زانكۆكانى وڵاتى ئێران چۆن پارەكانيان لە حكومەت وەردەگرن

News #2, Issue 29May 2017 | Núcey #2, Jhimarey 29, Mangí 5 Sallí 2017 | نوچەی 2، ژمارەى 29 مانگی 5 ساڵی 2017



بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە، لە نووسينێكدا ئەزموونى زانكۆكانى وڵاتى ئێران و هۆكارى پەيوەنديە ئەكاديمييەكانى زانكۆى كۆيە بە زانكۆكانى ئەو وڵاتە دەخاتە ڕوو.

فەرموو بيخوێنەوە

زانكۆكانى وڵاتى ئێران چۆن پارەكانيان لە حكومەت وەردەگرن 

لە (٢) ساڵى بەرپرسياريەتيم وەك سەرۆكى زانكۆى كۆيە، يەكێك لەو ووڵاتانەى كە مەبەستم بووە سەردانى بكەم و لە نزيكەوە پەيوەندى ئەكاديمى و زانستى لەگەڵ زانكۆكانيان ببەستم ووڵاتى ئێران بووە. وە بنەماى ئەم هەنگاوەش ئەم چەند خاڵە بووە: 

يەكەم:- زانكۆكانى ئێران چەند زانكۆيەكيان لە زانكۆ پێشەنگەكانى دونيان. 

دووەم:- ئێران زۆر نزيكە لێمان و گەيشتن بە زانكۆكانى و وەرگرتنى فيزاش ئاسانە و خەرجيەكانيشى زۆرنين. 

سێ يەم:- هەر زانكۆيەكيش لەهەر كوێ ى دونيا چەندە پێش كەتووش بێ بەڵام زيندويى زانكۆكان لە هەبوونى پەيوەندى زانستى و رۆشنبيرى بە زانكۆكانى ترى دونياوە دەبينرێت. 

چوارەم:- زانكۆكانى ئێران هەندێكيان خۆيان پەيوەنديان كرد و ئەوانى تريش بەخێرايى وەڵامى ئامادەباشيان دايەوە. 

پێنجەم:- خەڵكى ئێران و خەڵكى هەرێمى كوردستان و عێراق كەلتور و ئايين و چۆنيەتى بيركردنەوە و هاوبەشى لە گرفتەكانى ناوچەكە وا دەكات كە ئاسانتر لە ووڵاتانى تر لە يەكتر دەگەين. 

شەشەم:- ئابلوقەكانى ئابورى و بوونى گرفت و كێشەى جيا جيا لە ووڵاتى ئێران و بۆ ماوەيەكيش دابڕانيان لە دونياى دەرەوە و پێش كەوتوو، واى كردبوو كە بۆ ئێمەى كورد و زانكۆكانى هەرێم سەردانيان بكەين و لە نزيكەوە تێبگەين كە هۆكارى پێش كەوتن و چارەسەرى گرفتەكانيان و لەسەر قاچ وەستانيان بەرامبەر ئەم هەموو تەحەدا و ململانێ يە چۆنە و چۆن بووە و سوود لە ئەزموونيان وەربگرين. 

دواى ئەوە زانكۆى كۆيە لەگەڵ ئەم زانكۆيانەى ئێران لە ماوەى ئەم (٢) ساڵە ياداشتنامەى لەيەك تێگەيشتنى واژۆ كردووە:- 

١- زانكۆى اصفهان بۆ زانست و تەكنۆلۆجى 
٢- زانكۆى اصفهان 
٣- زانكۆى إيران بۆ زانست و تەكنۆلۆجى 
٤- زانكۆى (سەهەند) لەتبرێز 
٥- زانكۆى شەريفى صەنعەتى (تاران) 
٦- زانكۆى شەهيد بەهەشتى (تاران) 
٧- زانكۆى فيردەوسى مەشهەد 
٨- زانكۆى كوردستان (سنە) 
٩- زانكۆى پزيشكى كوردستان (سنە) 

زانكۆمان دواى واژۆكردنى ياداشتنامەكان كە ئەم (٢) وانەى كۆتايى لە مانگى (٤/٢٠١٧) ئەنجام دراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەى تر هەماهەنگى و جێ بە جێ كردنى ناوەڕۆكى ياداشتنامەى لەيەك گەيشتن دەستى پێ كردووە. 

هەر چەندە بە پێ ى تێگەيشتنى من لەبار و دۆخى زانكۆكانى ئێران ئەوانيش كۆمەڵێك گرفت و خاڵى لاوازيان هەيە بەڵام من لەم بابەتە و لە ئێستادا نامەوێ لەسەريان بوەستم تەنها باسى هەندێك لايەنى دارايى دەكەم:- 

بابەتى دامەزراندنى ستاف لە زانكۆكانى ئێران هيچ كەسێك لە مامۆستاى ئێران لە هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر يەكسەر دامەزراندنى هەميشەيى بۆ ناكرێت. بەڵكو بە شێوازى گرێبەست دادەمەزرێت وە بە ستاف ئەژمار ناكرێت. 

وە دامەزراندن و كار دۆزينەوە لە زانكۆكان بە گرێبەست دەبێت (سەرەتا ماوەى (٥) ساڵ) ئەگەر زۆرباش بوو وە زانكۆ لە توانست و ئاستى ڕازى بوون ئەوە بۆ (٥) ساڵى تر گرێبەستەكە درێژدەكرێتەوە، دواى ئەو ماوەيە ئينجا دەبێت بە هەميشەيى. 

