سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ سەرۆكايەتى شارەوانى كۆيە كۆبۆوە

News #02, Issue 45Sep 2018 | Núcey #02, Jhimarey 45, Mangí 9 Sallí 2018 | نوچەی 02، ژمارەى 45  مانگی 9 ساڵی 2018


بە مەبەستى چارەسەركردنى هەندێك كێشە و گرفتى پەيوەنديدار بە كەمپى زانكۆى كۆيەوە، سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ سەرۆكايەتى شارەوانى كۆيە كۆبۆوە.

ڕۆژى سێ شەممە ٢٠١٨/٩/٤ بەڕێز پ.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و ئەندازيار بۆتان ئەنوەر بەڕێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكان سەردانى سەرۆكايەتى شارەوانى كۆيەيان كرد كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێزان هيمداد مەجيد سەرۆكى شارەوانى و كاك شەريف لێپرسراوى هۆبەى هونەرى و ئەندازيار كاروان خاليد و ياسايى فەرەيدون حەمەشەريف .

لەو ديدارەدا تاوتوێ ى پارچە زەويە تەرخانكراوەكانى كەمپى زانكۆ و ڕووبەرە تاپۆكراو و تاپۆنەكراوەكانكرا. لە ئێستادا نزيكە ٥٠٠ دۆنم زەوى وەك موڵكى زانكۆ يەكلا كراوەتەوە و لە ماوەيەكى نزيكيشدا چەندين دۆنم زەوى تر وەك موڵكى زانكۆ يەكلادەكرێـتەوە.

هەر لەو سەردانەدا چارەسەرى كێشەى زەوى نيشتەجێ بوونى مامۆستايان و فەرمانبەران باسكرا و چاوەڕێى چارەسەركردنى ئەو كێشەيە دەكرێـت.

سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە سوپاسى سەرۆكايەتى شارەوانى كۆيە و فەرمانگەى تاپۆى كۆيە دەكات لە بەرامبەر هاوكاريەكانيان بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشانە لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا. 
Comments