وەفدێكى زانكۆى حەيات سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد

News #11, Issue 17May 2016 | Núcey #11, Jhimarey 17, Mangí 5 Sallí 2016 | نوچەی 11، ژمارەى 17 مانگی 5 ساڵی 2016




بە مەبەستى پەرەپێدانى پەيوەندييەكان، وەفدێكى زانكۆى حەيات كە پێك هاتبوون لە بەرپرسانى باڵاى زانكۆكە سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد، دواى ديدار و چاوپێكەوتن و ئاڵوگۆركردنى ڕوانگەكان، كۆنووسێكى هاوبەشيان واژوو كرد. 



مەبەستى سەردانەكە 

ڕۆژى دووشەممە ٣٠ / ٥/ ٢٠١٦ وەفديكي باڵاى زانكۆى حەيات ، كەپێك هاتبوون لە بەڕێزان 
د . ئيسماعيل شوكر رەسوڵ جێگرى سەرۆكى زانكۆى حەيات بۆ كاروبارى زانستى، د . محمد ساهر محمد ڕاگرى كۆلێجى ئەندازيارى نەوت و د .عبدالجبار خلف بەرپرسيارى كاروبارى زانستيى، سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد و لە لايەن سەرۆكى زانكۆى كۆيە و ڕاگرى فەكەلتى ئەندازيارى و چەند مامۆستايەك پێشوازيان لێكرا . 


ئامانجى سەردانەكە بريتى بوو لە بەهێز كردنى پەيوەندى زانكۆى حەيات و زانكۆى كۆيە، وێڕاى داواى هاوكارى كردن لە زانكۆى كۆيە بەتايبەتى لە بوارى ئەندازيارى نەوت لەرووى ستاف و تاقيگە . 

بەم بۆنەيەوە بەڕێز پ.ى.د.وەلى محمود حمد سەرۆكى زانكۆ، لە ميانەى چاوپێكەوتنيدا لەگەڵ وەفدەكە وەك بەرچاو روونى باسى لە گرنگى زانكۆى كۆيە كرد لە ئيستادا و چۆنيەتى تێپەڕاندنى ئاستەنگەكان، وێڕاى ڕوونكردنەوەى ئامانج و خەونەكانى زانكۆى كۆيە بۆ ئاييندە. 

دواتر بەڕێز پ.ى.د. محەمەد حەسيب زەنگەنە ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى، باسى لە فەكەڵتى ئەندازيارى كرد " زانكۆى كۆيە تاكە زانكۆيە لەگەڵ دروست بوونيەوە ئەندازەى نەوتى هەبووە و لە ئيستادا ٨ مامۆستامان پسپۆرى نەوتە ، وێڕاى ئەوەى زۆربەى مامۆستا و توێژەرەكانمان دەرچووى زانكۆكانى وڵاتى بەريتانيان " 

دواتر وەفدى زانكۆى ناوبراو لەگەڵ سەرۆكى زانكۆ و ڕاگر و مامۆستايانى فەكەڵتى ئەندازيارى، گەڕانێكيان كرد بەناو تاقيگەكان، بەرێز مامۆستا هەڤاڵ رۆستەم لە تاقيگەى (ى ڕيزيڤوار ) باسى لەتاقيگەكە و ئامێرەكان و چۆنيەتى كاركردنيان كرد ئەمەش بووە جێگاى سەرسامى وەفدەكەى زانكۆى حەيات. 

پاشان وەفدەكە چاويان كەوت بە بەڕێزپ.ى. د.دڵشاد نجات سەعيد ڕاگرى فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان و باسى بەهێزكرنى پەيوەنديەكانيان كرد. 



