مەراسيمى يادى كۆچى دوايى مام جەلال بەڕێوەچوو

News #02, Issue 35Nov 2017| Núcey #02, Jhimarey 35, Mangí 11 Sallí 2017 | نوچەی 2، ژمارەى 35 مانگی 11 ساڵی 2017


ڕۆژى يەك شەممە ٢٠١٧/١١/١٢ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە، مەراسيمێك لە يادى كۆچى دوايى جەنابى مام جەلال دامەزرێنەرى زانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو.

لەسەرەتادا دواى وەستان بۆ گيانى شەهيدانى كوردستان و دامەزرێنەرى زانكۆى كۆيە، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەش كرد و ئاماژەى بەوەدا كە زانكۆى كۆيە خۆى بە قەرزارى جەنابى مام دەزانێت كە بونيادنەر و دامەزرێنەرى زانكۆكەيە " مام جەلال پاڵپشتيەكى سەرەكى زانكۆى كۆيە بوو، ئەو لەو سۆنگەيەوە پشتيوانى دامەزراوە ئەكاديميەكانى دەكرد، كە زانكۆ و دەزگا ئەكاديميەكان دەتوانن ڕۆڵێكى گرنگ بگێڕن لە پێشكەوتنى كوردستان و شارستانێتيەكەيدا"

پاشان وتەيەك پێشكەش كرا لە لايەن بەڕێز رەهبەر سەيد برايم روناكبير و ئەندامى سەركردايەتى يەكێتى نيشتمانى كوردستان، هەروەها وتەيەك پێشكەش كرا لە لايەن بەڕێز سەڵاح شێخ شەرەف كە لە كاتى دامەزراندنى زانكۆى كۆيەدا قايمقامى كۆيە بووە.

هەرەوەها لە ميانەى ڕێورەسمەكەدا ڤيديۆيەك نمايشكرا كە بەڕێز مام جەلال بەردى بناغەى زانكۆى كۆيە دادەنێت و وێڕاى وتارى ناوبراو.

هەروەها ڤيديۆى پێدانى بروانامەى دكتۆراى فەخرى نمايشكرا كە لە ساڵى ٢٠١٥ لە لايەن ئەنجومەنى زانكۆى كۆيەوە بە مام جەلال بەخشرا.

لە كۆتاييشدا لە لايەن گروپى سەحەرەوە، سرودى جەنابى مام پێشكەش ئامادەبووان كرا.

ئامادەكردن و وێنە : ژورى هەواڵ

Comments