شاندى زانكۆى كۆيە سەردانى زانكۆى فرايبێرگى كرد

News #03, Issue 41May 2018| Núcey #03, Jhimarey 41, Mangí 5 Sallí 2018 | نوچەی 03، ژمارەى 41  مانگی 5 ساڵی 2018


شاندى زانكۆى كۆيە دواى بەشداريكردنى لە يادى دامەزراندنى زانكۆى وارشۆ و سەردانى كردنى زانكۆى AGH بۆ زانست و تەكنۆلۆجيا، سەردانى زانكۆى فرايبێرگى كرد لە ئەڵمانيا.

ڕۆژى ٢٠١٨/٥/٢٢ وەفدەكە گەيشتنە زانكۆى فرايبێرگ، بە گوێرەى بەرنامەى پێشوەختە كۆبوونەوەيەك لەگەڵ ئۆفيسى پەيوەنديە نێودەوڵەتيەكانى زانكۆ ئەنجامدرا كە تيايدا نامەى لێكگەيشتن سەبارەت بە پرۆگرامى ئيراسمۆس پلەس بە شێوازى كۆتايى ڕەزامەندى لەسەر درا.

پاشان لە لايەن سەرۆكى زانكۆى فرايبێرگەوە بە ئامادەبوونى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى، شاندەكە پێشوازى لێكرا, لەو دانيشتنە  گفتوگۆكرا سەبارەت بە بابەتى خوێندنى دبلۆمى باڵاى هاوبەش لە نێوان هەردوو زانكۆ كە پاڵپشتى دارايى دەكرێت لە چوارچێوەى بەرنامەى ميگى، هەروەها خوێندنى ماستەر و دكتۆرا تەوەرەێكى ترى دانيشتنەكە بوو .

لەو ديدارەدا جەخت كرايەوە لەسەر زياتر چالاككردنى ياداشتنامەى لێكگەيشتنى نيوان هەردوو زانكۆ لەو چوارچێوەيەشدا ڕەزامەندى درا لەسەر ناردنى دوو خوێندكارى فەكەڵتى ئەندازيارى بۆ بەشداريكردن لە خولێكى ڕاهێنانى هاوينە لە زانكۆى ناوبراو.

دواى ئەو ديدارە، شاندەكە سەردانى فەكەڵتيەكانى ئەندازيارى نەوت و ميكانيك و دروست كردن و جيۆتەكنيكى كرد، وێراى سەردانى تاقيگەكانى ئەو بەشانە.
Comments