Issue-58-4 لە يادى ڕۆژى جيهانى دەروندروستى ڤيستيڤاڵيك لە زانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو .

ڕۆژى يەكشەمە ڕێكەوتى ١٣ / ١٠ / ٢٠١٩ بە ئامادەبوونى پرۆفيسۆر دكتۆر وەلى محمود حمد ، سەرۆكى زانكۆى كۆيەو پرۆفيسۆری یاریدەدەر دكتۆر ئازاد على اسماعيل ، سەرۆكى بەشى كلينيكەڵ سايكۆڵۆجى و كۆمەڵيك لە مامۆستاو خوێندكارانى زانكۆ.

لەژێر دروشمى ( ڕێگرى لە خۆكوژى ) خوێندكارانى هەرسێ قۆناغى بەشى كلينيكەڵ سايكۆڵۆجى لە هۆلى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە دووەمين ڤيستيڤالى بەشى كلينيكەڵ سايكۆلۆجيان ئەنجامدا .

ڤيستيڤالەكە كۆمەڵيك چالاكى جياوازى لە خۆگرتبوو ، كە بەشێوەيەكى ڕيك خراو ئامادەكارى بۆكرابوو، بەم شێوەيەى خوارەوە .

بەخێرهاتنى ئامادەبووان و باسكردنێك لە ئامانجى ڤيستيڤاڵ ، لەلايەن خوێندكار( ڕەندان وشيار)

دواتر لەلايەن مامۆستا يوسف شيعرێك خوێندرايەوە .

هەربەبۆنەى رۆژى جيهانى دەرووندروستىەوە ، سەرۆكى زانكۆى كۆيە وتارێكى پێشكەشكرد و دەست خۆشى لە سەرپەرشتياران و ڕێكخەرانى ڤيستيڤاڵەكە كرد و كارەكەيانى بەرز نرخاند . هيواى خواست گرنگى زياتر بەبوارى دەروندروستى بدرێت .

دواتر پێنج خوێندكارى بەشى كلينيكەل سايكۆڵۆجى بەناوەكانى (بەسۆز, تەلار, بەنان, سەركار, ڕازاو) هاتنەسەر ستەيجو، هەريەكەيان بابەتێكى تايبەتيان لەبوارى دەرووندروستى پێشكەش كرد .

يەكێكى تر لە چالاكيەكان پيشاندانى ڤيديۆيەك بوو لەسەر خۆكوژى .

دواتر ڕيكخراوى ئەژى بەمەبەستى بەرەنگاربوونەوەى خۆكوژى وتارێكيان پێشكەشكرد .

دواتر لەلايەن كۆمەلێك لە خويندكارانى بەشەكە شانۆگەريەك پێشكەشكرا . بەسەرپەرشتى دكتۆر كەيفى احمد و دەرهێنانى مامۆستا هونەر تاهير . ئەكتەرەكان هەموويان خوێندكارى بەشى كلينيكەڵ سايكۆلۆجى بوون بەم ناوانە ( بڕوا فتاح قۆناغى ٢ ، شێواز شێرزاد قۆناغى ٢ ، فۆاد بارانى قۆناغى ٣ ، شيماء فاخر قۆناغى ٢، توانا رفعت قۆناغى ٢ ، مروە فرهاد قۆناغى ٣ ، ئەندام ئەكرەم قۆناغى ٤ ، شيماء عبدالجبار قۆناغ ٢ ، )

دواين چالاكى ناوهۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ لەم رۆژەدا بريتى بوو لە ، پێشكەشكردنى دوو بابەت لەلايەن هەريەكە لە خويندكار ( ديارى صابر و دكتۆر ازاد على ).

هەرلەم ڤيستيڤاڵەدا لەدەرەوەى هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ ، دوو چالاكى تر ئەنجام دران كە بريتى بوون لە كردنەوەى پيشانگايەكى تايبەت بە بوارى دەرووندروستى ، لەگەل داواكردن لە بەشداربووان بۆ بەشدارى كردن لە تێستە دەروونيەكان .

