مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە لە ليژنەى باڵاى ڕيزبەندى نيشتمانى زانكۆكانى كوردستاندا بوو

News #32, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #32, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ٣٢، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015


بە مەبەستى ڕيزبەندكردنى زانكۆكانى هەرێمى كوردستان لەسەر بنەمايەكى ئەكاديمى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى ليژنەيەكى باڵاى لە كەسانى پسپۆڕ و ئەكاديمى زانكۆكانى هەرێمى كوردستان پێكهێنا تا ئامادەكارى بكەن بۆ ڕيزبەنديەكە، لەم ليژنەيەدا بەڕێز د.سەڵاح ئيسماعيل يەحيا بەڕێوەبەرى دڵنيايى جۆرى زانكۆى كۆيە بەشداربوو، لەم نووچەيەدا بەڕێز د.سەڵاح باسى كارەكانيان دەكات. 

لە ڕوداوێكى مێژووييدا رۆژى سێ شەممە, ڕێکەوتى (٨/١٢/٢٠١٥) لە شارى هەولێر، ڕيزبەندى نيشتمانى زانكۆكانى هەرێمى كوردستان ڕاگەيەندرا كە تێيدا هەريەك لە زانكۆكانى (كۆيە، سەڵاحەدين، سۆران، سلێمانى و زاخۆ) بە پێشەنگى زانكۆكانى هەرێمى كوردستان دياريكران. كليك لێرە بكە


٤٠٠ كاتژمێر كاركردن 

بەڕێز پ.ى.د. سەڵاح ئيسماعيل يەحيا مامۆستايە لە فەكەڵتى ئەندازيارى بەشى ئەندازيارى پرۆگرامسازى، لە هەمانكاتدا بەڕێوەبەرى دڵنيايى جۆرى زانكۆى كۆيەيە و وەك كەسێكى پسپۆر لە ليژنەى ڕيزبەنديەكەدا بوو، لەبارەى كاتژمێرەكانى كاركردنيان بەڕێز يەحيا دەڵێت " تيمى ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكان بۆ ماوەى يەك ساڵ كاريان كردووە، بەڵام بۆ ئامادەكردنى ئەنجامى كۆتايى ساڵى (٢٠١٥) پێويستمان بە ( ٤٠٠ ) كاتژمێر بوو؛ كاركردنيشمان لە سەر بنەماى پرۆسەى بۆڵۆنيا ئەنجام دراوە و تيمێك لە ڕاوێژكاران لە وەزارەتى خوێندنى باڵا پشتگيريان كردووين" 


ديارترين پێوەرەكان كامانە بوون؟ 

بەڕێز د.يوسف گۆران وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى لە ميانەى ڕاگەياندنى ئەنجامى ڕيزبەنديەكە ڕايگەياند بە پشت بەستن بە هەشت پێوەرى سەرەكى و ٥٨ پێوەرى لاوەكى ڕيزبەنديەكە ئەنجامدراوە، بەرێز د.سەڵاح لە پێوەرە سەرەكيەكانيش ئاماژە بە دوو پێوەر دەكات كە لە هەمووان گرنگتربوون " ڕێزبەندى زانكۆكان بە پێى چەند پێوانەيەك ئەنجام دراوە، بەڵام دوو ديارترين پێوانە بريتى بوون لە بڵاوكراوە زانستييەكان و جۆرييەتى. (Thomson Reuters Impact Factor) ، جۆرىيەتى جەختى دەكردەوە لە جۆرى فێركردن، جۆرى بەڕێوەبردن ، جۆرى ژينگەى زانكۆيى، سەلامەتى و تەندروستى، وە پەرەپێدانى پەيڕەو و پڕۆگرامەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێوەرگەلى ديكەش بەشێوەيەكى وورد لەبەرچاوگيراون". 


