سیمینارێک لەسەر سیاسەتی ز مان و یاسای زمان

News #8, Issue 28Apr 2017 | Núcey #8, Jhimarey 28, Mangí 4 Sallí 2017 | نوچەی8، ژمارەى 28 مانگی 4 ساڵی 2017




ڕۆژی 12/ 4 / 2017 پارێزەر ( تاریق جامباز ) لە هۆڵی مامۆستا تاهیر بەکر ، لە فەکەڵتی پەروەردەی زانکۆی کۆیە سیمینارێکی لەژێر ناونیشانی (سیاسەتی ز مانی و یاسای زمان) . کە ماوەی یەک کاتژمێرو نیوی خایاند پێشکەش بە مامۆستاو خوێندکارانی ئەو فەکەڵتیە کرد .

لە سیمینارەکەدا کۆمەڵێک تەوەرەی گرنگی لەسەر زمان و سیاسەت و یاساکانی زمان باس کرد .
داگیرکەرانی کوردی بە هۆکاری سەرەکی هەوڵی لەباربردنی زمانی کوردیدا . هەروەها ناوبراو کۆمەڵێک بەڵگەو دیکیۆمێنتی لەسەر فەرامۆشکردنی زمانی کوردی پیشانی ئامادەبوان دا ، سەرجەم بەلگەکان پاڵپشت بوون بۆ سەلماندنی ئەو ڕایەی کەئامادەبوانیش لەمیانی دەربڕینی سەرنج و تێبینیەکانیان پێیان وابوو حکومەت و بەرپرسان و لایەنە پەیوەندی دارەکان کەم تەرخەمن لەئاست گرنگی دانو بەرەو پیش بردنی زمانی کوردی . هەروەها رەخنەی لە میدیاکاران گرت کە گرنگی بەزمان نادەن و ئامادەنەبوونی راگەیاندن کارانی لەو سیمینارەدا وەک نموونە باس کردوو وتی دەبوایە ئەوان ئامادەبوان و گرنگیان پێدابا .

هەر لەو سیمینارەدا ، ناوبراو پێشنیازی کرد کە وانەی سیاسەتی زمان و یاسای زمان لەکۆلێژەکانی زمان و یاسا بخوێندرێ ، تا بزاندرێ سیاسەتی زمان چییە ؟ یاسای زمان چییە ؟

دواتر بە دوو پارچە هۆنراوەی حاجی قادری کۆیی کۆتایی بەسیمینارەکەی هێنا . ئامادەبوانیش بە سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانیان بابەتەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد .

شەبیهی جولەکە کە ڕازی نەبێ بە سەر دڕی خوی
مەڵێن فەصاحەتــی کـوردی بە فـارسی ناگــا

بەلاغەتێکی هەیە ، هـیچ زوبانـێ نایگـاتــآ
لە بێ تەعەصـوبی کـوردانە بێ ڕەواج و بەهــا

++++++++++

کتێب ودەفتەرو تەئریخ و کــاغەز
بەکوردی گەر بنووسـرایە زوبــانی

مەلاو شێخ و مـــیرو پادشــــامان
هەتا مەحـشەر دەما ناو نیشـــانی

بۆ زانیاری زیاتر وەرگرتن لەسەر سیمینارەکە بەرێز تاریق جامباز بۆ سایتی زانکۆی کۆیە ووتی :

پێم وایە ئەگەر لە کوردستان سیاسەتی زمانی و یاسای زمان جێبەجێ نەکرێ ، ئەوە مەترسی لەسەر زمانەکەمان دەبێت ، چونکە هەروەک چۆن حاجی قادری کۆیی لەشیعرەکانی دا پێی وایە زمان واتا ژیان . ئەگەر زمانمان بمرێ واتا ژیان نامێنێ .