بە مەبەستى زيارتر روونكردنەوەو تيشك خستنەسەر بابەتەكان و ئامانجە سەرەكيەكان .چەند بەشداربوويەكى ڤيستيڤاڵەكە مان دواند .

ڕەندان وشيار وتى" من خويندكارى قۆناغى چوارەمى بەشى كلينيكەل سايكۆڵۆجيم ، وەك پێشكەشكار لەم ڤيستيڤالەدا دەركەوتم . كارەكەى من بريتى بوو لە وەى كە ئامانجەكانى ڤيستيڤاڵەكەو بڕگەكان و ڕۆلى هەريەكێك لەوبەرێزانەى بەشداربوون لەم چالاكيە جياجيايانە بگەيەنم . كە هەر بەشداربوويەك ڕۆلى خۆى هەبوو لەسەر خستنى ئەم ڤيستيڤاڵە .

يەكێك لە كارەكانى پسپۆرانى دەروندروستى ڕووبەڕوو بونەوەى نەريتە ناشرينەكانى ناوخەڵكە.

ڕەندان وتى " بێگومان ديارە كە بابەتە دەروونيەكان بابەتانێكى تازەو نوێن لەناو كۆمەلگاى ئێمەدا ، زۆر گرنگە هەموو تاكێك گوێبيستى ئەم بابەتانە بێت و هۆشيارى دەرووندروستيان هەبێت . ئەنجامدانى ئەم جۆرە چالاكيانەش هۆكارى سەرەكين بۆ هۆشيارى تاكەكانى كۆمەڵگاكەمان ، بەتايبەتى لەئاستى خوێندكارانى زانكۆ ، كە نەوەى دوارۆژى ئەم ميللەتەن .

وە يەكێك لە ئامانجەكان يان ئەركەكانى ئێمەى دەروونناس ، يان پسپۆرانى ئەم بوارە ئەوەيە ، كە ڕووبەرووى ئەو لەكەو عەيبانە ببينەوە ، كە بەشێوەيەكى بێرەحمانە و نابەرپرسانە دەدرێنە پاڵ ئەو كەسانەى گرفتى دەروونى يان نەخۆشى دەروونيان هەيە. كەئەم نەريتە وا دەكات كەسانى توشبوو ، خۆيان لەسوچێكى مالەكانيان گۆشەگير بكەن و نەوێرن بێنە دەرەوە ، لەبەر ئەو ناو و ناسناوە خراپانەى لێيان دەنێن و پێيان بانگ دەكرێن .

(شێواز شێرزاد و برواحمد ) دووخوێندكارى قۆناغى دووەمى هەمان بەشن ، كە يەكەميان خەڵكى شارى ڕانيەو ئەوى تريان خەلكى شارى سلێمانيە . ڕۆڵى ژنومێرديان بينى لەو شانۆگەريەى كە پێشكەش كرا .

ئەوان وتيان " ئێمە لەشانۆگەريەكە دايكو باوكى گەنجێك بووين كە تووشى نەخۆشى دەروونى هاتبوو ، بيرى لە خۆكوشتن دەكردەوە ، ئەمەش تەواى خێزانەكەمانى تووشى نارەحەتى و خەمو خەفەتكردبۆوە ، تا دواتر لە ڕێگاى كەسانى پسپۆر لەبوارى دەرووندروستى ڕزگار دەكرێت وكورەكەمان دەبێتەوە كەسێكى ئاسايى .

ئەوان وتيان ئامانجى ئێمە لەم شانۆگەريە بريتى بوو لە وەى كە پيشانى بدەين خەڵكانێك يان كۆمەڵێك خانەوادە ئەوەندە بەشتە لاوەكيەكانى ئەم سەردەمە بەتايبەتى بە تۆرەكۆمەلآيىەتيەكانەوە خەريكن ، وايان لێهاتووە ئاگايان لە پەروەردەكردنى منالەكانيان نەماوە ، كە ئەمەش وادەكات گرفت ونەخۆشى دەروونى درووست بێت و ئەگەر كەسانى شارەزا بەفريايان نەكەون لەوانەيە كارەساتى لێبكەوێتەوە .