پرۆسەى خوێندنى باڵا پێش دەكەوێت 

لە كاتى ئامادەكارى بۆ ڕيزبەنديەكە و دواى ڕاگەياندنيشى، گفتوگۆ لە بارەى كاريگەريەكانى ئەم ريزبەنديەوە دەكرێت لە پرۆسەى خوێندنى باڵا لە كوردستان، بۆ ئەمە بەڕێز سەڵاح باسى ئاسۆيەكى ڕوون دەكات كە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا وەك ديدێكى نوێ دروست بووە " لەو كاتەوەى كە پرۆژەى ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى لە حكومەتى هەرێمى كوردستاندا دەستى پێكردووە ، ئاسۆيەكى ڕوون بەدى كراوە كە ئەم پڕۆژەيە دڵنيايى دەدات لە بارەى جۆرى خوێندنى باڵا بە شێوەيەك كە دەبێتە هۆى پێشكەوتنێكى بەردەوام لە ڕێگەى دروست كردنى پێشبڕكێيەكى زانستى لە نێوان زانكۆكان و يارمەتيدانى زانكۆكان بۆ گونجاندنى تێڕوانينەكانيان لەگەڵ تێڕوانينەكانى وەزارەت. لە دواى ڕاگەياندنى ئەنجامى ڕيزبەندييەكە لە بەروارى ( 8 كانوونى يەكەم 2015)، تێڕوانينى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى پێشكەوتنى بە خۆيەوە بينيوە بەو ئاراستەيە : 

١. كار پێكردنى پرۆژەى ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكان لە ژينگەيەكى ئەليكترۆنيدا. 
٢.هاندانى هەموو زانكۆكانى هەرێمى كوردستان بۆ بە كارهێنانى سيستەمى ئەليكترۆنى؛ وە سوود وەرگرتن لە سيستەمى ((Content Management Systems (CMS ) كە بريتيە لە ئەپەكانى گووگڵ بۆ پەروەدە. ئەمە زۆر گرنگە بۆ بە دەست هێنانى فێركردنى دڵنيايى جۆرى ئەليكترۆنى و سيستەمى بەڕێوەبردنى ئەليكترۆنى لە زانكۆكاندا بە بێ هيچ تێچوونێكى دارايى. 

ئەمەش لە كۆتاييدا دەبێتە هۆى بەرزكردنەوەى ئاستى زانستى زانكۆكانى كوردستان و هاتنەپێشەوەى زانكۆكانى كوردستان لە ڕيزبەندى زانكۆكانى جيهان " من لەو باوەڕەدام كە ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكان كاريگەرييەكى بە هێزى دەبێت لە سەر جۆرى فێركردن و توێژينەوە لە زانكۆكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان دا. ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكان تەنها پڕۆژەيەكى ڕيزبەندى نيە ، بەڵكو وا دەكات كە كۆردستان ببێتە ناوەندێكى گرنگ بۆ خوێندنى باڵا؛ وە هەروەها ڕێگە خۆشكەرە بۆ بەرزكردنەوەى پێگەى هەموو زانكۆكانى هەرێم لە ليستى سيستەمى ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆ نێودەوڵەتييەكان." 


