كۆنفرانسە هاوبەشەكەى زانكۆى كۆيە و زانكۆى ديجلە به‌ڕێوه‌چوو

News #06, Issue 21Sep 2016 | Núcey #06, Jhimarey 21, Mangí 9 Sallí 2016 | نوچەی 6، ژمارەى 21 مانگی 9 ساڵی 2016



زانكۆى ديجلە  لە شارى دياربەكرد (ئامەد) يەكەمين كۆنفرانسى نێودەوڵەتى تايبەت بە كوردۆلۆجىڕێكخست، لە بەڕێوەبردنى ئەم كۆنفرانسەشدا زانكۆى كۆيە بەشداربوو، بۆ ئەم مەبەستە شاندێكى زانكۆى كۆيە كە لە توێژەرانى زانكۆمان پێكهاتوون بەشداريان لە كۆنفرانسەكەدا كرد كە ماوەى دوو ڕۆژى خاياند ٢٢-٢٣/ ٩/ ٢٠١٦ .

بيرۆكەى كۆنفرانس

دوای ئه‌وه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو به‌شی کوردۆلۆجی له‌ زانکۆی دیجله ‌و به‌شی زمانی کوردی له‌ فه‌که‌ڵتی په‌روه‌رده‌ی زانکۆی کۆیه‌ پلانی ئەنجامدانى کۆنفراسێکی نێوده‌وڵه‌تی خوێندنی کوردی ( کوردۆلۆجی) له‌ شاری ئامه‌د گه‌ڵاڵه‌ کرا، چه‌ند مامۆستایه‌کی به‌شه‌کانی فه‌که‌ڵتی په‌روه‌رده‌ی زانکۆمان توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمییان سه‌باره‌ت به‌ کوردۆلۆجی پێشکه‌ش به‌ بۆردی کۆنفراسه‌که‌ کرد، و دواتریش چه‌ند مامۆستایه‌کی زانکۆمان له‌ فه‌که‌ڵتی ناوبراو وه‌ک ئه‌ندامی بۆردی کۆنفراسه‌که‌ ده‌ستنیشانکران، به‌شێک له‌و مامۆستایانه‌ ڕۆژی 20/9/2016 به‌ره‌و شاری ئامه‌د به‌ڕێکه‌وتن، به‌شێک له‌ مامۆستاکانیش به‌هۆی دواکه‌وتنی فیزاکانییان نه‌یانتوانی له‌ کاتی دیاریکراودا ئاماده‌ی کۆنفراسه‌که‌ بن. 

شایانی باسه‌ کۆنفراسه‌که‌ له‌ کاتژمێر 10ی سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی 22/9/2016 له‌ هۆڵی کۆنفرانس له‌ زانکۆی دیجله‌ ده‌ستیپێکرد و به‌ڕێز (د. نه‌وزاد ئه‌نوه‌ر عمر) به‌ناوی زانکۆی کۆیه‌وه‌ وته‌یه‌کی پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بوون کرد و له‌هه‌مانکاتدا چه‌ند وێنه‌یه‌کی زانکۆی کۆیه‌ له‌ڕێگای داتاشۆ پێشاندرا بۆ ناساندنی زیاتری زانکۆمان، دواتر به‌ڕێز (پ.ی.د. حه‌سه‌ن که‌ره‌جان) مامۆستا له‌زانکۆی دیجله ‌و سه‌رپه‌رشتیاری گشتی کۆنفراسه‌که‌ له‌ وته‌یه‌کدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌وا له‌ چه‌ندین وڵاتی وه‌ک به‌ریتانیا و سوید و مه‌کسیک و کازاخستان و ئێران و عێراق و چه‌ند وڵاتێکی تر زیاتر له‌ 80 توێژینه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌ کۆنفراسه‌که‌ کراوه ‌و خۆشحاڵی خۆی به‌و به‌شدارییه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ربڕی. 

شایانی باسه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ چه‌ند زانکۆیه‌کی تری هه‌رێمه‌وه‌ مامۆستای به‌شداربوو هه‌بوو به‌ڵام زانکۆی کۆیه‌ تاکه‌ زانکۆ که‌ به‌ 4 توێژینه‌وه ‌و 4 ئه‌ندامی بۆردی کۆنفراس به‌شداریکرد. 