بۆیە پێم وایە کۆمەڵێک لایەن کەم تەرخەمو بەرپرسە ، لەوانە دەسەلآتی یاسادانان و دەسەلآتی جێبەجێ کردن و دادوەری و سەرکردەی سیاسی، چونکە لەپەیڕەو و پڕۆگرام و نووسین و پەیامەکانیان سیاسەتی زمان بەرجەستە ناکرێت، ئەمەش وای کردووە ئایندەیەکی نادیارو لێڵ بەزمانەکەمانەوە ببینین .

تێبینی : تاریق جامیاز پارێزەرەو ئەندامی دوو خولی پەرلەمانی کوردستان بووەو خاوەنی سێ کتێبە لە بواری سیاسەتی زمانی و یاسای زمان .

_ ممتاز حەیدەری نووسەرو ڕووناکبیری کورد یەکێک بوو لە ئامادەبوانی سیمینارەکە و بەم شێوەیە لەسەر سیمینارەکە قسەی کرد :

لەبارەی زمانی کوردی ئەوەندەی بکرێت هەر کەمە ، چونکە زمانی کوردی زمانی نەتەوەیەکە . ئەونەتەوەیەی لەوەتەی مێژوو هەیە غەدری لێدەکرێت ، هەرلەچاڵدێرانەوە سەیرکە چەند تووشی نەهامەتی و بەدبەختی بۆتەوەو( سایکس بیکۆ) ش هەندەی تر کوردی وێران کرد .

دووژمنانی کورد بەهەموو هێزوو توانای خۆیان هەوڵیان داوە زمانی کوردی لەتووپەت بکەن و لەناوی بەرن ، چونکە ئەوان دڵنیان لەوەی کە زمان نیشانەو ناسنامەی بوونی نەتەوەیە .

زانای ئەڵمانی ( هایدگر ) دەڵێت ( زمان بڕبڕەی پشتی نەتەوەیە )

کەسەیر دەکەین ئێمە خۆمان گرنگیمان بە مێژوو و کەلتورو ئەدەب و سیاسەتی زمانەکەمان نەداوە ، ئەگەر چی هەندێک هەوڵ هەبووەو هەیە ، بەلام بەداخەوە تائیستا لەئاستی زمانی نەتەوەیی ئیشی بۆ نەکراوە . سیمینارەکەی ئەمڕۆ ش زیاتر ئەو ڕاستیانەی سەلماند .

_مامۆستا کەیفی ئەحمەد . کەیەکێکی تر بوو لە ئامادەبوانی سیمینارەکە بۆمان دواو وتی :

ئەم سیمینارەی ئەمڕۆ پێشکەش کرا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە زمانەکەمان پشت گوێ خراوە لەلایەن لایەنە پەیوەندی دارەکان ، ئەگەر هەر تۆزێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە ماوەی 26 بیست و شەش ساڵە گەلی کوردمان لەم بەشەی کوردستان ڕاپەڕینی کردووە و ئازاد بووە ، لەم ماوەیەدا دەتواندرا ، حکومەت و بەرپرسان ڕۆڵی گرنگ بگێڕن لە پەرەپێدان و بەرەو پێش بردن و یەکخستنی زمانی کوردی ، بەلآم بەداخەوە هەوڵەکان لەئاستی پێویست نەبوونەو وەک ئەوەیە هیچ نەکرابێ ، دەست خۆشیم بۆ بەڕێز ( تاریق جامباز ) کارێکی باش بوو ، هەوڵێکی دڵسۆزانەی جەنابیانە بۆ بەئاگاهاتنەوە و گەیاندنی پەیامێک ، کە ئێمەی کورد ئەرکمانە بەدروستی وەری بگرین و بەتەنگ زمانەکەمانەوە بێین .

تێبینی: مامۆستا کەیفی ئەحمەد مامۆستای بەشی کوردی فەکەڵتی پەروەردەی زانکۆی کۆیە ، خاوەنی ( 5 ) پێنج لێکۆڵینەوەیە .


ئامادەكردنى : محەمەد مەغديد

Comments