خۆدەرخستنى ئەكاديمى لە لايەن مامۆستايانەوە 

مامۆستايان وەك ئامرازێكى سەرەكى لە ڕيزبەنديەكە كاريگەريان هەيە بەڵكو گرنگترين ئامرازن تێيدا؛ بەڕێز د.ديلان مەجيد رۆستەم جێگرى سەرۆكى زانكۆى كۆيە بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا لە بارەى خۆ دەرخستنى ئەكاديميەوە دەڵێت "تەنيا بە خۆ دەرخستنى ئەكاديميانە و بەبێ هيچ فشارێك دەتوانرێت ئاستى زانكۆكان بەرزبكرێتەوە و زانكۆى پلە A لە كوردستان دروست ببێت؛ توێژەرەكان بە بەكارهێنانى سەرچاوەى هەنووكەيى و نوێ دەتوانن ئەنجامى سەرسوڕهێنەر بەدەست بهێنن كە وەڵامدەرەوەى پێويستە زانستى و كۆمەڵايەتييەكانى كۆمەڵگە بێت؛ گرنگە مامۆستاى زانكۆ زمانى ئينگليزى بزانێت وەك ئامرازێكى سەرخستن كە لە پرۆسەى ئەكاديمى لە دونياى ئەمرۆدا پشتى پێدەبەسترێت و لە ڕيزبەندى زانكۆكان حسابى تايبەتى بۆ دەكرێت" كليك لێرە بكە ؛ هەروەها بەڕێز د.سەڵاح بە تەواوى جەخت لەم بابەتە دەكاتەوە و لەبارەى ڕۆڵ و پێگەى مامۆستايانەوە دەڵێت "گرنگترين ئامڕاز لە ڕێزبەندى زانكۆكان بريتييە لە ستافى ئەكاديمى. ڕۆڵى ستافى ئەكاديمى لە بڵاوكردنەوەى بڵاوكراوەكان، بەشدارى كردنى كۆنفرانسەكان، گواستنەوەى زانيارى,، جۆرى فێركردن وە چالاكييە زانستييەكانى تر گرنگە بۆ بەرزكردنەوەى ڕيزبەندى زانكۆ و دەتوانێت هاوكاربێت لە بەدەست هێنانى پلەيەكى باشتر". 

ڕێزبەندى زانكۆكان (ڕانكينگ) 

ڕێزبەندی پرۆسەی پلەبەندی زانکۆکانی جيهانە بۆ دەرخستنی ئاست و بایەخی ئاکادمییان. ريزبەندیەکان لە لایەن چەندین بنکەی ڕيزبەندی ئەکاديمی بە بەردەوامی ئامادە و پێشکەش دەکرێت، وەکو ڕێزبەندی شانگهای (Shanghai Rankingshanghairanking.com)، تایمز هایر ئێدوکەیشن (Times Higher Educationtimeshighereducation.com)، سەنتەری ڕێزبەندی جیهانی (Center for World University Rankings cwur.org. بەهەمان شێوە هەندێ پەیجی جيهانی هەن کە بە شێوەی ڕێزبەندی ئەليکترۆنی بۆ هەموو زانکۆکانی جيهان پرۆسەکە جێ بە جێ دەکەن، وەکۆ وێبۆمترێکس(Webometrics webometrics.info). هەموو ئەم بنکانە پێوەرەکانیان بە شێوەی شەفافە و ڕەچاوی ئەو دياردانە دەکەن کە زانکۆ بە شێوەی گشتی دەردەخات، وەکو ئاستی خوێندکارن، پەیوەندی زانکۆ و بازاری کار، توێژینەوە و داهێنان، ئاستی مامۆستا، ئاستی بەرچاوی زانکۆ لە رووی ئاکادیمی، کارایی زانکۆ لە پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و... هەر بە هەمان شێوە وڵاتان خۆیان هەڵدەستن بە پرۆسەی ڕێزبەندی بۆ بەدواداچونی ئاستی ئاکاديمی و بایەخی ئاکاديمی خۆیان؛ وەک پرۆسەی ڕيزبەندی نیشتمانيی لە هەرێمی کوردستان (NUR) کە وەکو دەستکەوتی مێژوویی بۆ سەرخستنی پەروەردەی ئاکاديمی لە کوردستان رێک خراوە. 

زانيارى تايبەت: 

د.سەڵاح ئيسماعيل يحيى 
نازناوى زانستى : پرۆفيسۆرى ياريدەدەر 
پسپۆرى : ئەندازيارى مايكرۆوەيڤ و پەيوەندييەكان 
بڵاوكراوە : ٤٣ ، ١٣بڵاوكراوەى گۆڤار و ٣٠ بڵاوكراوەى كۆنفرانس 
تەمەن : ٤٦ساڵ 

Comments