لينكى پەيوەندى نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆى ديجلە بۆ ئەنجامدانى ئەم كۆنفرانسە بەڕێز م.ى.هيوا سەلام مامۆستاى بەشى زمانى كوردى - فەكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان بوو. وێڕاى ئەنجامدانى ڕێككارەكان لەگەڵ زانكۆى ديجلە بۆ ئەنجامدانى كۆنفرانسەكە، هاوكارى و يارمەتيدەرى شاندى توێژەرانى زانكۆمان بوو بۆ بەشدارى كردنيان لە كۆنفرانسەكەدا.

كۆنفرانسەكە سەركەوتوو بوو

د. ده‌ریا جه‌مال حه‌وێزی که‌ یه‌کێک بوو له مامۆستا به‌شداربووه‌کان دەلێت " هه‌رچه‌نده‌ کۆنفراسه‌که‌ له‌ بارودۆخێکی ئه‌منی خراپدا به‌ڕێوه‌چوو، له‌ زانکۆی دیجله ‌و له‌ناو شاری ئامه‌‌د دا هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ده‌بینران، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌رکی سه‌رشانمان هه‌م له‌ پێشکه‌شکردنی توێژینه‌وه‌کانمان هه‌م له‌ ناساندنی زانکۆی کۆیه‌ به‌ ئاماده‌بووان زۆر به‌سه‌رکه‌وتوویی به‌جێهێنا و له‌ په‌راوێزی کۆنفراسه‌که‌شدا چه‌ندین دانیشتن و گفتوگۆی ئه‌کادیمیمان له‌گه‌ڵ مامۆستایانی وڵاتانی تر به‌ ئاماده‌بوونی مامۆستایانی تری زانکۆکانی تری هه‌رێم ئه‌نجامدا، دوورنییه‌ ئه‌مانه‌ ببنه‌ هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی کارو چالاکی ئه‌کادیمی تر له‌ داهاتوودا"
 
دەریا جەمال حەوێز حەوێزی ، نازناوى زانستى مامۆستايە - هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرای فەلسەفەيە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی كوردی، پسپۆرى وردى ڕەخنەی شیعری هاوچەرخی كوردی يە، خاوەنى چوار توێژينەوەى بڵاوكراوە و سێ پەرتووكە. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە. 


شاندی زانکۆی کۆیه‌ بۆ کۆنفراسه‌که‌ پێکهاتبوون له‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ به‌ڕێزان: 

د. نه‌وزاد ئه‌نوه‌ر عومه‌ر ( سه‌رۆکی به‌شی زمانی کوردی) ، سه‌رۆکی شانده‌که‌ و ئه‌ندامی بۆردی کۆنفراس .
پ.ی.د. عوسمان ده‌شتی ( مامۆستا له‌ به‌شی کوردی)، ئه‌ندامی بۆردی کۆنفراس و پێشکه‌شکردنی توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌ کۆنفراسه‌که‌ .
د. ده‌ریا جه‌مال حه‌وێزی ( مامۆستا له‌ به‌شی کوردی)، به‌ پێشکه‌شکردنی توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌ کۆنفراسه‌که‌دا به‌شداربوو.
د. مه‌هدی عوسمان هه‌رووتی ( مامۆستا له‌ به‌شی مێژوو)، به‌ پێشکه‌شکردنی توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌ کۆنفراسه‌که‌دا به‌شداربوو. 


زانکۆی دیجله‌ زانکۆیه‌کی حکومییه ‌و ده‌که‌وێته‌ شاری ئامه‌د ( دیاربکر)، له‌ ساڵی 1947 دامه‌زراوه‌، ژماره‌ی خوێندکارانی زیاتره‌ له‌ حه‌ڤده‌ هه‌زار خوێندکار و ئه‌و کۆلیجانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت : 
( زانست، ئه‌ده‌بیات، ده‌رمانسازی، یاسا، پزیشکی، ڤێتننه‌ری، کشتوکاڵ، ئه‌ندازیاری، خوداناسی (ئیلاهییات) بۆ زانيارى پتر لێرە كليك بكە.

سەرجەم توێژینەوە پەسەندکراوەکانی کۆنفراس لەکتێبێکدا کە پالپشتە بە ژمارەی جیهانی لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە و لەو پێگەیەدا دەبینرێت، لێرە كليك بكە.

Comments