ئاهەنگى دوازدەيەمين خولى دەرچووان بەڕێوەچوو

News #02, Issue 34Oct 2017| Núcey #02, Jhimarey 34, Mangí 10 Sallí 2017| نوچەی 2، ژمارەى 34 مانگی 10 ساڵی 2017



ڕۆژى يەك شەممە ٢٠١٧/١١/١٥ دوازدەيەمين خولى دەرچووانى زانكۆى كۆيە بە بەشدارى زياتر لە هەزار خوێندكار بەڕێوەچوو بە ناونيشانى (خولى ماڵئاوايى مام).


لە هۆڵى سكوڵى پەروەردەى وەرزش، بە ئامادەبوونى ژمارەيەكى زۆر لە مێوان و خزموكەسوكارى خوێندكاران، ڕێورەسمەكە كاتژمێر ٣ى عەسر دەستى پێكرد. ئەم مەراسيمە بڕيار بوو لە رۆژى دامەزراندنى زانكۆ لە ڕێكەوتى ٢٠١٧/١٠/١١ بەڕێوە بچێت بەڵام بەهۆى كۆچى دوايى دامەزرێنەر و كەسايەتى مەزنى گەلەكەمان جەنابى مام جەلال دواخرا بۆ ئەم بەروارە.


دواى كەژاوەى هاتنە ژورەوە ئاڵاكان و خوێندكاران، لە لايەن بەڕێز پ.د.سەعيد ساڵح حمدامين سەرۆكى ليژنەى باڵاى مەراسيمەكەوە، وتارى ليژنەى مەراسيم خوێندرايەوە كە ئەمەى خوارەوە دەقەكەيەتى :

وتەى سەرۆكى ليژنەى باڵاى ئاهەنگى دەرچووان 
ميوانە بەڕێزەكان 
ستافى مامۆستايانى زانكۆمان 
خوێندكارە ئازيزەكان 


ليژنەى باڵاى ئاهەنگى دەرچووانى خولى(دوازدەيەمين)ى ساڵى خوێندنى (٢٠١٦ - ٢٠١٧) بەخێرهاتنى گەرمى هەموو لايەكتان دەكات، بە ئامادەبوونتان زانكۆمان زۆر دڵخۆشە بەبۆنەى ڕێوڕەسمى بەخشينى بڕوانامە بە خوێندكارە دەرچووەكان. 


پڕبەدڵ جوانترين پيرۆزبايى لە خوێندكارە دەرچووەكان دەكەين كە دواى چوار ساڵ هەوڵ و كۆشش و بەتايبەت لەم ساڵدا سەرەڕاى هەموو ئاستەنگ و قەيرانەكانى هەرێمى كوردستان كە بەرۆكى هەموو تاكێكى كوردستانى گرتۆتەوە، توانيان بە سەركەوتوويى دەربچن. 


لێرەدا دەبێت سوپاس و پێزانينى خۆمان وێڕاى فەرمانبەران، ئاڕاستەى مامۆستاكانمان بكەين كە لە ئاستى بەرپرسيارێتى ئەركەكانيان بەجێ هێنا، تاكو ڕێڕەوى خوێندن لە هەرێمى كوردستان پەكى نەكەوێت، بۆيە شانازيتان پێوە دەكەين و هيوادارين نموونەتان زۆر بێت. 


پ.د.سەعيد ساڵح حمدامين 
سەرۆكى ليژنەى باڵاى ئاهەنگى دەرچووان 
٢٠١٧/١١/١٥


دواتر وتارى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و سەرۆكى ئەنجومەنى زانكۆ خوێندرايەوە كە ئەمەى خوارەوە دەقەكەيەتى :

بەناوى خوداى گەورە 
مامۆستايانى بەڕێز 
خوێندكارانى خۆشەويست 
كەسوكارى دەرچووان 
ئامادەبوانى ئازيز 

ئێمە لە زانكۆى كۆيە و ئەنجوومەنى زانكۆ بۆ دوورگرتنى زانكۆ لە كێشە و ململانێ سياسيەكان هەرگيز نەمانويستووە هيچ مۆركێكى حزبى بە كارەكانى زانكۆ و خولەكانى دەرچوونيەوە دياربێت، بەڵام وەك دەبينن كە خولى ئەمساڵمان ناوزەد كردووە بە (خولى ماڵئاوايى مام)، چونكە مام جەلال نەك هەر سەركردەيەكى ديار و ڕابەرێكى كورد و سەرۆك كۆمارێكى شايستە و بێ وێنە بووە لە عێراق، بەڵكو دامەزرێنەرى زانكۆكەمانە و لە ماڵى خۆى لە شوێنى حەوانەوەى لە كۆيە يەكەم دەستەى سەرۆكايەتى زانكۆ دەست بەكاربوونە، بۆيە وەك بچووكترين وەفا بۆ مام ئەم خولە بە ناوى ماڵئاوايى لەو پياوە مەزنە ناونرا. 

