پرۆژەكانى زانكۆ

News #04 Issue 02, February 2015 | نوچەی 04، ژمارەی 2، مانگی 2 ساڵی 2015 | Núcey #04, Jhimarey 02, Mangí 2 Sallí 2015

سەرۆكى زانكۆ پرۆژەكانى زانكۆى بەسەركردەوە

لەسەردانێكى مەيدانيدا سەرۆكى زانكۆ بەمەبەستى ئاگاداربوون لە ڕەوشى بەشەناوخۆييەكان و پرۆژەى تاقيگەكانى فاكەڵتى ئەندازيارى بەسەركردەوە.
رۆژى چوارشەممە ١١/٢/٢٠١٥ بەرێز دكتۆر وەلى مەحمود سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە ياوەرى بەرێزان دكتۆر رۆستەم سەلام عەزيز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێرى و دارايى و دكتۆر دەريا جەمال حەوێز بەرێوەبەرى بەشە ناوخۆييەكان و مامۆستا محەمەد بابۆڵى بەرێوەبەرى ڕاگەياندنى زانكۆ و ئەندازيار بۆتان ئەنوەر بەرێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكانى زانكۆ سەردانى هەريەكە لە بەشى ناوخۆيى و پرۆژەى تاقيگەكانى فاكەڵتى ئەندازيارى كرد.
لەسەرەتادا لە لايەن دكتۆر دەريا جەمال حەوێز كێشە و گرفتەكانى بەشەناوخۆييەكانى بۆ سەرۆكى زانكۆ باس كردو وتى"سوپاس بۆ گرنگيپێدانى بەرێزتان بە بەشى ناوخۆيي كە يەكێكە لە گرنگترين پێكهاتەكانى زانكۆى كۆيە, گرفتەكانمان زياتر گرفتى تەكنيكن و بۆ كەموكوڕى بيناكان دەگەرێنەوە ئەمەش بەشێكيان بەهۆى كۆن بوونى بيناكان كە لەسەرەتاى دامەزراندنى زانكۆوە هەن, بەشێكيشيان بەهۆى زۆرى لۆدى بيناكان دەگەرێتەوە كە لەتوانايدا نييە ئەو ژمارە زۆرە خوێندكارە لەخۆبگرێت"
هەروەها دكتۆر دەريا ئاماژەى بەهەوڵەكانى خۆياندا بۆ چاككردنى بەشێك لەو گرفتانە و وتى"بە هاوكارى ستافى بەرێوەبەرايەتيەكە توانيومانە ژمارەيەك ژوور دروست بكەين و قەرەباڵغى ژورەكان و لۆدى زۆرى ژوورەكان كەمبكەينەوە " داواشى لە بەرێز سەرۆكى زانكۆ كرد كە هاوكاريان بێت بۆ چاككردنى كەموكوريەكانى تر, بەرێز سەرۆكى زانكۆش وێڕاى دەستخۆشى ڕايسپاردن كە هەموو هەوڵێكى خۆيان بدەن و كاربكەن بۆ ئاسوودەيى خوێندكاران و دابينكردنى پێويستيەكانيان.
دواتر بەرێز سەرۆكى زانكۆ پرۆژەى تاقيگەكانى فاكەڵتى ئەندازيارى بەسەركردەوە كە دەكەوێتە پشت فاكەڵتى ئەندازيارى
لە لايەن بەرێز بۆتان ئەنوەر بەشەكانى پرۆژە بۆ بەرێز سەرۆكى زانكۆ شيكرانەوە و لە هەنگاوەكانى بەرێوەچوون و كاركردن تێيدا ئاگاداركران, دواتر لەگەڵ ستافى سەرپەرشتيارى پرۆژەكە كۆبووەوە 
لە ميانى كۆبوونەوەكەدا بەرێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكانى زانكۆ باسى لە هەنگاوەكانى بونيادنان و دروستكردنى پرۆژەكە كرد كە بەباشترين مەواد و بەرزترين كوالێتى جێ بە جێ دەكرێت.
بەرێز سەرۆكى زانكۆ وتى "وردەكارى و چاودێريكردنى بەردەوام لە لايەن ئەندازياران و سەرپەرشتيارانى پرۆژەكە خالێكى گرنگە بۆ جێبەجێكردنى بەباشترين شێوە و زوترين كات" دواى دەستخۆشى و هيواى سەركەوتن لە كارەكانيان رێنماييشى پێدان چاو لە كەموكورتيەكان نەپۆشن و بەوپەرى دڵسۆزيەوە كارەكانيان ئەنجام بدەن.

Comments