ئەنجامدانى چالاكى ئەكاديمى 


سەبارەت بە هاتنيان بۆ زانكۆى كۆيە، بەڕێز دكتۆر ئيسماعيل شوكر رەسوڵ جێگرى سەرۆكى زانكۆى حەيات بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا بە نووچەنامەى ڕاگەياند " هاتنمان بۆ زانكۆى كۆيە بە مەبەستى ئەنجامدانى چالاكيە لەرووي زانستيەوە بۆ ئەوەى گۆڕينەوەى زانيارى بكەين لەرووى زانستى و سەردانى تايبەتى لەنێوان مامۆستاكان و تەلەبەكانمان " 

لەبارەى زانكۆى كۆيەش ناوبراو ئاماژەي بۆ ئەوە كرد كە زانكۆى كۆيە بە زانكۆى خۆم دەزانم، چونكە لەسەرەتاى دامەزراندنى ئەم زانكۆيە لە مامۆستا يەكەمينەكان بووم كە وانەم تێدا وتۆتەوە. 

(دكتۆر ئيسماعيل شكر رسوڵ، پرۆفيسۆرى ياريدەدەرە، پسپۆرە لە مێژووى كورد، جێگرى سەرۆكى زانكۆى حياتە بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، پێنج كتێبى چاپكراوى هەيە ) 

هەروەها بەڕێز دكتۆر محمد ساهر ڕاگرى كۆلێجى ئەندازيارى، سەبارەت بە هاتنيان بۆ زانكۆى كۆيە بە نووچەنامەى وت " حەزدەكەين پەيوەندى هەبێت لەنێوان هەردوو زانكۆ، وە سوود و كەڵك لەتواناى مامۆستا بەڕێزەكانى زانكۆى كۆيە وەرگرين ، كە بێن لە زانكۆى حەيات سيمينار و بابەت پێشكەش بكەن، واتا دەمانەوێ پەيوەنديەكى ئەكاديمى بەهێز لەنێوانمان دروست ببێت" 

بەڕێز د.ساهير دەشڵێت " حەزدەكەين سوود لەتاقيگەكانى زانكۆي كۆيە وەرگرين لەو ڕێگايەى كە تەلەبەكانمان لەسەر دەستي مامۆستايانى زانكۆى كۆيە و لە تاقيگەكانيان ڕاهێنان ببينن و سوود لە توانستى زانستى زانكۆى كۆيە وەرگرن. وە هەر داواكاريەك زانكۆى كۆيە هەيبێت بۆ ئەو مەبەستە ئێمە ئامادەين، بۆئەوەى بتوانين ڕێككەوتنێك لەم بارەيەوە بكەين" 

سەبارەت بە هەڵبژاردنى زانكۆي كۆيە بەڕێزيان ئاماژەى بۆ ئەوەكرد كە ئێمە باش شارەزاى ئاستي زانكۆى كۆيەين ، كاتێك لەساڵي ٢٠١٠ _ ٢٠١١ بەشى ئەندازيارى نەوتمان كردەوە لە زانكۆي حەيات، ئێمە مامۆستامان نەبوو مامۆستاكانتان زۆر هاوكاريان كردين و ئيعتيمادمان لەسەر مامۆستاكانى زانكۆى كۆيە كرد كە دەهاتن بە وانەبێژ لەلامان وانەيان دەوتەوە. بەبێ موجامەلە دەمەوێ بڵێم مامۆستاكان هەموويان مامۆستاى زۆر ئاست بەرز و زيرەك بوون دەتوانم بڵێم دەرەجە يەك بوون. 



واژۆكردنى كۆنووس 

هەرهەمان ڕۆژ كۆنووسێك لەلايەن بەڕێزان ( پ.ى.د.محمد حسيب زەنگەنە ڕاگرى فەكەلتى ئەندازيارى ، پ.ى.د.دڵشاد نجات سعيد ڕاگرى فەكەڵى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان و پ.ى.د.اسماعيل شوكر رسول جێگرى سەرۆكى زانكۆى حەيات بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا ) واژۆكرا كرا، بە مەبەستى پەرەپێدانى پەيوەنديە ئەكاديمييەكانى هەردوو زانكۆ. 


ئامادەكردنى : محەمەد مەغديد
Comments