلمى .

دووەم/ هۆكارى دووەمى سەردانەكەمان ، نيشاندانى ئەمەك و وەفايە بۆ ئەو شارەى كە مستەفا زەڵمى لە هەورامانەوە كاتى خۆى بەمەبەستى وەرگرتنى زانست و زانيارى سەردانى كردووە و لاى زانا بەتواناكانى ئەم شارە بەتايبەتى مەلاى گەورەى كۆيە ( مەلا محمدى جەليزادە ) وانەى خوێندووە و ، لەساڵى ١٩٤٦ يەكەمين بروانامەى لەم شارە بەدەست هێناوە. وە هەميشە مامۆستا زەلمى ئامۆژگارى كردووين و پێى ڕاگەياندووين ، كە كۆيە شارێكى پڕ ڕۆشنبيريەو خاوەنى مێژوويەكى جوانە ، هەرلەبەرئەو خۆشەويستيەش بووە كە ناوى مەسعودى كورى مەلاى گەورەى كۆيەى لە ناوى كورى خۆى ناوە .

هەر لەبارەى سەردانەكەى وەفدى ناوبراو ، بەڕێز دكتۆر هشيار زەكى سەرۆكى سەنتەرى مەلاى گەورە بۆ توێژينەوە لەزانكۆى كۆيە وتى "

ئەو ديدارەى ئەمڕۆ دەكەوێتە چوارچێوەى كاروچالاكيەكانى سەنتەرى ڕۆشنبيرى مەلاى گەورە ، كە هەميشە لە هەوڵداين چالاكى زانستى و پەيوەندى زانستى دروست بكەين لەگەڵ ناوەندو سەنتەرەكانى ترى كوردستان بەتايبەتى و عيراق بەگشتى ، وە ئالوگۆر كردنى بابەت و سەرچاوە وەك بابەتەكانى كۆچكردوو مامۆستا مستەفا زەڵمى ، لەبەر ئەوەى دكتۆر زەلمى جێگەو پێگەى نەك لەسەر ئاستى كوردستان و عيراق بەڵكو لەسەر ئاستى ئەمڕۆى جيهانى ئيسلامى ، ديارەو كەسێكى ناوداربووە .

ئەمەش تەنها دەربڕينێكى ئێمە نيە ، بەلكو دركاندنى ئەوراستيانە لەلايەن ناوەندە زانستيە ناودارەكان ئاماژەى پێدراوە ، بۆنموونە لەلايەن زانكۆيەكى ناودارى جيهانى ئيسلامى وەك زانكۆى ئەزهەر، مستەفا زەلمى خەلات دەكرێت و دەڵێن " ئێمە فەخرمان بەوە كردووە كە مستەفا زەلمى ئەو كەسايەتيە مەزنەى بوارى زانستى ياساو فەلسەفەو بوارى زانستى جيهانى ئيسلامى لە زانكۆى ئەزهەر بروانامەى بەدەست هێناوە .

ئەم ساڵ لە ١٦ / ١ / ٢٠١٩ كۆنفڕانسێكى گەورە ، بەئامادەبوونى شەش زانكۆى عيراقى و زانكۆكانى هەرێمى كوردستان لەسەر ژيان وبەرهەمەكانى دكتۆر مستەفا زەڵمى ، لە زانكۆى سەلاحەدين بەڕێوەچوو .

سەبارەت بە پەيوەندى و هەماهەنگيان لە گەل ناوەندى ڕۆشنبيرى مستەفا زەڵمى دكتۆر هشيار وتى " ئێمە زۆر سوپاسى ئەو بەرێزانە دەكەين كە لەيەكەم سەردانى خۆيان بۆ ناوەندە زانستيەكان سەنتەرەكەى ئێمەيان هەڵبژاردووە ، ديارە ئەوانيش دەيانەوێ ئەزموون لە كردەوەكانى مستەفا زەلمى وەرگرن ، وەك چۆن ئەويش بەدواى زانست دا گەراوەو بۆ خوێندن هاتۆتە كۆيە ، زۆر سوپاسيان دەكەين كە كۆى بەرهەمى چاپكراوى مستەفا زەڵمى بەزمانى كوردى و عەرەبى ، بەديارى بۆ ئێمەيان هێناوە ، لاى خۆمانەوە بەهەموو شێوەيەك هاوكاريان دەبين ، ڕێنماييان دەكەين لە چۆنيەتى كاركردن و كردنەوەى ناوەندەكەيان ، دڵخۆشين بەم پەيوەندى و هەماهەنگيە ، كۆچكردوو مستەفا زەلمى جێگاى فەخرو شانازى هەموولايەكمانە"

وێستگەى دووەم 

لەوێستگەى دووەمى سەردانەكەياندا وەفدى ناوەندى ڕۆشنبيرى مستەفا زەڵمى ، سەردانى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيەيان كردوو لەلايەن بەڕێزان ، دكتۆر وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە و دكتۆر حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆى كۆيە بۆكاروبارى زانستى ، پێشوازيان لێكرا

