مەڵبەندى ڕاوێژكارى پڕكردنەوەى فۆرمى زانكۆلاين لە زانكۆى كۆيە دەست بەكاربوو

News #15, Issue 10, 2015 | Núcey #15,  Jhimarey 10, Mangí 10 Sallí 2015 | نوچەی ١٥، ژمارەى ١٠ مانگی ١٠ ساڵی 2015


بەڕێز د.شوان عومەر بەڕێوەبەرى تۆمارگاى زانكۆى كۆيە بە نوچەنامەى زانكۆى ڕاگەياند" دواى ڕاگەياندنى كاراكردنى سايتى زانكۆلاين لە لايەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، مەڵبەندى ڕاوێژكارى فۆرمى زانكۆلاين لە زانكۆى كۆيە دەست بەكاربوو كە كارى بريتى يە لە ڕێنمايى  و هاوكاريكردنى خوێندكارانى دەرچووى پۆلى ١٢ى ئامادەيى ، سەرەڕاى پركردنەوەى فۆرمەكە بۆيان"

 

دەربارەى ئەندامان و پێكهاتەى ليژنەكە وتى" ليژنەكە پێك هاتووە لە كەسانى شارەزاى زانكۆمان كە ئەزموونى ساڵانى پێشوويان هەيە، هەروەها نوێنەرى بەڕێوەبەرايەتى پەروەردەى كۆيە بەشدارە تێيدا و بە هەموومان باشترين خزمەتگوزارى پێشكەش بە خوێندكاران دەكەين كە زانكۆمان  وەك ناوەندێكى ئەكاديمى هەڵدەبژێرن بۆ پركردنەوەى فۆرمى زانكۆلاين بە مەبەستى وەرگيرانيان لە زانكۆ و پەيمانگاكانى هەرێمى كوردستان لە ساڵى خوێندنى 2016 – 2015  "

 

سەبارەت بە كات و شوێنى كارى ليژنەكە و مەڵبەندە ڕاوێژكاريەكە، بەڕێز د.شوان وتى" لە ڕۆژى پێنج شەممەوە تاوەكو كاتى كۆتايى هاتنى پڕكردنەوەى فۆرم ئێمە بەردەوام دەبين و رۆژانە لە هۆڵى كتێبخانەى ناوەندى زانكۆى كۆيە لە پێشوازى خوێندكاران دەبين و بۆ ئەم مەبەستە دەتوانن سەردانمان بكەن"

 

دەربارەى ئەوەى خوێندكار لە كاتى هاتنى بۆ شوێنى پڕكردنەوەى فۆرمەكە چى بكات، د. شوان وتى"پێويستە خوێندكار ڕێبەرى وەرگرتن بخوێنێتەوە بە ووردى و ڕێنماييەكان بزانێت ، لە كاتى هاتنيشى كۆد و تێپەڕە وشەى پێ بێت و ئەگەر بتوانێت لە سەر پەڕێك بژاردەكانى خۆى ديارى بكات بە گوێرەى نمرەكەى و ئارەزووى خۆى ئەوا ئاسانكارى دەبێت لە كاتى پركردنەوەى فۆرمەكە"

 

رۆژى ٢٨ / ١٠ / ٢٠١٥ كاتژمێر ١٠ى شەو ، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى كاراكردنى سايتى زانكۆلاينى ڕاگەياند، كە لە ڕێيەوە خوێندكارانى دەرچووى پۆلى ١٢ى ئامادەيى فۆرمى وەرگرتن لە زانكۆ و پەيمانگاكان پڕدەكەنەوە، لەو چوارچێوەيەشدا زانكۆى كۆيە مەڵبەندێكى ڕاوێژكارى بۆ ئاسانكارى خوێندكاران كردۆتەوە.

ئامادەكردنى ژوورى هەواڵ

Comments