سيستمى وەرگێڕانى ڕاستەوخۆ بۆ هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ دانرا

News #11, Issue 27Mar 2017 | Núcey #11, Jhimarey 27, Mangí 3 Sallí 2017 | نوچەی 11، ژمارەى 27 مانگی 3 ساڵی 2017



 سيستمى وەرگێڕانى راستەوخۆ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ دانرا.

رۆژى يەك شەممە ٢٠١٧/٣/١٩ كاتژمێر دەى بەيانى بە ئامادەبوونى بەرێزان سەرۆكى زانكۆ و ياريدەدەرەكانى و ڕاگرى فەكەڵتيەكان و مامۆستايان و فەرمانبەرانى سەرۆكايەتى زانكۆ، بە فەرمى سيستمى وەرگێڕانى راستەوخۆ بۆ هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ دانرا.

ئەم سيستەمە ماوەى پێنج مانگە لە لايەن ليژنەيەكى تايبەتمەند كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان (م.ى.محمد سەيد گوڵ، سامان فاتح، حازم على) كارى تێدا دەكرێت. سيستەمەكە بريتى يە لە دانانى دوو ستۆديۆى وەرگێڕان، لەگەڵ تەكنيكى گواستنەوەى وەرگێڕانەكان بۆ ئامادەبووان. ئەم سيستەمە يارمەتيدەرە بۆ ئەنجامدانى چالاكى بە زمانى جۆراوجۆر، كە تێيدا دەتوانرێت چالاكى بە هەر زمانێك بێت ئەنجام بدرێت، وە ئامادەبوو سەربەستە لە گوێ بيست بوون بە هەر زمانێك كە هەڵيدەبژێرێت، يان تێيدەگات.

لە مەراسيمەكەدا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەش كرد و ئاماژەى بە گرنگى دانانى ئەم سيستەمەكرد بۆ هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ، كە تێيدا چالاكيە ئەكاديميەكان لەمەودوا دەتوانرێت بە هەر زمانێك بێت ئەنجام بدرێت.

بەڕێز سەرۆكى زانكۆ دەستخۆشى ئاراستەى ليژنەكە كرد كە لە خۆبردووانە كارەكانيان ئەنجام داوە.

بەرێز م.ى.محمد سەيد گوڵ سەرۆكى ليژنەكە لە بارەى كارەكەيانەوە دەلێت " دواى پێكهێنانى ليژنەكە، پلانێكى گونجاو دانرا بۆ ئەنجامدانى كارەكە و هەنگاوەكانى"

بەڕێز سەيدگوڵ دەلێت " ئەنجامدانى ئەم كارە بە بێ تێچوو سەركەوتنێكى مەزن بوو كە ليژنەكە بەدەستى هێنا، وێراى ئەنجامدانى كارە هونەريەكان لە لايەن بەڕێز كاك سامان فاتح كارمەندى لێهاتووى هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ كە توانى كارەكانى بەشێوەيەكى سەركەوتووانە ئەنجام بدات"

هاوكات بەڕێز حازم عەلى بەرێوەبەرى راگەياندنى زانكۆ لە دەسپێكى مەراسيمەكەدا ئاماژەى بە چيرۆكى ئەنجامدانى ئەم كارە كرد، كە ماوەى چەند مانگێك ليژنەكە لە كارى بەردەوامدا بووە بۆ جێگيركردنى ئەم سيستەمە لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ، ئەمەشى وەك هەنگاوێكى گرنگ وەسف كرد بۆ ئەنجامدانى چالاكى ئەكاديمى كە دەتوانرێت بە هەر زمانێك بێت ئەنجام بدرێت.

هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە گەورەترين هۆڵى زانكۆى كۆيەيە، زياتر لە چوارسەد كورسى تێدايە و بۆ چالاكيە گرنگەكانى زانكۆى كۆيە بەكاردێت، خاوەنى سيستەمێكى دەنگى ڕێكوپێكە، هەروەها خاوەنى سيستەمى وەرگێڕانى راستەوخۆيە. بەڕێز كاك سامان فاتح لێپرسراوى ئەم هۆڵەيە و لە لايەن بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندنى زانكۆوە سەرپەرشتى دەكرێت.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
وێنەكان : كاردۆ محەمەد
Comments