ديدارێكى زانستى لەبارەى ئاينى ئيسلامەوە بەڕێوەچوو

News #17, Issue 14Jan 2016 | Núcey #17, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١٧، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016

بە مەبەستى شيكردنەوەى دەقە ئاينييەكان لە ڕوانگەيەكى واقعيەوە و خوێندنەوەى دەقەكان وەك خۆى، بەشى پەروەردەى ئايينى لە فەكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان ديدارێكى زانستى ڕێكخست.


ڕۆژى چوارشەممە ٢٤ / ٢ / ٢٠١٦ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە، بە ئامادەبوونى بەرێزان سەرۆكى زانكۆى كۆيە و جێگرەكانى و ژمارەيەكى زۆرى مێوانى شارى كۆيە ديدارەكە دەستى پێكرد.

دواى وەستانى خولەكێك بۆ گيانى شەهيدانى كوردستان، بەرێز پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى كە ديدارەكەى بەڕێوە دەبرد داواى لە بەڕێز سەرۆكى زانكۆ كرد بۆ پێشكەش كردنى وتەيەك.

دروستكردنى مرۆڤى كراوە

بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ لە وتەكەيدا ئاماژەى بەوەدا كە لە ناوچەكە و كوردستان بەناوى دين و لە ژێر پەردەى ئاينى ئيسلام دۆخێكى توندڕەويان دروستكردووە بۆ كەسانێك كە ئەم ئاينەيان قبوڵ كردووە و باوەڕدارن لەسەرى، ئەمەش لە لايەن ئەو كەسانەوە جێگەى قبوڵ كردن نييە "ئەمرۆ لە شارى كۆيە، لە شارى زانايانى ئايينى، لە زانكۆيەك كە بەشى پەروەردەى ئايينى هەيە كار دەكات بۆ پەروەردەكردنى مرۆڤێك كە باوەڕى بە قبوڵكردنى چەمكەكان هەبێت و كەسايەتيەكى كراوە دروست بكات ، ديدارێكى ئاينى بەڕێوە دەچێت كە  لەم دۆخەدا گرنگى خۆى هەيە" 


هەروەها ئاماژەى بەوەدا كە زانايانى ئايينى دەتوانن ڕۆڵى گرنگ ببينن لە بيرۆكەى پێكەوە ژيان و چەمكى تۆلێرانس و يەكتر قبوڵكردن "ئەمە بابەتێكى گرنگە كە دەقەكان بە شێوەيەكى ڕاست و دروست لێك بدرێنەوە و بخوێندرێنەوە"
لە كۆتاييشدا هيواى خواست ديدارەكە سەركەوتوو بێت و پلانى ديكەش هەبێـت بۆ ڕێكخستنى ديدارى ترى زانستى بۆ بونيادنانى ڕوانگەيەكى دروست بۆ دەقەكان و تێگەيشتن لێيان.

سمينارەكان چى بوون؟

پاشان سمينارى يەكەم پێشكەشكرا لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.هێمن عەزيز برايم مامۆستاى بەشى پەروەردەى ئايينى زانكۆمان بە ناونيشانى (میتۆدەكانی راڤەكردنی دەقە ئاینییەكان – شیكار و نزیك بوونەوە لە كولتوی كوردی). دكتۆر هێمن لە سمينارەكەيدا جەختى كردەوە لە خوێندنەوەى دەقە ئاينييەكان لە ڕوانگەيەكى واقعيەوە و دۆخى دەقە ئاينييەكان لە كۆمەڵگەى كوردى و ئاوێتەبوونى لە كلتورى كورديدا.

دواتر سمينارى دووەم پێشكەشكرا لە لايەن بەڕێو دكتۆر هاشم عومەر ئەحمەد مامۆستاى زانكۆى سۆران و سەرۆكى بەشى ياسا لەو زانكۆيە بە ناونيشانى (شرۆڤەكردنی مەقاسیدی بۆ دەقەكانی ئایین) .