هەروەها خالێكى تر لە ئامانجى ئەم شانۆگەريە بۆ ئەوە بوو كە زياتر بەشەكەمان بناسێنين و هۆشيارى دەروندروستى بلاو بكەينەوە . چونكە دەكرێ لە ڕيگەى شانۆوە خەلك زياتر بەديارتەوە دابنيشێت وبتناسێت و شارەزاى كارەكانت بێت و پەيامەكەت لێوەرگرێت .

هەندێ جار بازرگانى بە توشبوانى نەخۆشيە دەروونيەكان دەكرێت

(ديار صابر) يەكێكى تر بوو لەو خوێندكارانەى ، كە بابەتێكى لە بوارى دەروندروستى پێشكەش كرد . دەربارەى هۆشيارى دەروونى و لەكەى دەروونى پرسيارمان لێكرد ، ناوبراو وتى "

( بەرزكردنەوەى هۆشيارى دەروونى بەهۆى بوونى بۆشاييەكى گەورە لە زانيارى زانستى دەروونى , بە مەبەستى ئەوەى خەڵكى زياتر بە چەمك و بابەتە دەروونييەكان ئاشناتر بێت و زانيارى سەرەتايى هەبێت ، كە هاوكارى دەبێت لە زۆر حاڵەتدا, بە واتايەكى دى خەڵكى تێبگەين كە هەندێك حاڵەت و گرفت هەن كە تووشى كەسێك دەبن دەروونين لە بنەڕەتدا و ڕوونكردنەوەى زانستييان هەيە ، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى خەڵكى دووربكەنەوە لە ڕوونكردنەوە نازانستييە ئەفسانەييەكان ، كە بەهۆى بەربڵاويان لە نێو خەڵكيدا, كۆمەڵێك كەس ئەم هەلە دەقۆزنەوە و لە ژێر ناوى ئايندا بە تايبەتى بازرگانى بە تەندروستى و دەرووندروستى ئەو كەسانەوە دەكەن كە دەكرێت گرفتى دەروونيان هەبێت.

هەروەها ڕووبەڕووبونەوەى لەكەى دەروونى (ستيگما): ئاشكرايە نەخۆشييە دەروونييەكان لەكەيان پێوەنوسراوە و وەك عەيبە سەير دەكرێن لە كۆمەڵگەى كورديدا، وەلێ ئەم حاڵەتە تەنها تايبەت نييە بە وڵاتە پاشكەوتووەكان لە ڕووى دەروونييەوە و بە نزيكەيى لە سەرجەم وڵاتان كەم تا زۆر ئەم لەكەيە بوونى هەيە. ديارە ڕووبەڕووبوونەوەى كاريگەرى پێويستى بە ستراتيژيەتێكى زانستى هەيە ، كە هيچ هەوڵێكى ئەوتۆى بۆ نەدراوە لە كوردستان, بۆيە ڕووبوڕووبونەوەى تەنها لەڕێى چالاكى و فێستيڤاڵ, نوسين و قسەكردنەوە دەكرێت بە ئەنجام بگەيەندرێت. ئاشكرايە چالاكى ئەمساڵى بەشى كلينيكاڵ سايكۆلۆجى سەنجى سەرەكى خستبووە سەر بابەتى خۆكوژى و ئاشناكردنى خەڵكى بەم بابەتە هەستيارە, تا هاوكاربێت لە كەمكردنەوەى ئەو لەكەيەى پێوەى نوسێندراوە)

چۆنيەتى زانين يان دەست نيشانكردنى ئەو كەسانەى هەوڵى خۆكوژيان داوە . سەرەتايەكى گرنگە بۆ هەموو ئەوكەسانەى ئەركي رزگاركردنى كەسەكەى دەكەوێتە ئەستۆ ، يان بەواتايەكى تر ، پێويستە پسپۆران خۆيان شارەزايى تەواويان هەبێت لە دەست نيشانكردنى هەوڵى خۆكوژى و بەخشينى هۆشيارى و رينمايي بە خەلك بۆ چۆنيەتى دەست نيشانكردنى ئەوكەسانەى هەولى خۆلەناوبردنيان داوە .

