ڤێستيڤاڵى هەموومان پێشمەرگەين

News #19, Issue 04, April 2015 | نوچەی ١٩، ژمارەی 4، مانگی 4 ساڵی 2015 | Núcey #19, Jhimarey 04, Mangí 4 Sallí 2015

فێستيڤاڵى هەموومان پێشمەرگەين و دژى تيرۆرستانين بەرێوەچوو

بەچاودێرى بەرێز ( پ. ى. د. وەلى مەحمود حەمەد) سەرۆكى زانكۆى كۆيە، لە ژێر ناونيشانى (هەموومان پێشمەرگەين و دژى تيرۆرستانين) بەشى پەروەردەى ئاينى و بەشى باخچەى ساوايان-ى فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان يەكەمين فێستيڤاڵى هاوبەشيان ئەنجامدا.

رۆژى يەك شەممە ٢٦/ ٤/ ٢٠١٥ كاژێر ٩ى بەيانى لە گۆڕەپانى فاكەڵتى پەروەردە, بە ئامادەبوونى بەرێز پ. ى. د. وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و بەرێزان د.ديلان رۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و د.سەعيد ساڵح ڕاگرى فاكەڵتى پەروەردە و سەرۆك بەش و مامۆستايان و خوێندكاران و بەبەشدارى ژمارەيەك باخچەى ساوايان و خوێندنگەى بنەرەتى و ژمارەيەكى زۆرى مێوان لە شارى كۆيە, فێستيڤاڵى هاوبەشى بەشى پەروەردەى ئاينى و بەشى باخچەى ساوايان دەستى پێكرد.

دكتۆرە رێزان ساڵح سەرۆكى بەشى باخچەى ساوايان بە نوچەنامەى زانكۆى ڕاگەياند "بەهەماهەنگى ليژنەى چالاكى و رۆشنبيرى فاكەڵتى پەروەردە, بەشەكەمان و  بەشى خوێندنى ئايينى ئەم فێستيڤاڵەمان ئەنجامدا "

سەرۆكى بەشى باخچەى ساوايان وتيشى "ژمارەيەكى زۆر كارى دەستى نمايشكراون كەلە لايەن خوێندكارەكانمانەوە دروستكراون و ئەمە دووەمين پێشانگاى كارى دەستى بەشەكەمانە"

لە فێستيڤاڵەكەدا چەندان چالاكى جۆراوجۆر پێشكەشكران لەوانە , نمايشكردنى شانۆگەريەك كە لەلايەن خوێندكارانى بەشى خوێندنى ئايينى ئامادەكرابوو, هەروەها پێشكەشكردنى سرودێك لە لايەن هونەرمەند هونەر ناميق, و خوێندنەوەى پەخشانە شعرێك لە لايەن دێدەوانى يەعقوب, هەروەها لە هۆڵى فاكەڵتى پەروەردە ژمارەيەكى زۆرى كارى دەستى خوێندكارانى بەشى باخچەى ساوايان نمايشكرا لەگەڵ توێژينەوە بڵاوكراوەكانى بەشى خوێندنى ئاينى و چالاكيەكانيان لەو بوارەدا.

دواتر لە هۆڵى سمينارەكانى فاكەڵتى, شانۆگەرى گورگ و بێشەوهەرد لەلايەن خوێندكارانى بەشى باخچەى ساوايان نمايشكرا, شانۆگەريەكە لە لايەن م.ئالان سەعديەوە ئامادە و دەرهێنانى بۆ كرابوو و هەريەك لە خوێندكاران سنور, سوهام, تەنيا و تابان رۆڵەكانيان بەرجەستە دەكرد.

هەروەها خوێندكارەكان خواردنى كوردەواريان ئامادەكردبوو وەك بەشێكى ترى فێستيڤاڵەكە, هەر لە گۆرەپانى فاكەڵتى ڕەشماڵى كوردان هەڵدرابوو و ئامادەبووان بۆ تاوێك لە ژێريدا پشوويان دەدا.

بەشى دووەمى فێستبڤاڵەكە ئێوارە ئەنجام دەدرێت ,كاژێر (4) ى ئێوارە خوێندكاران و مامۆستايانى بەشى باخچەى ساوايان و بەشى پەروەردەى ئاينى لە فاكەڵتى پەروەردە بە دەم سرودى پێشمەرگە و دروشمى پشتيوانيەوە تا پاركى قوڕە بەرازە بەرێدەكەون و لە لايەن سەرۆكى زانكۆ و ستافى مامۆستايان و خوێندكارانەوە وتار و هۆنراوە و پەخشان پێشكەشدەكرێن.