شاندێكى زانكۆى كۆيە سەردانى زانكۆى وارشۆى كرد

News #01, Issue 41May 2018| Núcey #01, Jhimarey 41, Mangí 5 Sallí 2018 | نوچەی 01، ژمارەى 41  مانگی 5 ساڵی 2018





بە مەبەستى بەشداريكردن لە يادى دامەزراندنى زانكۆى وارشۆ، سەرۆكى زانكۆى كۆيە و راگرى فەكەڵتى ئەندازيارى بەسەردانێكى فەرمى لە زانكۆى وارشۆن. 

لە لايەن سەرۆكى زانكۆى (Warsaw University of life - SGGW) بانگهێشتنامەيەك گەيشت بە سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە بۆ بەشداريكردنى شاندى زانكۆى كۆيە لە يادى دامەزراندنى زانكۆى وارشۆ لە رۆژانى ١٧-١٩/ ٥/ ٢٠١٨  ، بۆ ئەم مەبەستە هەريەك لە بەڕێزان پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و پ.ى.د.محەمەد حەسيب زەنگەنە راگرى فەكەڵتى ئەندازيارى گەيشتنە زانكۆى وارشۆ . 

لەو مەراسيمەدا خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرايە ژمارەيەك پرۆفيسۆرى زانكۆكە لە بەرامبەر داهێنانەكانيان، هەروەها ئەنجامدانى فێستيڤاڵى بەرهەمەكانى زانكۆ و چەند چالاكيەكى تر. 

ڕۆژى ١٨/٥ مەراسيمى ڕێ و ڕۆيشتنى ئەنجومەنى زانكۆ و سەرۆك زانكۆ بانگهێشتكراوەكان دەستى پێكرد. سەرۆكى هەر زانكۆيەكى ميوان بە عەبا و جلى تايبەتى خۆى بەشداريكرد. لە عێراق تەنها سێ زانكۆ بانگهێشتكرابوون و تەنيا زانكۆى كۆيە توانى بەشدار بێت لە ڕێ و ڕەسمەكە. 

ڕۆژانى ١٨-١٩/ ٥/ ٢٠١٨  شاندى زانكۆى كۆيە چەند ديدار و كۆبوونەوەيەكى لەگەڵ شاندى زانكۆكانى ميوان لە يادەكە ئەنجامدا لەبارەى چۆنيەتى ئەنجامدانى كار و چالاكى هەماهەنگ لە نێوان ئەو زانكۆيانە و زانكۆى كۆيەدا. 

رۆژى ٢٠١٨/٥/١٩ كاتژمێر ١٠ى بەيانى شاندەكە كۆبوونەوەيەكى فراوانى ئەنجامدا لە ئۆفيسى پەيوەنديەكانى دەرەوە لەگەڵ هەريەك لە ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ و راگرى فەكەلتى ئەندازيارى شارستانى و جيۆتەكنيك و ژينگە، هەروەها ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى بەرهەم هێنان، جگە لە ژمارەيەك پرۆفيسۆرى ئەندازيارى زانكۆكە. 

لەو كۆبوونەوەيەدا زۆر تەوەر باسكران لەوانە: 

- ئەنجامدانى كارى هاوبەش لە چوارچێوەى بەرنامەى ئيراسمۆس پلەس. 

- چۆنيەتى چالاككردنى ياداشتنامەى لەيەكگەيشتنى نێوان هەردوو زانكۆ. 

- ئەنجامدانى كارى هاوبەش بەتايبەت لە بوارەكانى ئەندازيارى شارستانى و جيۆتەكنيك كە لە هەردوو زانكۆدا هەيە. 

- بەشداريكردنى چالاك لە گۆڤارى ئارۆ. 

دواى كۆبونەوەكە، شاندى زانكۆى كۆيە ئاشناكران بە ئامێرە پێشكەوتووەكانى تاقيگەكانى ئەندازيارى شارستانى و ژينگە و ئاو كە لە لايەن يەكێتى ئەوروپاوە دابينكرابوو. 

 لە كۆتاييدا سەردانى بەڕێز ئەسعەد ئەبووگول باڵيۆزى عێراق لە وارشۆكرا و لە ديدارێكدا باسى پەيوەندى نێوان زانكۆكان لەگەڵ زانكۆكانى پۆڵەندا كرا، وێڕاى جەخت كردنەوە لە گرنگى پەيوەندى ئەكاديمى لە نێوان ئەو زانكۆيانەدا.
Comments