بابەتێكى زۆر گرنگە

بەڕێز پ.ى.د.گۆران مەعروف كە ئامادەى ديدارەكە بوو دەلێت "ئەم ديدارە زۆر گرنگە چونكە دين پەيوەنديەكى ڕاستەوخۆى هەيە بە ژيانى ڕۆژانەوە بۆيە پێويستە تاك زانيارى دەربارەى هەبێت و وەڵامى پێ بێت بۆ ئەو گۆڕانكاريانەى كە لە ناو كۆمەڵگەدا ڕوو دەدات، هەربۆيە پێم باشە دووبارە ببێتەوە تاوەكو بتوانين شارەزاييمان هەبێت بۆ چۆنيەتى مامەڵەكردن لەگەڵ چەمكە نوێيەكان، وە ديدارەكە لە كاتى ئێستادا زۆر گرنگە چونكە شەرى داعش هەيە و بەكارهێنانى ئايين هەيە بۆ مەبەستى تايبەت بۆيە ئەم جۆرە ديدارانە پێمان دەلێن كە ئيسلام پەيوەندى نييە بە كاركردنى ئەم گروپانەوە، وە هيوا خوازم ئەم ديدارانە بەردەوام بێت چونكە بێگومان بێ كاريگەرى نابێت"

گۆران مەعروف قادر، نازناوى زانستى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرە، سەرۆكى سكوڵى پەروەردەى وەرزشە، شەش توێژينەويە بڵاوكراوەى هەيە و خاوەنى دوو پەرتوكى چاپكراوە. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

ڕەخنە هەيە

د.سلێمان سەليم مامۆستاى بەشى پەروەردەى ئايينى لە بارەى ديدارەكەوە دەلێت "ئەمە بابەتێكى گرنگ و زۆر فراوانە، ڕەخنەيەكم هەيە ئەويش ئەوەيە، بەڕێزان ئاماژەيان بەوەدا كە عەقڵ و كلتور و بەرژەوەندى، تێكستەكانى پێ شرۆڤە دەكرێت بەڵام لە ڕاستيدا هەريەكە لەوانە پێوەرى گشتگير نين و ناتوانن هەموو دەقەكان لەسەر ئەو بنەمايانە شرۆڤە بكەين، بەڵام خودى ديدارەكە گرنگە لەم كاتەدا و پێويستيشە وەڵامى پرسيارەكان بدرێتەوە كە دەوروژێندرێن ، چونكە ديدارەكە بۆ وەڵامدانەوەى پرسيارەكانە "

سلێمان سەليم، مامۆستايە لە بەشى پەروەردەى ئايينى، نازناوى زانستى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرە، پسپۆرە لە زانستى فەرموودە، خاوەنى ١٢ توێژينەوەى بڵاوكراوەيە و ١٢ ساڵە مامۆستاى زانكۆيە، بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

هەروەها سەرهەد ڕەسوڵ ئەبا بەكر خوێندكارى قۆناغى سێ يەمى بەشى پەروەردەى ئايينى دەلێت "ئەم ديدارە زۆر بەسوود بوو و ئێمە وەك خوێندكاران سوودمان لێى وەرگرت ، زۆر گرنگە ئەم جۆرە سمينارانە كە بتوانێت وەڵامى پرسيارەكانمان بداتەوە وە من لەبەر ئەوەى لەبەشى پەروەردەى ئايينيم بۆيە زۆر سوودم لێى وەرگرت لە ڕووى ئاينيەوە"

لە كۆتاييشدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ، سوپاسنامەى زانكۆى كۆيەى بەشخى بە بەڕێز دكتۆر هاشم عومەر ئەحمەد كە لە زانكۆى سۆرانەوە بەشدارى كردبوو.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ - سەيران حوسێن
وێنەكان : كاردۆ محەمەد
Comments