وه‌فدێكی زانکۆی فرایبێرگی تەکنیکی ئەڵمانی سه‌ردانی زانكۆی كۆیه‌ی كرد

News #06, Issue 47Nov 2018 | Núcey #06, Jhimarey 47, Mangí 11 Sallí 2018 | نوچەی 06، ژمارەى 47  مانگی 11 ساڵی 2018



 ڕۆژى پێنج شەممە ڕێكەوتى ٢٠١٨/١١/٢٢ وه‌فدی زانكۆی فرایبێرگی ته‌كنیكی ئه‌ڵمانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی پرۆفیسۆر محمد عه‌مرۆ سه‌رۆك به‌شی ئەندازیاری نه‌وت و مانوێلا یۆنگهانس یاوه‌ری له‌ زانكۆی فرایبێرگی ته‌كنیكی ئه‌ڵمانی سه‌ردانی زانكۆی كۆیه‌یان كرد.

 وه‌فده‌كه‌ سه‌ره‌تا سه‌ردانی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری كردو له‌ لایه‌ن ڕاگرى فەكەڵتى و مامۆستايانى بەشى ئەندازيارى نەوت و كيمياوى پێشوازیان لێ كرا.

دواتر وه‌فده‌كه‌ سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كۆیه‌یان كرد و له‌ لایه‌ن به‌رێزان سەرۆكى زانكۆ و  ياريدەدەرى سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و  به‌رێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی زانكۆی كۆیه‌وه‌ پێشوازیان لێ كرا . 

له‌م كۆبوونه‌وه دا هه‌ردوولا هاورابوون له‌ سه‌ر به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و زیاتر فراوان كردنی ئه‌م په‌یوه‌ندی و سه‌ردانانه‌ له‌ پێناو زیاتر زیاتر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی . 

دواتر وه‌فده‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی بینی تاقیگه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری سه‌ردانی تاقیگه‌كانی هه‌ردوو به‌شی ئەندازیاری نه‌وت و كیمیاوی كرد‌ و خۆشحاڵیان ده‌ربری كه‌ تاقیگه‌كان به‌ ئامێری ئاوا پێشكه‌وتوو ئه‌بینن.

به‌رێز پرۆفیسۆر محمد عه‌مرۆ سه‌رۆك به‌شی نه‌وت له‌ زانكۆی فێبراگی ته‌كنیكی ئه‌ڵمانی له‌ هۆڵی دكتۆر نازم سمينارێكى پێشكەش كرد.

له‌سه‌ر ئه‌م سمیناره‌ و سه‌ردانی وەفدەكە مامۆستا هه‌ڤاڵ له‌ به‌شی نه‌وت دەڵێت" هه‌بوونی لێكتێگه‌یشتن و ئاڵووگۆركردنی فه‌رهه‌نگی پێشكه‌وتن و زانیاری له‌ نێوان زانكۆكان به‌ گشتی به‌ نموونه‌ زانكۆی كۆیه‌ و زانكۆی فرایبۆرگی ئه‌ڵمانی كاریگه‌ریه‌كی ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی ره‌وتی ئه‌كادیمی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی قوتابیان و مامۆستایان و ئاگاداربوونیان له‌مه‌ر دواترین ته‌كنه‌لۆجیای نوێ به‌ پێشكه‌شكردنی سمیناری له‌م شێوه‌و كۆنفرانسی هاوبه‌ش و ئالوگۆركردنی ستافی ئه‌كادیمی و به‌ڕێوه‌بردن. بۆیه‌ سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و لێكتێگه‌یشتنه‌ی هه‌ردوو زانكۆ هیوادارین به‌رده‌وام بێت و ببێته‌ نموونه‌یه‌كی زیندوو و جێبه‌جێكرا"

مامۆستا رێبوار كرمانج سه‌رۆكى به‌شی ئەندازيارى كیمییاوی دەڵێت" وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی به‌شی ئه‌ندازیاری كیمیاوی خۆشحاڵین به‌م جۆره‌ سیمینارانه‌ چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ سیمینارانه‌ زۆر سودی ئه‌بێت بۆ مامۆستایان و خوێنكارانمان كه‌ سیمناره‌كه‌ ده‌رباره‌ی پیشه‌سازی نه‌و‌ت و گاز بوو بابه‌تی زۆر گرنگ و سه‌رده‌میانه‌ی باس كرد"


كۆژین سه‌رۆك خوێندكار له‌ به‌شی نه‌وت دەلێت "ئەم سیمینارانە وێنەیەکی گەورەتر پیشانی خوێنداکاران دەدەن و بیرۆکەی زیاتریان دەدەنێ لەسەر ئەوەی پیشەسازییەکە بەرەو چ ئاراستەیەک دەچێت، وە بەرچاوڕوونی دەدەن لەسەر پێویستی و داواکاری کۆمپانیاکان و ئەو توانایانەی پێویستە خوێندکاران ئیشیان لەسەر بکەن تا لەگەڵ نوێترین تەکنەلۆجیا بڕۆن و ئاگاداربن"

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیان وەفدەکەی زانکۆی فرایبێرگ بە یاوەری راگری فاکەڵتی ئەندازیاری و هەردوو سەرۆک بەشی ئەندازیاری نەوت و کیمیاوی سەردانی کۆمپانیای نەوتی شیواشۆک تی تی ئۆپکۆيان كرد و لە كۆبوونەوەدا لەگەڵ كۆمپانياى ناوبراو تاوتوێی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو زانکۆ و کۆمپانیای ناوبراو کرا و سوود وەرگرتن لە تواناکانی زانکۆکان بە تایبەتی لە بواری راوێژکاری.

پرۆفیسۆر محمد عه‌مرۆ لەبارەى سەردانەكەيان بۆ زانكۆى كۆيە دەڵێت" 
ئامانجی ئێمه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوولامان بتوانین زیاتر لێك نزیك ببینه‌وه‌و كه‌شوهه‌وای باش بره‌خسێنین بۆگه‌شه‌پێدانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ داهاتووش دا  سیمینارو سه‌ردانه‌كانمان فراوانترو گه‌وره‌تر ئه‌كه‌ین"

دەشڵێت" سه‌رسام بووم به‌م ئامێره‌ پێشكه‌وتوانه‌ی له‌ تاقیگه‌كانی هه‌ردوو به‌شی نه‌وت و كیمیاوی بینیمان، هەروەها توشی سوپرایز و سه‌رسورمان بووم كه‌ خوێندكاری ئاوا ئاست به‌رزم بینی له‌ سیمیناره‌كه‌دا كه‌توانای باشیان هه‌بوو و گفتووگۆی زانستیان به‌رز دیار بوو و ئه‌وه‌ منی دڵ خۆش كرد به‌بینینی ئه‌م ئاسته‌ به‌رزه‌ی خوێندكاران"

ئامادەكردن و وێنە: بەندى لوقمان

Comments