شاندێكى زانكۆى كۆيە بەشدارى كرد لە پێشانگاى زانكۆكانى وڵاتى ئێران

News #06, Issue 48Dec 2018 | Núcey #06, Jhimarey 48, Mangí 12 Sallí 2018 | نوچەی 06، ژمارەى 48  مانگی 12 ساڵی 2018


سەرۆكى زانكۆى كۆيە بەياوەرى ژمارەيەك بەڕێوەبەر و مامۆستاى زانكۆى كۆيە بەشدارى كرد لە پێشانگاى زانكۆكانى وڵاتى ئێران كە ماوەى دوو ڕۆژى خاياند و زانكۆى كۆيە  ژمارەيەك ديدارى لەگەل زانكۆكانى ئەو وڵاتە ئەنجامدا.

ڕۆژى چوارشەممە ٢٠١٨/١٢/١٩ لە هۆڵى سەنتەرى ڕۆشنبيرى و كۆمەڵايەتى زانكۆى سەڵاحەدين، بەڕێز پ.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ  بەياوەرى بەڕێزان پ.ى.د.دەريا حەوێزى مامۆستاى بەشى زمانى كوردى، د.هاوكار باپير بەڕێوەبەرى پەيوەنديەكان، د.محەمەد فايق سەرۆكى بەشى فيزيا، حازم على بەڕێوەبەرى راگەياندنى زانكۆ سەردانى زانكۆكانى وڵاتى ئێرانيان كرد كە ماوەى دوو رۆژ پێشانگايان لە شارى هەولێر كردۆتەوە.

سەرەتاى كارەكان بە چەند وتەيەك دەستى پێكرد لە لايەن وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و سەرۆكى زانكۆى سەلاحەدين و سەركونسولى ئێران لە هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتى خوێندكارانى نێونەتەوەيى ئێران، پاشان پێشانگاكە كرايەوە.

وەفدى زانكۆى كۆيە وێڕاى بەسەركردنەوەى هەموو زانكۆ بەشدارەكان، ئەم چالاكيانەى ئەنجامدا:

سەرۆكى زانكۆ ياداشتنامەى لێكگەيشتى واژۆكرد لەگەل زانكۆى پيشەسازى نەوشيروانى بابل، هەروەها واژۆى ياداشتنامەى لێكگەيشتنى كرد لەگەل زانكۆى تەكنيكى و پيشەيى.
وێڕاى ئەنجامدانى ديدارلەگەل نوێنەرانى زانكۆى پزيشكى تاران سەبارەت بە هەماهەنگى نێوان هەردوو زانكۆ بۆ پێشكەشكردنى هاوكارى بە سكوڵى پزيشكى زانكۆى كۆيە.

لەو ديدارەدا سەرۆكى زانكۆى كۆيە چەند ئۆفەر و ئەگەرێكى لەگەل نوێنەرانى زانكۆى پزيشكى تاران باسكرد كە گەورەترين زانكۆى پزيشكيە لە ئێراندا، نوێنەرانى زانكۆكەش بەگەشبينيەوە لە ئايندەى ئەو ديدارەيان ڕووانى و هيواداربوون بە ئەنجامدانى لێكگەيشتن لەگەل زانكۆى كۆيە بۆ يارمەتيدانى زانستى لە بوارە پێويستيەكاندا.

ئامادەكردنى:ژوورى هەوال
Comments