شاندێكى زانكۆى ڕاپەرين سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد

News #01, Issue 18June 2016 | Núcey #01, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 1، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016



بە مەبەستى پەرەپێدانى پەيوەنديە ئەكاديمييەكان، شاندێكى زانكۆى ڕاپەرين سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد و كۆبوونەوەيەك بە ئامادەبوونى ئەنجومەنى هەردوو زانكۆ بەڕێوەچوو.

ڕۆژى چوار شەممە ٢٠١٦/٦/١ شاندێكى زانكۆى ڕاپەرين لە لايەن بەڕێزان سەرۆكى ئەنجو,مەنى زانكۆى كۆيە و ئەندامانى ئەنجوومەنەوە پێشوازيكران كە پێكهاتبوون لە سەرۆك و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانكۆى ڕاپەرين.

لە هۆڵى كۆبوونەوەكانى ئەنجوومەنى زانكۆ، كۆبوونەوەى نێوان هەردوو زانكۆ دەستيپێكرد. سەرەتا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بەخێرهاتنى شاندى زانكۆى ڕاپەرينى كرد، دواتر تيشكى خستە سەر گرفتە داراييەكانى زانكۆ و ئاستەنگەكانى بەردەمى كاركردنى ئەكاديمى زانكۆكان، وێڕاى خستنەڕووى گرنگى پەرەپێدانى پەيوەندى نێوان هەردوو زانكۆ.

پاشان بەڕێز پ.د.محەمەد عەلى عەبدوڵا سەرۆكى زانكۆى ڕاپەرين لە وتەيەكيدا سوپاسى سەرۆك و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانكۆى كۆيەى كرد بۆ پێشوازى و مێواندارى كردنيان. لە ميانى وتەكەيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆى ڕاپەرين تيشكى خستە سەر پەرەپێدانى پەيوەنديە ئەكاديمييەكانى نێوان هەردوو زانكۆ بە ئامانجى پێشخستن و گەشەسەندنى ئاستى زانستى لە هەردوو زانكۆدا.

بەڕێز سەرۆكى زانكۆى ڕاپەرينيش باسى كاريگەرى خراپى بارى دارايى كرد لەسەر دۆخى ئەكاديمى زانكۆكان و هيواى خواست ئەو بارە ڕاستبكرێتەوە.

دواتر بە وردى گفتوگۆيانكرد لەسەر پڕۆژە پێشنيازكراوەكان بۆ پەرەپێدانى پەيوەندييە ئەكاديمييەكانى نێوان هەردوو زانكۆ بە تايبەت لە بوارى خوێندنى باڵا.

دواى گفتوگۆيەكى دوو كاتژمێرى، شاندى زانكۆى ڕاپەرين بەڕێزەوە بەڕێكران.
Comments