بانگەوازێک لە ئەنجومەنى زانکۆوە سەبارەت بە ڕێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠)

بانگەواز

 

ئەمڕۆ، یەک شەمە ڕێکەوتى7/ 6/ 2020 کاتژمێر (١١)ی پێش نیوەڕۆ ئەنجومەنی زانکۆی کۆیە، کۆبوونەوەی ژمارە (١٤)ی ئاسایی  ئەمساڵی ئەنجامدا. کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی (ڕێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠) کە بە نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە ٥٣٢٤ لە ١/٦/٢٠٢٠ گشتاندنی پێکراوە.

تێیدا ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاریدا:

١. جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ژمارە (٨) لە (26/ 5/ 2020) کە بە نووسراوی ئاماژە پێکراو لەسەرەوە گشتاندنی بۆ کراوە.

٢- تایبەت بەسیستەمی خوێندنی ساڵانە نمرەی (تێرمی یەکەم) دەکرێتە بنەمای هەڵسەنگاندن و نمرەی کۆتایی ساڵ بۆ سەرجەم خوێندکاران، واتا ئەو خوێندكارانەى كە لە وەرزى يەكەم لە تاقيكردنەوەكان (دەرچوون)، ئەوا بەدەرچوو دادەنرێت بۆ كۆتايى ساڵ. بەلآم سەبارەت بەو خوێندكارانەى كە لە تێرمى يەكەم (كەوتوون) واتە دەرنەچون، (ئەوا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت لە رێكەى پێشكەشكردنى راپۆرتى زانستى يان هەر ميكانيزمێك بە پێدانى ئەرك بەم شێوازەى كە لەگەڵ پسپۆرى و بەشەكە دەگونجێت) بەشێوەيەك نمرەى وەرزى يەكەم لەگەڵ نمرەى هەڵسەنگاندن كۆدەكرێتەوەو هەمان سەنگيان دەبێت.

وە لە كاتێكدا كە خوێندكار لە ئەنجامى هەڵسەنگاندنى كۆتايى دەرنەچوو ئەوا دەكەوێتە خولى دووەم كە دواتر كاتەكەى ديارى دەكرێت.

٣. تايبەت بەو خوێندكارانەى كە تاقيكردنەوەى تێرمى يەكەميان ئەنجام نەداوە ئەوا هەڵسەنگاندنەكەيان بەمشێوەيەى خوارەوە دەبێت:

أ. ئەو خوێندكارانەى كە تاقيكردنەوەى تێرمى يەكەميان ئەنجام نەداوە پاساوى ياسايیان هەبووە ئەوا هەڵسەنگاندنى كۆتاييان لەسەر (١٠٠%) نمرە بۆ ئەنجام دەدرێت.

ب. ئەو خوێندكارانەى كە تاقيكردنەوەى تێرمى يەكەميان ئەنجام نەداوە پاساوى ياسايیان نەبووە ئەوا هەڵسەنگاندنى كۆتاييان لەسەر (٨٠%) نمرە بۆ ئەنجام دەدرێت.

 ٣.خوێندکاری دەرچوو لە ئەنجامەکانی تێرمی یەکەم (ئەوانەى حەزدەكەن نمرەى باشتر بەدەست بهێنن) ئەوا سەرپشك دەکرێت لە دووبارە بەشداری کردن لە هەڵسەنگاندن (بەمەرجێك خۆی داواکاری پێشکەش بە سەرۆکایەتى بەش بکات) وە لەکاتی بەشداری کردن، هەموو نمرەکانی کۆ دەکرێتەوە (واتە نمرەی تێرمى يەكەم لەگەڵ نمرەی هەڵسەنگاندن بە شێوەيەك كە هەمان سەنگيان دەبێت).

٤. خوێندکاری (عبور)، یاخود ئەو خوێندکارانەی (تحمیل)يان هەيە، یان خوێندكارى گەڕاوەی (ترقین قید کراو) لەسەر نمرەی (١٠٠%) هەڵسەنگاندیان بۆ دەکرێت.

٥. بۆ خوێندکارانی سیستەمی سیمستەر: هەموو خوێندکاران لەتەواوی بابەتەکانی (سیمستەری دووەم) هەڵسەنگاندیان بۆ دەکرێت لەلایەن مامۆستای بابەتەکانیانەوەو ئەو نمرەیە دەبێتە نمرەی کۆتایی ساڵ بۆ (خولی یەکەم).

٦. لە ئێستاوە تاوەکو (١٠/ ٦ / ٢٠٢٠) مامۆستایان نمرەکانی بەدەست هاتوو لە (تێرمی یەکەم) لە سیستەمی ساڵانە ڕادەگەیەنن بۆ خوێندکاران، وە لە پەیوەنديدا دەبن بۆ ئەوەی بزانن چ خوێندکارێك دەبێ هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجام بدرێت.

٧. پڕۆسەی هەڵسانگاندنەکان پێويستە لە ماوەى نێوان (١٠/ ٦ / ٢٠٢٠) ەوە دەستپێدەکات تاوەکو (٥/ ٧/ ٢٠٢٠) كۆتايي بێت، كە پێويستە سەرۆکایەتی بەشەکان بەر لەم وادەيە بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی خوێندکاران، ژمارەی بابەتە داواکراوەكان و ماوەی پێویست بۆ هەڵسەنگاندنى هەر يەكێكيان دیاری بكەن بەپێی خشتەیەك وە  خوێندکاران و مامۆستايانى لێ ئاگادار بکرێتەوە.

٨. ئەنجومەنی فاکەڵتی و سکوڵ و بەشەکان سەرپشكن بەپێی تایبەتمەندی وانەکان و بەشەکان (ڕاپۆرتی زانستی، یان assignment ، یاخود هەر هەڵسەنگاندنێکی دۆکیومێنت کراو بە شێوەی ئەلیکترۆنی) بۆ خوێندکاران ئەنجام بدەن.

٩. لەسەر ئاستی هەر چوار فاکەڵتی و هەردوو سکوڵ لیژنەی تاقیکردنەوەکان پێک دەهێنرێت. کەوا باشترە سەرۆکی بەش یان بڕیاردەری بەشەکانیان تێدابێت.

١٠. بەمەبەستی ئاشنا بوون بە پرۆسەى هەڵسەنگاندن (واتە ناونيشان و جۆرو قەبارەى راپۆرت يان هەر ميكانيزمێكى ترو وادەى ئەنجامدانى هەڵسەنگاندن) پێويستە خوێندكاران راستەوخۆ پەيوەندى بە مامۆستايانى بابەت و سەرۆكى بەشەكانەوە بكەن.

١١. لە کاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتە زانستییەکانی خوێندکاران (راپۆرتى کۆپی پەیست) بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناکرێت، وە لەهەمان کاتدا ئەگەر (٢) ڕاپۆرتی زانستی  ئەگەر رێژەى لە يەك چونيان (٧٥%)يان  زیاتر بێت، ئەوا بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناکرێت.

١٢. ئەنجومەنی زانکۆ داوا لە خوێندکاران دەکات، کە هاوكارى تەواوى مامۆستايان و بەشە زانستیيەكانى خۆيان بكەن، چونكە ئەم بڕيارانە لە بەرژەوەندى ئەوان دراوە، بە پێچەوانەوە هەر خوێندکارێك بەشدارى هەڵسەنگاندنەكان نەكات دەكەوێتە خولى دووەم.

 

ئەنجومەنی زانکۆ کۆیە

٧/ ٦/ ٢٠٢٠

Ċ
Press Room ژوورى ميدياى زانكۆى كۆيە,
Jun 7, 2020, 12:46 PM
Comments