لەم بارەيەوە خوێندكار ديار صابر وتى "

( ديارە ئەو كەسانەى هەوڵى خۆكوژى دەدەن بە زوويى دەگەيەندرێنە نەخۆشخانە, دەستنيشانكردنەوەى دەگەڕێتەوە سەر ئاستى كارامەيى ئەو پسپۆڕانەى چارەسەرى هەوڵدەر دەكەن. بوونى شارەزايانى دەروونى و دەروونپزيشكى لە نەخۆشخانەكاندا لەم ڕووەوە زۆر ياريدەدەر دەبێت. چونكە هەندێكجار دەكرێت ناڕوون بێت كە ئايا كەسەكە هەوڵى خۆكوژى داوە, بۆ نمونە لە خراپبەكارهێنەرانى ئەلكهول, ياخود بشاردرێتەوە. بۆيە پێويستە بزاندرێت ئايا كەسەكە هيچ نەخۆشييەكى دەروونى هەيە كە هەندێكيان مەترسى هەوڵدان بۆ خۆكوژى زياد دەكەن لەوانە: خەمۆكى, نەخۆشى دووجەمسەرى, سكيزۆفرينيا (شيزۆفرينيا).



نيشانە ئاگاداركەرەوەكانى خۆكوژى:

گوفتارى:

دووان دەربارەى خۆكوژى ،هەستكردن بە بێهيوايى ، نەبوونى هيچ هۆكارێك بۆ ژيان

هەستكردن بەوەى بارە بەسەر كەسانى ترەوە ، هەستكردن بە گيرخواردن ، ئازارچەشتنێكى بەرگەنەگيراو

 

ڕەفتارى:

زيادبوون لە بەكارهێنانى ئەلكهول و ماددەى هۆشگۆ ، گەڕان بەدواى ڕێگايەك بۆ كۆتايهێنان بە ژيانيان

كشانەوە لە چالاكييەكان ، دابڕان لە خێزان و هاوڕێيان ، ماڵئاواييكردن لە خەڵكى ،بەخشينى شتى بەنرخ ، توندى .

ميزاجى:

ميزاجى خەمۆك ، دڵەڕواكێ ، لەدەستدانى گرنگى ، زوو بێزاربوون ، هەستكردن بە زەبوونى ، توڕەبوونو زوو هەڵچوون ، باشبوونى لەناكاو)

ماوەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە بكەين كە ١٠ ى ئۆكتۆبەر ڕۆژى جيهانى دەرووندروستييە . سالانە لەزۆربەى ولاتانى دوونيا يادى ئەم ڕۆژە دەكرێتەوە ، هەرسالەو بەدروشمێكى نوێ ، دروشمى ئەمساڵ بريتى بوو لە ( ڕێگريكردن لە خۆكوژى ) . مێژووى ئەم ڕۆژە بۆ ساڵى ١٩٩٢ دەگەڕێتەوە . كە دەزگاى جيهانى تەندروستى ئەمڕۆژەيان بە ڕۆژى جيهانى دەرووندروستى دياريكرد .

 

بۆ زانيارى زياتر سەبارەت بە بەشى كلينيكەڵ سايكۆلۆژى و فاكەڵتى زانست و تەندروستى، گرتە لەم بەستەرەى خوارەوە بكە:

http://fsch.koyauniversity.org/

Comments