مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە حەوتەمين پەرتووكى بڵاوكردەوە

News #12, Issue 11, 2015 | Núcey #12, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ١٢، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015



پ.ى.د. سەفين جەلال، مامۆستايە لە بەشى جوگرافيا لە فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆى كۆيە، رۆژى پێنج شەممەى ڕابردوو ١٠ / ١١ / ٢٠١٥ حەوتەمين كتێبى خۆى بڵاوكردەوە، كتێبەكانى دكتۆر سەفين زۆرينەيان توێژينەوەى زانستيين و بە ئامانجى بونيادنانى زانستى جوگرافيا بە زمانى كوردى و بەردەست خستنى سەرچاوەى پێويست لە بوارى زانستى جوگرافيا نوسراون، وێڕاى ئەو حەوت كتێبە سێ كتێبى ترى لە چاپخانەيە و لە ئاييندەيەكى نزيكدا بڵاودەبنەوە. 


چيرۆكى چاپكردنى كتێبەكان 

دكتۆر سەفين يەكێكە لە مامۆستا بژاردەكانى زانكۆى كۆيە كە ئەو ژمارە كتێبەى بڵاوكردبێتەوە، سەبارەت بە چيرۆكى چاپكردنيان دەڵێت"زۆربەی بابەتە زانستیەكانی ئەم كتیبانەی كەچاپی دەكەم ئەو بابەتانەن كە بۆ كوردستان زۆر پێویستە و بەشێكیان لەزانكۆ دەخویندرێت ،سەرەرای ئەوەی كە زۆر لە كتیبەكانم مەنهەجین واتە لە قۆناغەكانی زانكۆ دەخویندریت ، بەشیكی تری لێكۆلینەوەی زانستین وەك پیشەی ئەكادیمی خۆم وەك مامۆستایەكی زانكۆ بەدواداچونی بۆدەكەم و لیكۆلینەوەی لەسەر ئەنجام دەدەم و دواتر بلاوی دەكەمەوە، هەروەها ئامانجم دروست كردن و بونيادنانى ژێرخانێكى پتەوى زانستى جوگرافيايە بە زمانى كوردى " 

لەبارەى ناوەرۆكى كتێبەكانيەوە، دكتۆر سەفين دەڵێت" ناوەرۆكی كتیبەكان نوسین و تویژینەوە و ئامادەكردنە و هيچ كاميان وەرگيراو نييە و گشتيان لە چوارچێوەى زانستى جوگرافياى سياسيدان" 



كتێبەكان چ بابەتێك دەگرنە خۆ؟ 

هەر كتێبێك جەخت دەكاتە سەر بابەتێكى دياريكراو بە ئامانجى ڕوون كردنەوە و سەرباركردنى زانستيى، لەم ڕووەوە بەڕێز دكتۆر سەفين لەبارەى ئەو بابەتانەى كە پێداگرى تێداكردوون لە كتێبەكانى دەڵێت" تویژینەوەكانم لەچوارچێوەی پسپۆری زانستيی خۆمن كە جیۆپۆليتیك و جوگرافیای سیاسیە ، وەك زانراویشە ئەم بابەتە بابەتێكی هەستیارە و پەیوەندی بە چوارچێوەی هەر هەرێمێكی سیاسیی دا هەیە بە هەرێمی كوردستانیشەوە ، بۆيە زياتر جەختم كردۆتەوە لەسەر بابەتە هەنوكەييەكانى جوگرافياى سياسى لە كوردستان بەهۆى پێگە و گرنگيى بابەتەكە، هەر ئەمەشە كە لە هەموو كتێبەكاندا ئەوەم دووپات كردۆتەوە كە مەبەستى سەرەكيم لە نوسينيان دەوڵەمەندكردنى كتێبخانەى كورديە بە سەرچاوەى زانستى و ئەكاديمى لەم بوارەدا، هەروەها لەبەر گرنگى جيۆپۆلەتيك و دانەبڕانى زانست لە واقعى كۆمەڵگە توێژينەوەكانى ڕابردووم و ئەوانەى داهاتووشم پێداگريكردنە لەو بابەتانەى كە پەيوەنديدارن بە هەرێمى كوردستان و جوگرافيە سياسيەكەى " 



كتێبە بڵاوكراوەكان: 

- رۆلی عیراق لە پرۆژەی رۆژهەلاتی ناوەراستی نوێدا ، لێكۆلینەوەیەكی جیۆپۆلتیكی يە ، چابخانەی شەهاب،2011. 
- شوێنی هەرێمی كوردستانی عێراق (لێكۆلینەوەیەك لە جوگرافیای سیاسی)چابخانەی شەهاب 2012. 
-دیراسات جیۆبولتیكیة، مركز كوردستان للدراسات الستراتجیة، سلیمانیة 2014. 
-بنەما و بنچینەكانی زانستی جوگرافیای سیاسی(كتابیكی مەنهەجیە)چاپخانەی نارین 2014. 
-دیراساتی كوردستانی(هاوبەش لەگەل كۆمەلیك مامۆستای زانكۆ)لە قۆناغی یەكەمی گشت بەشەكانی زانكۆ وەك بابەت دەخوێندریت. 
-جیۆپۆلتیك پێناسە و ناوەرۆك، چاپخانەی نارین 2015- 
-نەوتی هەرێمی كوردستان، شیكردنەوەیەكی جوگرافیای سیاسی،چاپخانەی نارین،2015. 


كتێبە بڵاونەكراوەكان:( لەچاپدان) 

-جوگرافیای هەڵبژاردن ،لە ژێر چاپە لە سەنتەری لێكۆلینەوەی ستراتیجی كوردستان - سلێمانی. 
-جوگرافیای سەربازی ، لە ژێر چاپە ، چاپخانەی نارین ،هەولێر. 
- (دۆزە جیهانە هاوچەرخەكان) كەباس لە هەمو ئەو كیشانە دەكات كە ئەمرۆ بۆتە بابەتی سەركی گرفتە سیاسیەكانی جیهان لەوانە (كۆچ و جیهانگیری و هەژاری و قەتیس بونی گەرما و ،بێكارى و دابەزينى نرخى نەوت و كیشەی تایفی و ....)بەم زوانە بەچاپ دەگەیەندرێت.


زانيارى تايبەت: 

ناو: سەفين جەلال فەتحوڵا 
نازناوی زانستی: پرۆفیسۆری یاریدەدەر. 
پسپۆری ورد: جیۆپۆلتیك 
سالی لەدایك بوون كۆیە: 1969. 
ژمارەی توپژینەوە بڵاوكراوەكان: زیاتر لە 25 تویژینەوە لەگۆڤارەكانی زانستيی عەرەبی و عێراق و زانكۆ جیاجیاكاندا. 
پۆست: ياريدەدەرى ڕاگرى فاكەڵتى پەروەردە . 

دەربارەى فاكەڵتى پەروەردە:

فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆى كۆيە يەكێكە لە فاكەڵتيە سەرەكيەكان ، كادێرى پەروەردەيى بۆ دەزگا پەروەردەييەكانى هەرێمى كوردستان بەرهەم دەهێنێت، ئەم فاكەڵتيە لە سكوڵێك و حەوت بەش پێك دێت، بەشەكانى: مێژوو، جوگرافيا، كوردى، عەرەبى، پەروەدەى ئايينى، باخچەى ساوايان هەروەها سكوڵى پەروەدەى وەرزشى، بۆ زانيارى زياتر دەربارەى سكوڵى پەروەدەى وەرزش كليك لێرە بكە.



ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
Comments