مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە، خزمەتگوزارى پزيشكيى بێ بەرامبەر پێشكەش دەكات

News #05, Issue 14Jan 2016 | Núcey #05, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ٥، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016


بەڕێز دكتۆر ده‌وه‌ن جه‌مال مامۆستايە لە سكوڵى پزيشكى زانكۆمان. وێڕاى كارى وانەبێژى لە زانكۆدا، وەك پزيشكێك لە نۆڕينگەكەيدا كارى خۆبەخشى دەكات، دكتۆر دەوەن دەڵێت "كارى پزيشكى كارێكى مرۆييە و زانكۆكان ناوەندێكى گرنگن بۆ بەرهەم هێنانى كادرى پێشكەوتوو تا بتوانن كارەكانيان ئاوێتەى كۆمەڵگە بگەن" لەم نووچەيەدا زانيارى پتر دەخوێننەوە. 

بيرۆكەكە چۆن دروست بوو؟

بەڕێز دكتۆر دەوەن كە هاوكات بەرپرسى بەشى دڵنيايى جۆرى سكوڵى پزيشكيە، دەربارەى بيرۆكەى كارى خۆبەخشى دەڵێت " لەگەڵ شەری داعش و هاتنی ئاوارەکان لە رێگەی کەمپینی هاوکاری کوردساتەوە ئاگاداریم بڵاوكردەوە كە ئاوارەكانى نيشتەجێى شارى كۆيە دەتوانن بێ بەرانبەر سەردانی نۆڕينگەكەم بکەن " هەروەها دەڵێت "ئەمە بۆ من هەنگاوێكى مەزن بوو كە توانيم پسپۆرى و تواناى زانستيم بەكاربهێنم بۆ ئەو كەسانەى كە تواناى سەردانيكردنى پزيشكيان نييە بۆ چارەسەرى نەخۆشيەكانيان" ئەمە وايكردووە كە لەگەڵ ژمارەيەك پزیشک و کارمەندى تەندروستى ماڵ بە ماڵ سەردانی ئاوارەکان بكەن و هاوكارى پزيشكيان پێشكەش بكەن. 

بەڕێز دكتۆر دەوەن لەگەڵ ئەوەى ڕۆژانە لە سكوڵى پزيشكى زانكۆمان سەرقاڵى كارى وانەبێژيە، بەڵام توانيويەتى وەك بابەتێكى بەنرخ كارى خۆبەخشى بكات، دەربارەى كارەكانى دەڵێت " بە هۆی گرانی باری گوزه‌رانی پێشمەرگە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱٥ وە نۆڕينگەكەم بۆ خانەوادەی پێشمەرگە و شەهیدانی بەرەنگاری داعش کردە بێ بەرانبەر و توانیمان نەشتەرگەری بۆ ژمارەیەکی زۆریان ئەنجام بدەین، وە لەگەڵ قوڵبونەوەی قەیرانی دارایی بۆ ماوەی یەک هەفتە هەموو نەخۆشەکانم لە پسپۆری خۆم لە نۆڕينگە بێ بەرانبەر بینی و چارەسەرى پزيشكيم پێشكەش كردن،هەروەها لەم ماوەيەدا بلیتی بینینی نەخۆش بە رێژەی ۲٥٪ و کارى نەشتەرگەريم بە رێژەی ٪٦۰ کەم کردۆتەوە . هەروەها بەشداريم كردووە لە كڕينى ژمارەيەك ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی شاری کۆیە و نۆژەنكردنەوەى هۆڵى فرياكەوتنى خێرا" 


پزيشكى وەك ئەركێكى مرۆيى 

لە ميانەى هەڵسەنگاندنى بۆ دۆخى كارى خۆبەخشى لەكۆمەڵگە دا، بەڕێز دكتۆر دەوەن ئاماژە بەوە دەدات كه‌ کاری خۆبەخشی زۆرە لە کۆمەڵگە بەڵام رێکخراو نییە ، خۆ ئەگەر بە شێوەيەكى ڕێكخراو بێت و ڕێنمايى پێويست هەبێت بۆ چوارچێوەى كارى خۆبەخشى دەتوانرێت كارى زۆر گەورە لە كۆمەڵگەدا ئەنجام بدرێت " ئەگەر تواناكان كۆبكرێنەوە و ئاڕاستە بكرێن بە شێوەيەكى ڕێكخراو دەتوانرێت زۆر كارى مەحاڵ ئەنجام بدرێت، چونكە كۆكردنەوەى هێز و تواناكان دەستكەوتەكان زياتر و بەرهەمەكان باشتر دەكات" 

لەبارەى بە كردەيى كردنى ئەزموونە زانستيەكان و گەياندنى پەيامى پەروەردە و خوێندن لە چوارچێوەى كۆمەڵگەى ئەكاديميدا بەڕێز دكتۆر دەوەن دەڵێت" مامۆستا ئەرکی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێیە، من چۆن دەتوانم لە وانەكاندا بە خوێندکارەکانم بلێم کاری پزیشکی کارێکی مرۆییە ، ئەگەر خۆم ئەو قسەیە جێبە جێ نەکەم، هەروەها سەرکەوتنی زانکۆ و دەزگا ئەكاديميەكان وێڕاى كارى توێژينەوە، بە پراكتيك كردنى ئەزموونە كۆكراوەكانە لە كۆمەڵگەدا وەك بەشێك لە چارەسەر، بۆيە بێگومان گرنگە كە مامۆستايان بتوانن تواناكان و زانستەكانيان بەكاربهێنن لە كۆمەڵگەدا و لە چوارچێوەى پسپۆريەكانيان خزمەتگوزارى پێشكەش بكەن" 

زانيارى تايبەت: دەوەن جەمال حەوێزى، نازناوى زانستى مامۆستاى ياريدەدەرە و پسپۆرە لە نەشتەرگەرى گشتى. 

چەمكى خۆبەخشى 

كارى خۆبەخشى بريتى يە لە ئەنجامدانى كارێك لە لايەن كەسێكەوە بە بێ بەرامبەر لە چوارچێوەى توانا هزرى و جەستەييەكاندا و پێشكەشكردنى بە كۆمەڵگە، خۆبەخشى گەياندنى ئەزموون و توانا كۆكراوەكانە لە لايەن تاكەكان و كارپێكردنيانە بە ئامانجێكى پۆزەتيڤ، هەروەها كارى خۆبەخشى نواندنى هەڵوێستێكى نيشتمانيە كە تاكێك ئەنجامى دەدات. خۆبەخشيش بە كەسێك دەوترێت كە بە بێ هيچ فشار و زۆرلێكردن و پاداشتێك هەڵدەستێت بە ئەنجامدانێكى كارێكى دياريكراو كە لەگەڵ تواناكانيدا يەك دێتەوە. 

پێگەى Kurdistan Works كە لەلايەن حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت و تايبەتە بە دۆزينەوەى هەلى كار، لە نووچەيەكدا دەربارەى كارى خۆبەخشى دەدوێت. لێرە كليك بكە بۆ خوێندنەوەى.

سكوڵى پزيشكى : 

سكوڵى پزيشكى زانكۆمان لە بەشى پزيشكى گشتى پێك دێت، ساڵى خوێندنى ٢٠١٤ – ٢٠١٥ يەكەم پۆلى خوێندكارى وەرگرت، لە ئێستادا لە دوو قۆناغ پێك دێت و ٦٨ خوێندكارى هەيە. بۆ زانيارى زياتر دەربارەى سكوڵى پزيشكى لێرە كليك بكە.

ئامادەكردنى : محەمەد مەغديد
Comments