دووەمين ديدارى زانستى

News #14, Issue 04, April 2015 | نوچەی ١٤، ژمارەی 4، مانگی 4 ساڵی 2015 | Núcey #14, Jhimarey 04, Mangí 4 Sallí 2015

زانكۆى كۆيە، دووەمين ديدارى زانستى پەروەردەى ئايينى بەرێوەچوو

رۆژى دووشەممە ١٣/٤/٢٠١٥ كاژێر ٩:٣٠خولەكى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە بە چاودێرى سەرۆكى زانكۆى كۆيە دووەمين ديدارى زانستى پەروەردەى ئايينى بەرێوەچوو. بە ئامادەبوونى بەرێز د.وەلى مەحمود سەرۆكى زانكۆى كۆيە و ڕاگرى فاكەڵتييەكانى زانكۆ و مامۆستايان و خوێندكارانى زانكۆ و ژمارەيەكى زۆر ميوان, دووەمين ديدارى زانستى پەروەردەى ئايينى لەلايەن سكوڵى پەروەردەى ئاينيى فاكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان بە ناونيشانى (ئايين و توندكردارى – تەواوكارى يان دژيەك لە پرۆسەى پەروەردەدا) لە هۆڵى LT1000 ى سەرۆكايەتى بەرێوەچوو. دواى خوێندنەوەى قورئانى پيرۆز لە دەسپێكدا, وتارى فاكەڵتى پەروەردە لە لايەن بەرێز د.سەعيد ساڵح حەمەدەمين ڕاگرى فاكەڵتى پەروەردە پێشكەشكرا و ئاماژەى بەوەدا كە پێويستە گونجاندن بكرێت لەنێوان بەشەزانستييەكان و كێشەكانى كۆمەڵگەدا و لە ڕوانگەيەكى زانستييەوە لێيان بتۆژرێتەوە و قسەيان لەبارەوە بكرێت , پاشان بەرێز دكتۆر وەلى سەرۆكى زانكۆ لە وتەيەكدا وتى " هەموومان دەزانین بابەتی ئایین و بیر و باوەڕی ئاینی فرە هەستیارە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، مرۆڤەكانی سەر زەوی پەنایان بۆ بردوون، بەڵام بەداخەوەین ئەم بابەتە زۆجار ململانێی سەختی خوێناوی بەدوای خۆیدا هێناوە. من چونكە هیچ پسپۆڕی و خولیای ئەم بابەتەم نەبووە هەمیشە لەلای من ئەوە پرسیار بووە كە ئایین بۆ تاكەكان و حوكمڕانی و یاساكانی ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگا و میللەتەكانیش بۆ دەزگاكانی حوكمڕانی دەبێت، بەڵام وەك دەبینین ئەمەش بەپێی گۆڕانی ژیان و جۆری حوكمڕانییەكان زۆر دەستەو یەخەی یەكتر دەبن و ئاڵۆزی و لەیەكتر نەگەیشتن ڕوودەداو مرۆڤایەتی تووشی كارەساتی ناخۆش كردووە. سروشتی مرۆڤ وایە زۆرجار كاری دڵڕەقانە ئەنجام دەدرێت. " هەروەها ئاماژەى بەوەدا كە ئەركی ئێمە زانكۆكان و ئێوەش كەسانی ڕووناكبیر و خوێندەوار ئەوەیە كە بەر لە توند و تیژی و لێك نەگەیشتن بگرین." وتيشى " ناوچەكەمان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی بەڵایەكی گەورە بوەتەوە ئەویش بیر و باوەڕی توند ڕەوی ئایینییە چونكە وادەبینرێ‌ هەر كەس و لایەك كە لەگەڵیان نەبێت واتە دوژمنیانە وە هەمووشمان دەزانین دوژمن چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. كورد لەم نێوەندەدا لەلایەك بێ‌ كیان و بێ‌ دەوڵەت و پارچە پارچەین لەلایەكی تریش ئاینمان هەرگیز بۆ فراوان خوازی و دەسەڵات گرتنە دەست بیر لێنەكردۆتەوە، بەڵكو پێچەوانەكەی بەرامبەرمان كراوە. بۆیە ناكرێت ماوەی ئەوە بدەین ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیمان تێك بچێت و فكری ئیسلامی غەیرە كوردی توندڕەو زیانمان لێ‌ بدات" پاشان پێشكەشكردنى بابەتەكانى كۆنفرانسەكە دەستى پێكرد.

لە يەكەم بابەتدا نوسەر و توێژەر لە بوارى هزرى ئيسلامى بەرێز عەبدولرەحمان سديق پێشكەشكرا بە ناونيشانى (توندوتيژى لە نێوان كلتور و ئاييندا – ئاوردانەوەيەك بۆ دەرئەنجامە گشتييەكان ), لە سمينارەكەيدا ئاماژەى بە ڕەهەندەكانى توندوتيژى كرد لە نێوان كلتور و ئاييندا بە تيشك خستنە سەر تێروانينى جياوازى مرۆڤەكان بۆ دەقە ئايينەكان و بەكارهێنانى بۆ بەرژەوەندى تايبەت هەروەها نوسينەوەى مێژووى ئيسلام بە گوێرەى تێروانينى تايبەت و بەكارهێنانيشيان لە ئێستادا بەبێ لێكۆڵينەوەكردن لێيان لە ڕاستى و دروستييان.