وەك هەموو لايەك دەزانن كەوا پێشكەوتن و خۆشگوزەرانى هەرميللەتێك بەشێكى لە ڕێگاى زانكۆكان و دەرچووانى بەتواناى زانكۆكانيانەوە بەدەست كەوتووە . بۆيەش ئەمڕۆ ئێمە خۆشحاڵين كە ژمارەيەكى تر لە كوڕو كچى ئەم وڵاتە بروانامەكانيان وەردەگرن و بەشدار دەبن لەم ڕەوڕەوەى مێژوو و پێشكەوتنى خەڵكى كوردستان . 

پڕبەدڵ پيرۆزباييتان لێ دەكەين ، ئێمە لەسەرۆكايەتى زانكۆ پێمان خۆش بوو وە بەباشمان زانى كە هەموو ئەو مامۆستايانەى كەلەسەرەتاى دامەزراندنى زانكۆكەوە بەشداربوون لەدانانى بەردى بناغە و باڵاكردنى زانكۆكە ئمڕۆ لەگەڵمان هاوبەشى ئەم خۆشيە بكەن . وە لێرەوە لەم مينبەرە بەناوى هەڤاڵانم لە ئەنجومەنى زانكۆ پڕبەدڵ بەخێرهاتنيان دەكەم و دەست خۆشيان لێ دەكەم لەكارەكانيان لە ڕابردوو وە سوپاسى هاتنيان دەكەم . 

دەرچووانى خۆشەويست لەوانەيە بەشێكى زۆرتان ئەمڕۆ هەندێك لە دڵە ڕاوكێ بن لەسەر چۆنيەتى دامەزراندن و دەست كەوتنى كارو پيشە ، بەڵام دڵنيابن وڵاتەكەمان پڕيەتى لە خێرو پيت لە ئايندەيەكى زۆر نزيك ئەم گرفتەتان چارەسەر دەبێت ، وە ئيش و كارتان دەست دەكەوێت جا چ لە كەرتى گشتى بێت ياخود كەرتى تايبەت . كە هيوادارم هەرچى زووە حكومەت و داموودەزگاكانى پەيوەنديدار و بەرپرس ئەم ڕێنمايى و سيستەمە داڕێژنەوەو خەڵك هيچ جياوازى لە ماف و ئەركى نەبێت چ لە كەرتى گشتى كاربكات ياخوود كەرتى تايبەت . 

ئامادەبوانى مەراسيم 

زانكۆى كۆيە كەئەمرۆ شانازى بەم دەرچووانەوەيە دەكات لە هەمان كاتدا دەبێ دەرچووان و خوێندكارانى ترى زانكۆشمان شانازى بەزانكۆكەيانەوە بكەن كە ئێستا يەكێكە لەزانكۆ بەرچاوو پێشەنگەكانى كوردستان ، وە لەڕاگەياندنى webometrics كە نزيكەى ( ٠٠٠ ٢٧ ) بيست و حەوت هەزار زانكۆ لەسەرتاسەرى دوونيا لەپڕۆسەيەكى ڕيزبەندى و هەڵسەنگاندن ئاستيان بۆ دادەندرێت لەڕيزبەندى ( ٧١٥ ٤ ) چوارهەزارو حەوتسەدو پانزەيەمينى دونياين وەلەسەر ئاستى كوردستان زانكۆى يەكەمين ، ئەگەر بێتو بەراوردێكى ئاسايى بكەين لەتەمەنى زانكۆى كۆيەو گرفت و كێشەكانى عێراق و كوردستان دەزانى كە لە چ ئاستێكى باشداين و چ ئاسۆيەكى گەش چاوەڕوانمان دەكات . چەند ڕۆژلەمەو بەر لەوڵاتى ئەڵمانياوە دەرچوويەكى زانكۆى كۆيە كە ئاوارەبووە و ئيقامەى وەرگرتووە كە داواكارى كردووە ( داواىبڕوانامەيان لێكردووە ئەويش بڕوانامەى زانكۆى كۆيەى هەبووە پێشكەشى كردووە يەكسەروەريان گرتووەو كاريان پێداوە – كەچي دەرچووى ترى لەگەڵ بووە لەهەمان بابەت و پسپۆڕى دەرچووى زانكۆى ترى هەرێمى كوردستان بووە كەچى ئەوانيان داناوە بۆ دووبارە تاقيكردنەوە) ، ئەمە مووژدەيەكى خۆشە كە دەرچوانمان و كەس وكاريان دەبێ و پێويستە بيزانن . 

