زانكۆى كۆيە، ياداشتنامەى لەگەڵ دوو زانكۆى وڵاتى ئێران واژۆ كرد

News #9, Issue 28Apr 2017 | Núcey #9, Jhimarey 28, Mangí 4 Sallí 2017 | نوچەی9، ژمارەى 28 مانگی 4 ساڵی 2017


شاندێكى زانكۆى كۆيە بە سەرپەرشتى سەرۆكى زانكۆ، سەردانى وڵاتى ئێرانيان كرد و ياداشتنامەى لێكگەيشتنيان لەگەڵ دوو زانكۆى ئەو وڵاتە واژۆكرد.

رۆژى شەممە ٢٠١٧/٤/٢٢ بەسەرپەرشتى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە، وەفدێكى زانكۆى كۆيە كە پێكهاتبوو لە ژمارەيەك مامۆستا، سەردانى وڵاتى پارێزگاى سنەى وڵاتى ئێرانيان كرد. 

سەردانى زانكۆى كوردستان

بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود سەرۆكى شاندەكە بە نووچەنامەى ڕاگەياند " ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتى زانكۆكانى شارى سنەبوو كە دەستپێشخەريان كرد بۆ بونيادنانى پەيوەندى ئەكاديمى لەگەڵ زانكۆى كۆيە و لەو چوارچێوەيەدا ئەو سەردانەمان ئەنجامدا"

سەرۆكى زانكۆ هەروەها دەڵێت " رۆژى يەك شەممە ٢٣ى نيسان سەردانى زانكۆى كوردستانمان كرد و لەگەڵ ئەنجوومەنى زانكۆكە كۆبووينەوە، دواى گفتوگۆكردنمان لەسەر بابەتە ئەكاديميەكان و پەيوەندى نێوانمان ياداشتنامەيەكى لێكگەيشتنمان واژۆكرد "

دواى واژۆكردنى ياداشتنامەكە، وەفدەكەى زانكۆى كۆيە سەردانى فەكەڵتى و بەشەكان و سەنتەرەكانى توێژينەوەى زانكۆى ناوبراويان كرد و لە نزيكەوە توانا زانستيەكانى زانكۆى ناوبراويان بينى.

نووچەيەك لە سايتى زانكۆى كوردستان بخوێنەوە لەو بارەيەوە، كليك لێرە بكە.

سەردانى زانكۆى پزيشكى سنە

بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە دەلێت " رۆژى يەك شەممە ٢٤ى نيسان سەردانى زانكۆى پزيشكى سنەمان كرد و دواى پێشوازيكردنمان لە لايەن ئەنجومەنى زانكۆكەوە، كۆبوونەوەيەكمان ئەنجامدا. لە ميانەى كۆبوونەوەكەدا هەردوو زانكۆ توانا ئەكاديمى و زانستيەكانى خۆمان خستەڕوو و گرنگى هاوكارى و كاركردنى بەيەكەوەييمان باسكرد، وێراى هاوڕابوونمان لەسەر بابەتە باسكراوەكان."

بەگوێرەى وتەى سەرۆكى زانكۆ، شاندەكەى زانكۆى كۆيە سەردانى بەشەكان و سەنتەرەكانى زانكۆى ناوبراوى كرد، وێڕاى بەسەركردنەوەى نەخۆشخانەى كەوسەرى كە نەخۆشخانەى فێركارى زانكۆكەيە و پێنج سەد قەرەوێڵەييە و يەكێكە لە نەخۆشخانە پڕئامێرەكانى ناوچەكە و وڵاتى ئێران.

نووچەيەك لە سايتى زانكۆى پزيشكى سنە لە بارەى ئەم سەردانەوە، بخوێنەوە. كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
Comments