پاشان بەرێز د.حەيدەر لەشكرى پسپۆر لە مێژووى ئايينەكان بە ناونيشانى (توندوتيژى رۆشنبيرى و كۆمەڵايەتى لە نێوان ڕاڤەى دەقەكانى ئيسلام و مێژووى پراكتيكدا – لێكدانەوەيەك بۆ هەوڵە چاكسازييە مێژووييەكان)سمينارێكى پێشكەش كرد. بەرێز لەشكرى لە بابەتەكەيدا ئاماژەى بەوەدا كە تەفسيرى توندوتيژانە بۆ دەقەكان كراوە و لە پێنج بنەما سەرەكيەكەى ئيسلامدا جگە لە توندوتيژى خوودى هيچ توندوتيژيەكى تێدا نييە, وە لە قورئانيشدا توندوتيژى ديناميكيانە هەيە كە زۆرجار دەقەكان بە ماناى گونجاندن نەك بەماناى دەستكاريكردن بەكارهاتوون و ئەو توندوتيژيانەش گشتگيرنين, كێشەكەدا لێرەدا ئەوەيە ئەو گونجاندنەى كە لەسەردەمى پێغەمبەردا هەبووە لە ئێستادا بووەتە سەپاندن و جياوازيەكە لێرەوە دروست بووە. هەركاتێك ئايين يان دەقەكان بۆ مەبەستێكى دياريكراو لەوانە سياسى يان كۆمەڵايەتى بەكارهات, ئەوا ڕاستەوخۆ توندوتيژى نێو دەقەكان دەبنە شەرعى. هەروەها ئاماژەى بەوەدا گەلێك جاران توندوتيژيەكان لەلايەن كەسانێكەوە وەك مەبەست بەكاردەهێنرێن و دەقەكانيش دەبنە بەهانە بۆ توندوتيژيەكان.

دواى پێشكەشكردنى سمينارەكان گفتوگۆى كراوە لەنێوان ئامادەبووان و توێژەران سەبارەت بە ناوەرۆكى بابەتى سمينارەكان بەرێوەچوو. لە پۆستەرى بڵاوكراوەى ديدارەكەدا هاتووە كە ئامانجمان لە لەم ديدارە ئەوەيە "دواى ئەوەى ناوچەكە بەگشتى و هەرێمەكەمان بە تايبەتى لە كاتى ئێستادا رووبەرووى شەرێكى نەخوازراوى گروپێكى توندرەو بە ناوى ئاينەوە بۆتەوە و لەو ميانەشدا بەسەدان رۆلەى گەلەكەمان لە پێناوى پاراستنى سەروەرى و ئازادى و ديموكراتى و ئاينى رۆلەكانى نيشتمان گيانيان بەخشى و بە سەدانى تريش برينداربوون, ئێمە وەكو بەشێكى ئەكاديمى لە بوارى پەروەردەى ئاين لە فاكەڵتى پەروەردە بە پێويستيەكى ناچارەكيمان زانى, كە ديدارى زانستى دووەمى ئەم ساڵمان تايبەت بێت بەو پرسە بە مەبەستى: يەكەم: تيشك خستنە سەر ئەو هۆكارانەى كە پاڵنەرن بۆ ئەنجامدانى سەرجەم ئەو كارە تيرۆريستيانەى گروپى داعش و سەرجەم ئەو گروپانەى تر كە هاوشێوەن لە جيهاندا و دەرخستنى كاريگەرى خراپى ئەو هزرانەيە كە هۆكارن بۆ لەباربردنى پێشكەوتنى كۆمەڵايەتى. دووەم: چارەسەرەكان بۆ دوورخستنەوەى ئايينە ئاسمانيەكان بە تايبەتى ئيسلام لە مەيدانى ململانێى سياسى بۆ مەيدانى پێشكەوتن و يەكتر خوێندنەوە و هەنگاوى شارستانيانە. سێيەم: رۆڵى پەروەردە بە گشتى بۆ كلتورى پێكەوە ژيان و نيشتمانى و شارستانى, دوور لە توندوتيژى ئاينى و زەبر و زەنگى كلتور و تێروانينى ناهاوتا و نا ئاسا بە واقعى هەرێمەكەمان. چوارەم: ئەو بەشە بە ئەركى خۆى دادەنێت كە پارێزگارى لە بنەما سەرەكيەكانى ئايين و هێڵەهاوبەشەكانى مرۆڤى بوون بكات و جەخت لە پەروەردەيەك بكاتەوە كە مايەى پێكهێنانى رۆشنگەرى ديموكراسى و ئاسوودەبوون بێت بۆ هەمووان."


Comments