وەئێمەش لەسەرۆكايەتى زانكۆ پێ دەزانين كە ئەوە ئەنجامى ئەرك و ماندووبوونى بێوێنەى مامۆستايان و كارمەندانى زانكۆمانە بۆيە ڕێزمان هەيەو سوپاسيان دەكەين . وە لەمڕۆوە دواى ماڵئاوايى و كۆچى دامەزرێنەرەكەى دەبێ تەواوى مامۆستا و خوێندكار و كارمەندانمان ماندووبوون و ئەركى زياتر ببينن و بەوەفابن بەرامبەر دامەزرێنەرەكەى كە كورد و ناوچەكەش شانازى پێوە دەكەن. 

ئامادەبوانى بەڕێز : - 

لەم بۆنەيەدا دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە زانكۆمان پێويستى بەگۆڕينى ديدى خەڵكى ناو زانكۆو دەرەوەى زانكۆشمان هەيە، ئەويش ئەوەيە كە چيتر زانكۆ تەنها وەك جێگاى بژێوى و وەرگرتنى بڕوانامە سەير نەكرێت ، بەڵكو دەبێت كەسانێك لەمەودوا وەك بەخشەرو پاڵپشتى ماددى كارمان لەگەڵ بكەن ، بەڵام داواى توێژينەوەى گرنگ و ئاست بەرزى بڕوانامەمان لێ بكەنەوە . 

وە چيتر نابێ خەڵكى وڵاتەكەمان متمانەى بە ئەندازيارو پزيشك و مامۆستاو ياسايى و ... هتد كە لەزانكۆكانى خۆمان دەردەچن و بروانامە وەردەگرن تۆزقاڵێك كەمتر بێت لە دەرچووانى وڵاتانى دەوروبەرو پێشكەوتوو . 

بەڕێزان : - 

چەند ڕۆژێك لەمەو بەر لە كوردستان پڕۆسەيەكى گەورەو سەرتاسەرى گشتپرسى بەرێوە چوو كە تيايدا خەڵكى كوردستان مافێكى سەرەتايى و ڕەواو ديمۆكراتى خۆى ( مومارەسە ) كرد، ئەويش بەدەنگدان بە بەڵێ يان نەخێر، بۆ مانەوە لەگەڵ وڵاتى عێراق ياخود جيا بوونەوە و ڕاگەياندنى دەوڵەتى سەربەخۆى كوردستان . ئەنجامەكەش بەڵێ بوو ، هيوادارم كە لەئايندەيەكى نزيكدا خێرو بێرى ئەم سەربەخۆييە سەربەكونجى هەموو ماڵێك و دەزگايەكدا بكات وسەمەرەيەكى ئەوتۆى هەبێت ئاوەدانى و ئاشتى و ژيانێكى ئارام و عەدالەتى كۆمەلآيەتى بەرقەرار بێت . لەو ئەنجامەشدا زانكۆكان هەنگاوێكى تر بچنە پێشەوەو پلەيەكى ترى كێبڕكێو پێش بڕكێ ببڕين و لە دونيادا باشتر دەركەون . وە ئاواتى ئێمە خۆشى هەموو لايەكتانە. لەكۆتايى ( ٢٠١٨ ) ئاواتمانە زانكۆكەمان ببينين كە لەڕيزبەندى webometrics جيهانى لەريزبەندى ( ٠٠٠ ٣ ) سێ هەزار زانكۆى جيهان خۆمان ببينين . 

دووبارە پيرۆزباييتان لێ دەكەم هيوام خۆشيتانەو لەڕێگاى ئێوەشەوە پيرۆزبايى لە مامۆستاكانتان، لە خانەوادەكانتان دەكەم . پيرۆزە ئەم بڕوانامەيەو پيرۆزە ئەم سەركەوتنەتان . 

هەرشادبن 

پ . ى . د . وەلى مەحمود حەمەد 
سەرۆكى زانكۆى كۆيە 
٢٠١٧/١٠/١٥

دواتر وتارى نوێنەرى خوێندكاران خوێندرايەوە و پاشان دەرچووان سوێنديان خوارد.

لە بڕگەيەكى مەراسيمەكەدا، لە بەرامبەر خزمەتكردنى زانكۆى كۆيە لە ماوەى ڕابردوودا، ئەنجومەنى زانكۆ سوپاس و پێزانينى زانكۆى كۆيەى بەخشى بە ژمارەيەك لەو بەڕێزانەى لە ماوەى رابردوودا وەك ڕاگرى فەكەڵتيەكان لە زانكۆى كۆيەدا كاريان كردووە.

لە كۆتاييشدا خەڵات بەسەر خوێندكارانى يەكەمى بەشەكاندا دابەشكرا و مەراسيمەكە كۆتايى هات.

ئامادەكردن و وێنە : ژورى هەواڵ
Comments