وە سەرەتا هەڵگرى بڕوانامەى دكتۆراه هەفتانە (١٠) سعات وانە دەڵێنەوە دواى (١٠) سەعات هەفتانە ئەگەر سەعاتى زياترى وتەوە پارەى پێ دەدرێت لەسەر سعاتە زيادەكان. وە هەر (١٠) ساڵ خزمەت هەفتانە (نيو) سەعات ژمارەى كاتژمێرەكانى كەم دەكات. 

بەڵام بۆ هەر سەرپەرشتى كردنى خوێندكارێكى ماستەر يان دكتۆراه هەفتانە (٣) سەعات (نصابى) كەم دەكرێتەوە. 

وە بابەتى دڵنيايى جۆريش ساڵانە و بەردەوام جێ بە جێ دەكرێت بەسەر ستافى مامۆستاياندا وە ئەگەر مامۆستايەك خاڵى كەمى بەدەست هێنا و هۆكارەكانى كەمتەرخەمى و توانستى خۆى بوو ئەوا خاڵى لێ كەم دەكرێتەوە و لە ئەنجام دا مووچە و مانگانەشى كەم دەكرێتەوە، خۆ ئەگەر زۆر خراپ بوو وە بەردەوام بوو نەيتوانى توێژينەوە ئەنجام بدات و پلەى زانستى بەرزبكاتەوە ئەوە لەوانەيە بگاتە ئاستى دەركردنيش، بەڵام بە دڵنيايى بە قۆناغ پێشى دەركردن و كۆتايى هێنان بەڕاژەكەى پلە و پارەى كەم دەكرێتەوە. شێوازى پارەدان بە زانكۆكانى ئێران پاڵپشتە بە ژمارەى زۆرى خوێندكاران و ئاست و ژمارەى زۆرى توێژينەوە و پەيداكردنى پارەش. ئەم كارە ڕێ و شوێن و ميكانيزمى بۆ دانراوە: 

بۆ نموونە زانكۆيەكى وەك زانكۆى كوردستان لە سنە نزيك بە (٩٥٠٠) خوێندكارى بكالوريۆسى هەيە وە لەم ژمارەيەش نزيك بە (٤٠٠٠) چوار هەزارى لەبەشە ناوخۆييەكان دەمێنێتەوە، ئەو زانكۆيە نزيك بە (٣٥٠) ستافى وانەووتنەوەى هەميشەيى هەيە لەگەڵ هەندێك وانەبێژى كاتى و وانەى زێدەكى وە ئەم زانكۆيە نزيك بە (٣٧٠) فەرمانبەر و كارمەندى هەيە، وە بەشە ناوخۆييەكان و پاك كردنەوە و باخچەو كارەكانى ترى ناو زانكۆش هەمووى دراوەتە بەڵێندەر بەباشى كارەكان جێ بە جێ دەكرێت. لەو ژمارە زۆرەى خوێندكار نزيگەى (٧٠٠) حەوت سەد خوێندكارى شەوانەيە (واتە بە پارەيە) بەڵام پارەيەكى زۆرنيە وە ئەگەر ئەم خوێندكارانەى شەوانە وەرگيراون (كە ناوەكە و سيستەمى وەرگرتنەكانيان پێ ى دەڵێن شەوانە چونكە كۆنمرەكانى كۆنكۆرديان كەمە ئەگينا هەر بەيانيان دەوام دەكەن) ئەوا ساڵانە نزيك بە (١٠٠) دۆلارى كرێ ى نيشتەجێ بوونى ناوخۆييان لێ وەردەگرن لەگەڵ كرێ ى خوێندن و ئەو پارەيە بۆ خوودى زانكۆيە، هيچ بڕێكى ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵاى ئێران. حكومەت بۆ زانكۆى كوردستان لە مساڵى خوێندن (٠٠٠ , ٠٠٠ , ٣٠) سى مليۆن دۆلارى پێ داون بۆ هەموو خەرجيەكانيان بە مووچەوە وە پارەى ئەو (٧٠٠) حەوت سەد خوێندكارەى شەوانەش هەربۆ زانكۆيە و لێ يان وەرناگرنەوە وە ئەگەر لە ساڵەكەش هەموو پارەكە خەرج نەكەن ئەوە حكومەت هەروەرى ناگرێتەوە دەيداتەوە خۆيان و ساڵى ئايندەش لێيان نابڕێت وە هەر پلەبەرز بوونەوەيەك و وەرگرتنى گرانتێك لە لەلايەن زانكۆكەوە ئەوە حكومەت ساڵى دواتر بڕى هاندان و ميزانيەكەيان زياتردەكات، وە ئەو سيستەمە لەسەر تاسەرى ئێران پەيڕەو دەكرێت هەر زانكۆيەك گرانت وەرگرێت و ئاستى بەرزبكاتەوە ئەوا حكومەت ساڵى دواتر هەلى دەسەنگێنێ و هاوكارى و پاڵپشتى ماددى زياترى دەكات. 

بۆيە بە لێكدانەوە و بۆچوونى من كارێكى ڕاست و پۆزەتيفە و هۆكارى چوونەپێش و باشتربوونى ئاستى زانستى و توێژينەوەى زانكۆكانە، بۆيە داواكارم وەزارەتمان پەيڕەوى ئەم سيستەمە بكات، بۆ لەمەودوا بە پێ ى ئاستى چوونە پێشى زانكۆكان و ئاستيان لە ڕێزبەندى نيشتمانى و جيهانيەكان بڕى پارەى هاندان و ميزانيەكانيان زياتر بكات. 

پ.ى.د. وەلى مەحمود حەمەد
سەرۆكى زانكۆى كۆيە
Comments