مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە پەرتوكێك چاپ دەكات

News #15, Issue 13Jan 2016 | Núcey #15, Jhimarey 13, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١٥، ژمارەى ١٣ مانگی 1 ساڵی 2016


هاوكار عمر علی مامۆستايە لە بەشى ئينگليزى زانكۆمان، كتێبێكى بەناونيشانى (تێڕوانینه‌كان سه‌باره‌ت به‌ سوود و به‌ربه‌سته‌كانی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ به‌ره‌وپێش بردنی فێربوونی زمان) لە لايەن دەزگاى لامبێرتى ئەڵمانيەوە بۆ چاپ كراوە كە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەكەيەتى، لەم كتێبەدا دەركەوتووە كە ويستێكى جددى هەيە لە لايەن خوێندكاران و مامۆستايان و بەرپرسانى زانكۆى كۆيە بۆ بەكارهێنانى تەكنۆلۆژيا لە پرۆسەى خوێندن. لەم نووچەيەدا زانيارى پتر دەخوێننەوە دەربارەى لايەنە جياوازەكانى كتێبەكە . 


بۆچى ئەم بابەتە؟! 

هاوكار ساڵى ٢٠١٠ لە زانكۆى بيلكەنت لە وڵاتى توركيا ماستەرى تەواوكردووە، دواى تێپەڕاندنى گفتوگۆى ماستەرنامەكەى بە پلەى ناياب، زانكۆكە توێژينەوەكەى لەسايتى سەرەكى خۆى دادەنێت وەك توێژينەوەيەكى ناوازە، دەربارەى هۆى هەڵبژاردنى بابەتەكەش دەڵێت"بۆ ئه‌و كاته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ (به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ فێربوونی زمان) بۆ كوردستان و بگره‌ بۆ عێراقیش شتێكی تازه‌بوو." 

هەر بەهۆى گرنگى توێژينەوەكەيەوە زانكۆيەكى ئەمريكا ميواندارى هاوكار دەكات بۆ پێشكەشكردنى توێژينەوەكەى " ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌م له‌ كاتی ئه‌نجامدانیدا نارد بۆ پێشبڕكێ ی به‌شداری كردن له‌ كۆنفرانسی Graduate Student Forum كه‌ ساڵانه‌ له لایه‌ن TESOL‌ ڕێك ده‌خرێ بۆ توێژیهنه‌وه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا. له ساڵی ٢٠١٠‌ زانكۆی Brigham Young University له‌ ئه‌مه‌ریكا میوانداری ده‌كرد. سوپاس بۆ خوا، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌م وه‌ك گه‌ڕی یه‌كه‌م قبوڵ كرا كه‌ ده‌توانم له‌وێ به‌ PowerPoint پێشكه‌شی بكه‌م." 


ناوەڕۆكى توێژينەوەكە چى يە؟ 

دەربارەى ناوەرۆكى توێژينەوەكەى، مامۆستا هاوكار دەڵێت" ناوه‌ڕۆك و پوخته‌ی توێژینه‌وه‌كه زیاتر جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ر زانینی دید و بۆچوونی خوێندكاران و مامۆستایان و كارگێڕان له‌ باره‌ی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ فێربوون و فێركردنی زمان. وه‌ك ده‌زانن، پڕۆسه‌ی خوێندن تا ڕاده‌یه‌كی باش له‌ لایه‌ن جیهانی ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ ده‌ستی به‌سه‌را گیراوه‌. جگه‌ له‌وه‌ش، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ باس له‌ سوود و كاریگه‌ریه‌كانی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ فێربوون و فێركردنی زمان ده‌كات. وه‌ هه‌روه‌ها تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ر به‌ربه‌ست و له‌مپه‌رێك كه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر كه‌م یان خاو به‌كارهێنانی یان هه‌ر به‌كارنه‌هێنانی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ فێربوون و فێركردنی زمان" 


ئەنجامەكان چى بوون؟ 

توێژينەوەكە چەند ئەنجامێكى لە خۆ گرتووە كە هەندێكيان ديدێكى گەشبينيان تێدايە بۆ بەكارهێنانى تەكنۆلۆژيا لە پرۆسەى خوێندندا " یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ویستێكی جددی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن خوێندكاران و مامۆستایان و كارگێڕانی زانكۆی كۆیه‌ بۆ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا له‌ پڕۆسه‌ی خوێندن، وه‌ به‌ تایبه‌ت پڕۆسه‌ی فێربوون و فێركردنی زمانی ئینگلیزی. پتر له‌وه‌ش، ئە‌نجامه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی دید و بۆچونێكی ئه‌رێنی، به‌ڵام به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ فێربوون و فێركردن وه‌كو پێویست نیه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكه‌ كه‌ بونەته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا وەكو ‌بڕانی كاره‌با ناو به‌ ناو، كه‌می ئامێر و ئامرازی پێویست، نه‌بوونی شاره‌زایی پێویست بۆ به‌كارهێنانی ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆجیه‌كان، وه‌ نه‌بوونی كۆرسی ڕاهێنانی مامۆستایان و خوێندكاران، هەروەها چه‌ند هۆكارێكی تر. " 


ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌ زۆر خاڵی گرنگ ده‌كات كه‌ ده‌كرێ سوودی لێ وه‌ربگیرێ له‌ پڕۆسه‌ی خوێندن " بۆ نموونە بوونی تێڕوانینێكی ئه‌رێنی (پۆزه‌تیڤ) خۆی له‌ خۆیدا دڵخۆشكه‌ره‌، واته‌ مادام ویستی (ئیراده‌ی) به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجی هه‌یه‌ بۆ فێربوون و فێركردن كه‌واته‌ ده‌كرێ ئه‌و ویسته‌ به‌ باشی سودی لێ وه‌ربگیرێ و بگۆڕدرێ بۆ كردارێكی حه‌قیقی و ته‌ندروست. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ زۆر به‌ ئاشكرا باس له‌ ئه‌نجامه‌ به‌سووده‌كانی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا ده‌كات. بۆ نموونه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستكه‌وتنی سه‌رچاوه‌ و به‌ستنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی كردن به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ و چه‌ندین شێواز و ته‌كنیك و ئامراز و ئامێری فێربوون و فێركاری و باشتر كردنی پێرفۆرمانسی خوێندكار و چه‌ندانی تر؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه‌ چه‌ند به‌ربه‌ستێك هه‌ن له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجی كه‌ پێشتر ئاماژه‌م به‌ هه‌ندێكیان داوه‌، ده‌بێ له‌به‌ر چاو بگرێن و هه‌وڵ بدرێ بنه‌بڕ بكرێن." 


لەبەر ئەم سوودە زۆرانەى توێژينەوەكە، دەتوانێت هاوكاربێت لە بونيادنانى ژێرخانى زانستى" ئه‌م كتێبه‌ ده‌كرێ له‌ چه‌ند ڕووێكه‌وه‌ هاوكار بێ بۆ بونیادنانی ژێرخانی زانستی. ده‌كرێ سوودی لێ وه‌ربگیری بۆ هاندانی خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆی كۆیه‌ تا به‌ ته‌واوی ئاگادار بن له‌ سوود و كاریگه‌ریه‌كانی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا نه‌ك ته‌نها بۆ فێربوون و فێركردنی زمان به‌ڵكو بۆ پڕۆسه‌ی خوێندن به‌ گشتی. بۆ زانينتان ئێستا پڕۆپۆزه‌ڵم پێشكه‌ش به‌ به‌شه‌كه‌م كردووه‌ تا بتوانم به‌شداری وێرك شۆپێك بكه‌م به‌ بابه‌تێك له‌ باره‌ی ته‌كنه‌لۆجیای فێركاری و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی و سوود و كاریگه‌ریه‌كانی." 


گومانە نەرێنيەكان دەڕەوێنێتەوە 

ئەم توێژينەوەيە توانيويەتى بيرۆكەى توێژينەوەيەكى ديكە ببەخشێت بە مامۆستا هاوكار "چه‌ند خاڵێك كه‌ جێی سه‌رنجن خراوه‌تنه‌ ڕوو تا له‌ داهاتوودا توێژینه‌وه‌ی تری له‌سه‌ر ئه‌نجام بدرێ. وه‌ هه‌ر لەم توێژينەوەيەوە بيرۆكەى ئەوەم بۆ دروست بوو كە توێژینه‌وه‌یه‌كی تر ئه‌نجام بده‌م له‌سه‌ر به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ فێربوونی زمان." 

دەربارەى وەڵامدانەوەى پرسيارێكى هەنووكەيى لە لايەن توێژينەوەكەوە، بەڕێز مامۆستا هاوكار دەڵێت"ئه‌م كتێبه‌ وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك ده‌داته‌وه‌ كه‌ گومان دروست بكات له‌سه‌ر سوود و كاریگه‌ریه‌كانی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا. هەروەها دڵنیایی ده‌دات به‌ خوێنه‌رانی له‌ باره‌ی سوود و پێشهاته‌ كاریگه‌ره‌كانی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا له‌ پڕۆسه‌ی خوێندن. " 


زانيارى تايبەت 

ناوی سیانی: هاوكار عمر علی 
نازناوی زانستی: مامۆستای یاریده‌ده‌ر 
پسپۆڕی ورد: زمانه‌وانی كاره‌كی (له‌ زمانی ئینگلیزی) 
ژمارەى توێژینه‌وه‌ى بڵاوكراوە : سێ توێژینه‌وه‌ (یه‌كێك به‌ ته‌نیا و دووانیان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مامۆستای تر) 

Comments