بەم بۆنەيەوە سەرۆكى زانكۆى كۆيە خۆشحالى خۆى دەربڕى بەسەردانەكەى وەفدى ناوبراو ، وە پيرۆز بايي لێكردن بە بۆنەى ئەوهەوڵانەى داويانە بۆ كردنەوەى ناوەندى ڕۆشنبيرى مستەفا زەڵمى ، بەڵێنى پێدان وەك زانكۆى كۆيە بە هەموو شێوەيەك ئەوەندەى لە تواناى زانكۆى كۆيەدابێت هاوكارى ئەوسەنتەرەى بەڕێزيان بكات ، وە برياريدا بە پێدانى سەرجەم چاپكراوەكەنى زانكۆى كۆيە لە ئيستاو لە داهاتوودا بە كتێبخانەكەيان . وە داواى لە ليژنەى زانستى كۆنفڕانسى نێودەولەتى كۆيە لە ڕەوتى شارستانيەتيدا كرد ، كە بانگهێشتى سەنتەرى ناوبراو بكرێت لەكاتى بەڕێوە چوونى كۆنفڕانسەكە .

لەبەشێكى ترى وتەكانى دا سەرۆكى زانكۆى كۆيە وتى " دتوانين لەئايندەدا ئيشى هاوبەش بكەين لە ڕێگاى سەنتەرى مەلاى گەورە و سەنتەرى مستەفا زەلمى، چونكە ئەوبەرێزانە خوا لێيان خۆشبێت ، خاوەنى فيكر بووينە خاوەنى عەقل بووينە. پێويستە ئێمەى كورد بيرۆكەو بۆچوونەكانيان پێشنيارو ئامۆژگاريەكانيان لەبەرچاو بگرين و كەلكيان لێوەربگرين و فەرامۆشيان نەكەين"

هەربەم بۆنەيەوە بەرێز مسعود مستەفا زەلمى سوپاسى سەرۆكى زانكۆى كۆيەى كرد و وتى " شارى كۆيە ئەوشارەيە كە لەكۆنەوە ڕۆشنبيرى تيايە ، چالاكى تيايە ، لە ئيستاشدا سوپاس بۆ خوا زانكۆى تيادايە و ، يەكێكە لەشارە ديارو پڕڕۆشنبيريەكانى كوردستان"



ناوەندى ڕۆشنبيرى ( مستەفا زەڵمى )

دەكەوێتە شارۆچكەى خورماڵى سەربەپارێزگاى هەلەبجە لە دەڤەرى هەورامان ، لە زێدى ڕەوانشاد مستەفا زەلمى ، ئەمساڵ مۆڵەتى فەرمى لە حكومەت پێدراوە ، سەرجەم كارەكانى لە قۆناغى تەواو بووندايە ، لەلايەن ئەنجومەنێكى ڕاوێژكارى لە كەسايەتى ئاست بەرز و خوێندەوارى ناوچەكە كارەكانى ڕايي دەكرێت . بڕيارە لەداهاتوويەكى نزيك دا لە گردبوونەوەيەكى جەماوەريدا ، بكرێتەوەو بە خەڵك و دەزگاكانى ڕاگەياندن بناسێنرێت .



مستەفا زەڵمى

ناوى تەواوى ( مستەفا ئيبراهيم حەمەدئەمين ) ساڵى ١٩٣٤ بۆيەكەم جار چۆتە خوێندنى ئاينى . بە مەبەستەى فێربوون و خۆپێگەياندن زۆربەى شارەكانى عيراق و ئيران گەڕاوە .

لەساڵى ١٩٤٦ دواين قۆناغى خوێندنى ئاينى تەواو دەكات و هەر لەم شارەش يەكەم بروانامە ى خوێندن ( ئيجازەى مەلايەتى ) وەرگرتووە .

ساڵى ١٩٦٥ بروانامەى بەكالۆريۆس لە ياسا .
ساڵى ١٩٦٩ ماستەر لەشەريعەتى ئيسلامى .
سالى ١٩٧١ ماستەر لە فيقهى بەراودردكارى لەزانكۆى ئەزهەر .
ساڵى ١٩٧٣ ماستەر لەياسا لە زانكۆى قاهيرە .
ساڵى ١٩٧٥ دكتۆرا لە فيقهى بەراوردكارى لە زانكۆى ئەزهەر.
ساڵى ١٩٨١ پلەى مامۆستاى ياريدەدەرى وەرگرتووە لە زانكۆى بەغداد
ساڵى ١٩٨٥ پلەى مامۆستايەتى وەرگرتووە لە زانكۆى بەغداد .

بەرهەمەكانى مستەفا زەڵمى

مستەفا زەڵمى زياتر لە ٥٠ پەنجا كتێبى هەيە لە بوارەكانى شەريعەو ياسا ،
زياتر لە ٤٠ توێژينەوەى زانستى هەيە لەبوارەكانى ياساو فەلسەفە .
لەماوەى ژيانى دا  ١٣ ناونيشانى زانستى جۆراوجۆرى وەرگرتووە .

سەرپەرشتى زياتر لە ١٠٠ سەد نامەى ماستەرو تێزى دكتۆراى كردووە .
بەشدارى ژمارەيەكى زۆر كۆنگرەى كردوووە لە ناوەوەو دەرەوەى عيراق
چەندين خەلاتى ناوخۆيي و نێودەوڵەتى وەرگرتووە .


ئامادەكردنى محمد مغديد
وينەكان كامەران ابوبكر



Comments